کورتەنامەی شیعریی (بەشی هەشتەم)


بۆ هەرکوێ بڕۆی کەنیشکە
شوێن پێیەکانت هەنگاوی منە
* * *
هەروەك دەڵێن:
خودا تەنهایە..
بۆ زانیاریت
لە خودا تەنهاتر ئەمنم.
* * *
پێکم دانە..
سەرین دانە،
من هەر خۆمم..
دەپێمبڵێن
خەمی کامیان بخۆم،
ئێستا ئەمن؟؟!
* * *
هیچ شتێك
هێندەی دوری تۆ وەرسم ناکات
گەر دەتەوێت وەڕس بم
دە، دوربە لێم.
* * *
هەموو کەس لەیلای خۆی پێ جوانە
هەر بۆیە،
ناشیرین.. بە لەیلای کەس ناڵێم
تا کەس..
بە لەیلام، نەڵێت ناشرین.
* * *
میوانێکی رەزا گران و
یەکێکی دیکەی ئێسك سووك
پێویستان بە خوڵق نییە
یەکەمیان مەرگە و
دوەمیان، ئەتۆی، خانمەکەم.
* * *
دەستم بگرە و سەرپشك بە
بۆکوێم دەبەی بمبە
بێگومان بە،
ئەو شوێنەی کە، دڵت گرتی..
ماڵی منە.
* * *
منداڵت دیوە، بۆ یەکەم جار
دەچێتە ژێر باران و خوازیارە
تنۆکە باران بگرێت؟
منیش ئاوها، گەردنی تۆ.
* * *
نازانم
دەست وەردێنمە نێو سینەت
یا، دەم بنێمە نێو دەمت؟؟
بەم دەست و دەمە،
هەردووکیان بکەم
هێشتا، لام کەمە

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ڤالبی
به‌روار:  07/09/2019
434   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   942
کۆی سه‌ردان:   29256102