دەقی ووتارەکەی (مەزڵوم کۆبانی) ...


فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: بۆچی ھێزەکانی هەسەدە لە کۆتاییدا ئامادەبوون لەگەڵ حکومەتی سوریادا ڕێکبکەون؟.

"ئەگەر ناچاربین لە نێوان جینۆساید و سازشكردندا یەكێكیان هەڵبژێرین، ئێمە خەڵكەکەی خۆمان هەڵدەبژێرین"

جیھان سەرەتا گوێی لێگرتین، ھێزەکانی سوریای دیموکرات (‌هەسەدە) لەناو جەرگەی کابوس لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەماندان. من وەک فەرماندەی بەرپرسیار خزمەتدەکەم، ھەسەدە ٧٠ ھەزار سەربازی ھەیە کە لەساڵی ٢٠١٥ەوە دژی جیھادیستییە توندڕەوەکان، دژی ڕقی نەتەوەیی و چەوسانەوەی ژنان خەباتیان کردووە.

ھەمیشە بە ھێزەکانمانم وتووە، ئەمە شەڕی ئێمەیە، جیھادییە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری دنیاوە ھاتن بۆ سوریا، ئێمە تاکە ھێزین دەبێت دژیان بجەنگین، لەبەرئەوەی وڵاتیان داگیرکردووین، گوندەکانمانیان تاڵانکردووە، مناڵەکانمایان کوشتووەو و ژنەکانیشیان بە کۆیلە گرتووە.

ئێمە ١١ ھەزار سەربازمان شەھید بووە، لە ھەرە باشترین سەرباز و فەرماندەکانمان، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکەکەمان لەم مەترسییە گەورەیە. من ھەمیشە ڕێنماییم داوەتە سەربازەکانمان ئەمریکییەکان ھاوپەیمان و ھاوبەشمانن، دەبێت ھەمیشە لەوە دڵنیابین کە زیانیان پێ نەگەیەنین.

لە چەقی ئەم شەڕە بێسەروبەرەدا، ئێمە ھەمیشە ئەخلاق و پرنیسپەکانی خۆمان پاراستووە، بەپێچەوانەی گروپەکانی ترەوە. ئێمە ئەلقائیدەمان بەزاند و دەوڵەتی ئیسلامیمان (داعش) تێکشکاند. لەھەمانکاتیشدا سیستمێکی بەڕێوەبەریمان لەسەر بنەمای حکوومەتی خۆجێی و فرەیی و جیاوازی سیاسی دامەزراند. خزمەتگوزاریمان لەڕێگای ئەم حکوومەتە خۆجێیانەوە بە ھاوڵاتیانی عەرەب، کورد، سوریانییە مەسیحییەکان پێشکەش کرد.
ئێمە داوای سوریایەکی فرەییمان کرد کە ناسنامەی نیشتیمانی ھەمووان بگرێتەوە. ئەوەش ڕوانگەی ئێمەیە بۆ داھاتووی سیاسی سوریا، کە فیدراڵی نامەرکەزی بێت و ئازادی ئاین دابین بکات و رێز لە جیاوازییەکان بگرێت.

ئەم ھێزەی کە من فەرمادەیم، ئێستا سێ لەسەریەکی خاکی سوریای دەپارێزێت لە داگیرکاری تورکیا و ھێزە جیھادییە بەکرێگیراوەکانی. ئەم ناوچەیە لە سوریا ناوچەیەکی ئارام بووە بۆ پەنابەران و خەڵکانێک کە ڕزگاریان بووە جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی کە تورکیا پێی ھەڵساوە دژ بە کورد، سوریان، ئاشووری و ئەرمەنەکان لە دوو سەدەی ڕابووردوودا.

ئێمە ئێستا پاسەوانی لە ١٢ ھەزار تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکەین، و شانمان داوەتە بەر ئەرکی قورسی بەخێوکردنی ژن توندەڕەوەکان و مناڵەکانیان. ھەروەھا ئەم بەشەی سوریامان پاراستووە لە میلیشیا ئێرانییەکان.

کاتێک کەس لە جیھان پشتیوانی نەکردین، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی ھاوکاری بۆ درێژکردین، دەستمان گوشین و پێزانیمان پیشاندا بەرامبەر ئەو پشتیوانییە سەخاوەتیانە. لەسەر داوای واشینتۆن ئێمە ڕازی بووین چەکە قورسەکانمان لەسەر سنوورەکانی تورکیا بکشێنینەوە، سەنگەرەکانی بەرگریمان لەبەرامبەر تورکیا تێکبدەین، باشترین سەربازە ڕاھێنراوەکانمان بکشێنینەوە، لەبەرامبەردا تورکیا ھەگیز ھێرش نەکاتە سەر ئێمە ھەتا حکوومەتی ئەمریکا خاوەنی بەڵێنی خۆی بێت لەمبارەوە.

