لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دانیشتنی دادگایکردنی دەمیرتاش بەڕێوەچوو
دانیشتنی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە باڵەخانەی دادوەرانی باڵای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بەڕێوەچوو.
شاندی هەدەپە و سەزایی تەمەلی هاوسەرۆکی هەدەپە، باشاک دەمیرتاش هاوسەری سەلاحەدین دەمیرتاش و شاندی جەهەپە کە سەزگین تانریکۆلۆ پەرلەمانتاری جەهەپەشی تێدابوو، بەشدارییان لە دانیشتنەکەی دادگادا کرد.
پارێزەران پڕۆفیسۆر دکتور باشاک چالی و دکتور کەرەم ئاڵتنپارماک و ماحسونی کارامان و ڕەمەزان دەمیر و ئایگول دەمیرتاش بەرگرییان لە سەلاحەدین دەمیرتاش کرد.
پارێزەران بەرگرییان کرد
پارێزەران ڕایانگەیاند، بۆ ئەوەی دانوستانەکان لەنێوان عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بەرپرسانی دەوڵەت دا سەربکەوێت، دەمیرتاش ڕۆڵی گێڕاوە.
پارێزەران وتیان، دەمیرتاش بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرکراوە و کراوەتە ئامانج و لە کارە سیاسییەکانی بێبەشکراوە.
پارێزەران هەروەها ڕایانگەیاند، ئەردۆغان فەرمانی دا و دۆسیە ئامادەکران و کودەتای ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ / ١٤ی گەڵاڕێزان ئەنجامدرا و سیاسەتمەداران دەستگیرکران.
پاریزەران باسیان لە ٩ بیانووی دەوڵەتی تورک بۆ دەستگیرکردنی دەمیرتاش کرد و ئاماژەیان بەوەدا، قسەکانی دەمیرتاش سیاسین. کاتێک دەمیرتاش هاوسەرۆکی دووەمین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بوو ئەو لێدوانانەی داوە. قسەکانی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن کراوە بە بیانووی دەستگیرکردن.
میجاتۆڤیچ: یاسای تورک بووەتە میکانیزمی چەوساندنەوە
کۆمسیاری مافی مرۆڤی ئەوروپا دونجا میجاتۆڤیج بەشداری دانیشتنی دادگای کرد و ڕایگەیاند، لە تورکیا زیان بە سەروەری دادگاکان گەیشتتووە و دادگا بۆ چەوساندنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەکاردەهێنرێت.
هەرووەها نزیکەی ٢٩ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی سۆسیالیست و پارتی سەوز لە پەرلەمانی ئەوروپادا چاودێریی دانیشتنەکەیان کرد.
فورات نیوز
بهروار: 18/09/2019
377 جار خوێندراوهتهوه
|