400 پەنابەری کورد لە زیندانەکانی تورکیان
خەندان-

سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران ئاماری پەنابەرە دەستگیركراوە عێراقییەكانی گرتوخانەكانی توركیای بۆ خەندان ئاشكراكردو راشیگەیاند،"ماوەی 11 ساڵە هیچ نوێنەرێکی کورد لەوڵاتانی ئەوروپا و توركیا بەردێکی نەخستوەتە سەربەردێک بۆ هاوكاریكردنی پەنابەران".ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران بە خەندان-ی ڕاگەیاند،"ماوەی 11 ساڵە من لە پرسەكانی پەنابەران کاردەکەم تائێستا لەو ماوەیەدا هیچ نوێنەرێکی کورد لەوڵاتانی ئەوروپا و توركیا بەردێکی نەخستۆتە سەر بەردێک لە هاوکاریکردنی پەنابەران".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردودا هاوکاری گێڕانەوەی تەرمی 70 بۆ 80 پەنابەری کردوین
 

سەرۆکی دەزگای لوتکە، ئەوەشی خستەڕو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردودا هاوکاری گێڕانەوەی تەرمی 70 بۆ 80 پەنابەری کردوین و تەنها ئەو هاوکاریە کراوین".

ئەو پەنابەرانەی لە ئێستادا لەگرتوخانەکانی تورکیا دەستگیرکراون ژمارەیان لەنێوان 800 بۆ 950 پەنابەری عێراقی دەبێت
 

سەبارەت بە ئاماری ئەو پەنابەرانی لە ئێستادا لە گرتوخانەكانی توركیادا زیندانن، ئاری جەلال رایگەیاند،"ئەو پەنابەرانەی لە ئێستادا لەگرتوخانەکانی تورکیا (ئیدرنە، ئەزمیر، چەنەکەلە، غازی عەنتاب، ئەستەمبوڵ، وان) دەستگیرکراون ژمارەیان لەنێوان 800 بۆ 950 پەنابەری عێراقی دەبێت کە ڕێژەیەکی بەرچاویان لە ژن و منداڵ پێكهاتون.

لەنێوان ژمارەی دەستگیرکراوەکاندا لانی كەم 400 پەنابەریان دانیشتوی هەرێمی كوردستانن
 

وتیشی" لەنێوان ژمارەی دەستگیرکراوەکاندا لانی كەم 400 پەنابەریان دانیشتوی هەرێمی كوردستانن.

دەربارەی جۆری سزای ئەو تۆمەتبارانە، ئاری جەلال رونیكردەوە، "بەشێك لەو پەنابەرانە بە تۆمەتی قاچاخچێتی و تاوانی كوشتن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون كە ژمارەیان نزیكەی 90 كەس دەبێت و سزای ساڵێك زیندانی بۆ سەرەوە دراون، ئەوانی دیكەش بە سزای 3 مانگ تا ساڵێك سزا دراون بە تۆمەتی سنور بەزاندن".

لەئێستادا 7 بۆ 8 پەنابەری خەڵكی سلێمانی، لەلایەن حكومەتی توركیاوە رەوانەی سنورەكانی سوریا كراونەتەوە 
 

سەرۆكی دەزگای لوتكە راشیگەیاند،"لەئێستادا 7 بۆ 8 پەنابەری خەڵكی سلێمانی، لەلایەن حكومەتی توركیاوە رەوانەی سنورەكانی سوریا كراونەتەوە و ئێمە لە هەوڵداین سۆراغیان بزانین، بۆ ئەو مەبەستەش هەمو كەناڵەكانی پەیوەندی كردن و نوێنەرانی دەزگای لوتكەمان خستوەتە سەر خەت".
به‌روار:  05/09/2019
928   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   695
کۆی سه‌ردان:   29318884