بەڵام ئێستا ئێمە بەسنگی ڕووتەوە بەرامبەر چەقۆی تورکیا وەستاوین.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ دەمێکە پەیمانی داوە ھێزەکانی بکشێنێتەوە، ئێمە لەوە تێدەگەین و ھاوھەستیمان ھەیە، باوکەکان ئەیانەوێت مناڵەکانیان بە خەندەی سەرلێوانەوە ببینن، خۆشەویستەکان دەیانەوێت گوێبیستی چرپەی دڵدارەکانیان بن، ھەموو کەس دەیەوێت بگەڕێتەوە ماڵی خۆی.

ئێمە داوای ناکەین ھێزەکانی ئەمریکا شەڕ بکەن، دەزانین ئەمریکا پۆلیسی جیھانی نییە، بەڵام دەمانەوێت ویلایەتە یەکگرتووەکان دان بەڕۆڵی گرنگی خۆیدا بنێت بۆ گەیشتن بە چارەیەکی سیاسی لە سوریا، ئێمە دڵنیان واشینتۆن بەشی ئەوە کاریگەری ھەیە نێوەندگیری بۆ ئاشتییەکی سەقامگیر لەنێوان ئێمە و تورکیادا بکات.

ئێمە بڕوامان بە دیموکراسی وەک چەمکێکی بنەڕەتی ھەیە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی داگیرکاری تورکیا و ھەڕەشە ھەمیشەییەکانی و ھێرشەکانی بۆ سەر خەڵکەکەمان، ناچارین چاوبخشێنینەوە بە ھاوپەیمانێتیەکانماندا، ڕووسیا و ڕژێمی سوریا دەستپێشخەرییان کردووە کە دەتوانن ژیانی ملیۆنان لە گەلەکەمان بپارێزن، ئەو خەڵکەی لەژێر پاراستنی ئێمەدان. ئێمە بڕوامان بەم پەیمانەی ئەوان نییە، ڕاستیتان دەوێت، زۆر قورسە بزانیت کە متمانە بەکێ بکەیت.

ئەوەی ڕوونە کە ھەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی ھێشتا ماوە، تۆڕ و شانە نووستووەکانیان توانای ئاژاوەنانەوەیان ھەیە. ژمارەیەکی زۆر لەم دیلە داعشانە لەزیندانگەلێکدان کە وەک پێویست نییە و ئەمانە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراون و لەھەرکاتێکدا ئەگەری تەقینەوەیان ھەیە.

ئێمە دەزانین کە ناچاردەبین سازشێکی بەئازار لەگەڵ مۆسکۆ و بەشار ئەل ئەسەد بکەین، ئەگەر بێت و بڕۆین لەگەڵیان کاربکەین. بەڵام ھەر ناچاربین لەنێوان سازش و جینۆسایدی گەلەکەماندا ھەڵبژاردن بکەین، ئەوا بەدڵنیاییەوە ژیانی خەڵکەکەمان ھەڵدەبژێرین.

سوریا دوو چارەی لەبەردەمە: شەڕێکی توندڕەوی ئاینی و نەتەوەیی خوێناوی گەر ئەمریکا بکشێتەوە بەبێ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسی. یانیش ئایندەیەکی ئارام و سەقامگیر بەڵام ئەمە لەکاتێکدا ئەمریکا دەسەڵاتی و پێگەی خۆی بەکاربھێنێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پێش کشانەوەی ھێزەکانی.

ھۆکاری ئەوەی کە ئێمە بووین بەھاوپەیمانی ئەمریکا، بڕوای تەواوەتیمان بوو بە دیموکراسی، ئێمە نائومێد و بێزارین لەم قەیرانەی ئێستا، گەلەکەمان لەژێر ھێرشدایە، ئاسایشی ئەوان نیگەرانی گەورەی ئێمەیە. دوو پرسیار پێویستیان بە وەڵامە: چۆن دەتوانین بە باشترین شێوە گەلەکەمان بپارێزین؟ ھەروەھا ئایا ھێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکان ھاوپەیمانمانە؟

مەزڵوم عەبدی
١٣ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩
فۆرین پۆلیسی
وەرگێڕانی: وریا حەمە تاھیر
به‌روار:  15/10/2019
534   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   787
کۆی سه‌ردان:   29247166