هەسەدە سوپاسی چەند وڵات و سەرکردەیەک دەکات
 ڕۆژی شەممە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەسەدە، بەبۆنەی دەربڕینی هاوسۆزی و پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان، سوپاسی کۆمەڵێک وڵات و چەند سەرکردەیەکی جیهانی کرد و داواشی لە ئەمریکا کرد بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر کورد هەڵگرێت.

رێدوور خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەسەدە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سوپاسی کۆمکاری عەرەبی دەکەین بەتایبەتی میسر، سعودیە، ئیمارات و بەحرەین و سەرجەم وڵاتانی ئەندامی کۆمکارەکە.

راشیگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات، سوپاسی یەکێتیی ئەوروپا دەکات بە تایبەتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرجەم حکومەتەکانی یەکێتییەکە کە هاوسۆز و هاوهەڵوێست بوون لەگەڵیاندا.

هاوکات، داوای لە ئەمریکا کرد بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر کورد هەڵگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتای هێرشەکانی تورکیاوە تاوەکو ئێستا ٤٥ شەڕەڤان شەهیدبوون و نزیکەی ٢٠٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون.

روونیشیکردەوە، ئەو شەڕەڤانانەی ئێستا شەهید دەبن هەر ئەوانەن کە داعشیان تێکشکاند و ئەم شەڕە بۆ ئازادییە و تا کۆتایی بەردەوام دەبن و شەڕی مان و نەمان دەکەن.

ماوەی چوار ڕۆژە هێرشی ئاسمانی و زەمینی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا بەرگرییەکەی سەخت دەکەن و نزیکەی 200 هەزار کەس بوهۆی تۆپبارانەکانەوە ئاوارەبوون
به‌روار:  13/10/2019
380   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   287
کۆی سه‌ردان:   29253756