گەرما 1500 کەسی کووشتووە لە فەرەنسا
وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا ئاشکرایدەکات، بەهۆی دووشەپۆلی گەرماوە کە کەمتر لە ٢٠ ڕۆژی خایاندووە لە فەرەنسا هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی دووشەپۆلی گەرماوە لە کۆتایی مانگی حوزەیران و تەموزی ئەمساڵ کە کەمتر لە ٢٠ ڕۆژی خایاندووە هەزار و ٥٠٠ کەس لە فەرەنسا گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە شەپۆلی یەکەم لە ٢٤ی مانگی حوزەیران بۆ ٧ی تەموزی ئەمساڵی خایاندووە و شەپۆلی دووەمیش لە ٢١ بۆ ٢٧ی تەموزی خایاندووە و بە هۆیەوە هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، وەزارەتی تەندروستی فەڕەنسا، ئەوەشی خستوەتەڕوو کە ٩٧٤ کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لە سەرووی ٧٥ ساڵ بووە.

لای خۆشیەوە ئانیس بوزین، وەزیری تەندروستی فەڕەنسا لە لێدوانێکیدا بۆ گۆڤاری نیوزویک-ی ئەمریکی ئامارەکەی بە ترسناک وەسف کردووە و ئاماژەی بە ترسناکی دیاردەی "گەرمبوونی زەوی" کردووە.

پێشتر و لە ساڵی ٢٠٠٣دا شەپۆلێکی گەرمای بەهێز ئەوروپا بە گشتی و فەڕەنسای گرتەوە و بەهۆیەوە لە سەرجەم ئەوروپادا ٧٠ هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا کە ١٥ هەزار کەسیان لە فەڕەنسا بوون.

لەو بارەیەوە وەزیری تەندروستی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەداوە، کە لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەمساڵدا بەروارد بە ساڵی ٢٠٠٣ لە فەڕەنسا گیانیان لەدەستداوە زۆر کەمترە بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەو ئامادەکارییانەی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەرما دابینیکردووە ڕێژەکە بەرزبووە.

ڕۆژنیوز
به‌روار:  09/09/2019
619   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   170
کۆی سه‌ردان:   29231405