نەتەوە یەکگرتووەکان: نیو ملیۆن موسڵمانی بۆرما مەترسیی جینۆسایدیان لەسەرە
دوای دوو ساڵ لە کۆتا کۆمەڵکوژکردنی موسڵمانانی ڕۆهینگیا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ٦٠٠ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی مەترسیی جینۆسایدیان لەسەرە.

دوای دواى ساڵى ٢٠١٧ و کۆتا کۆمەڵکوژکردنی موسڵمانانی ڕۆهینگیا، هێشتا ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵکوژییەکی تر ئەگەرێکی کراوەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لێکۆڵەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکیاندا ڕایانگەیاند، نزیکەی ٦٠٠ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی، کە لە بۆرمادا ماونەتەوە، "مەترسیی جددی جینۆسایدکردنیان لەسەرە."

لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئەو لێکۆڵەرانە باسیان لەوە کردووە، بۆرما بەردەوامە لە "نیازی جینۆسایدکردن"ی گەلی موسڵمانی ڕۆهینگی، ئەمەش دوای دوو ساڵ لێکۆڵینەوە و دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بۆرماوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانی بۆرماوە هەزاران موسڵمانی ڕۆهینگی کوژراون و زیاتر لە ٧٤٠ هەزار هاووڵاتیی ڕۆهینگیش ئاوارەی بەنگلادیش بوون، بەبێ ئەوەی ژمارەی کوژراوەکان خرابێتەڕوو.

هەروەها داوای لێکۆڵینەوە لە جەنەراڵە باڵاکانی سوپای بۆرما کراوە، لەناویاندا مین ئاونگ هلاینگ سەرۆک ئەرکانی سوپای بۆرما.

سەرەڕای ئەوەش، حکومەتی بۆرما ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەتکردووەتەوە. زاو مین تون وتەبێژی سوپای بۆرماش زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەی بە "تاکلایەنە" ناوبردووە و وتووشیەتی، "لەجیاتی تۆمەتبارکردنی لایەنگرانە، ئەوان پێویستە لەسەر ئەرزی واقیع ڕاستییەکان ببینن."

٢٥ی ئابی ٢٠١٧ لە ویلایەتی ڕاخین دوایین هێرشی سوپای بۆرما و بوزییەکان بۆسەر گەلی ڕۆهینگیا دەستیپێکرد و بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە هێرشەکاندا جگە لە چەک سوتاندن بە ئاگریش بەکارهاتووە و بەهۆی هێرشەکانیشەوە زیاتر لە ٢٤ هەزار هاووڵاتی کوژران، کە منداڵی چوار مانگ لەنێویاندا بوو، دەستدرێژیی سێکسیش کرایە سەر زیاتر لە ١٨ هەزار ئافرەتی ئەو گەلە، جگە لە سوتاندن و ڕووخاندن و وێرانکردنی دەیان هەزار گوند و ناوچە.

میانمار دەکەوێتە باشورى ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئاینی بودیزم پەیڕەو دەکەن، هاوسنوره ‌له‌گه‌ڵ هیندستان و به‌نگلادیش و چین و تایلاند، بەپێی ئامارێکیش لە ساڵی ٢٠١٦دا ژمارەی موسڵمانە ڕۆهینگییەکانی وڵاتەکە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە.

ئێن ئاڕتی 
به‌روار:  18/09/2019
578   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   322
کۆی سه‌ردان:   29232247