چیرۆكی كوژرانی ژنە كوردێكی بەریتانیا دەكرێتە دراما
رووداو 

13 ساڵ دوای رووداوەكە، چیرۆكی بەناز مەحموود كە بەدەستی كەسوكاری كوژرا، دەكرێتە درامایەكی تەلەفزیۆنی. چیرۆكی دراماكە لەبارەی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی كوژرانی ئەو ژنەیە، خوشكی بەناز پێیوایە ئەو درامایە باسی خوشكی ئەو ناكات.

چیرۆكی دراماكە لەبارەی هەوڵەكانی لێكۆڵەرێكی پۆلیس بەناوی كارۆلین گوودە كە لە 2006 هەوڵی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانی كوشتنی بەنازی دابوو. كارۆلین لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (زی سان)ی بەریتانی دەڵێ: "لە زۆربەی كەیسەكانی كوشتندا مەسەلەكە ئەوەیە دادپەروەری بۆ خێزانەكە بگەڕێنیتەوە، بەڵام لەو كەیسەیاندا دەمویست هەق بۆ بەناز بگەڕێنمەوە". ئەوەش سەرەڕای هەوڵەكانی خێزانەكەی بۆ پەردەپۆشكردنی رووداوەكە.

هەواڵی دروستكردنی دراماكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ناڕەزایەتی لێكەوتووەتەوە و بەرهەمهێنەرانی دراماكە لە تەلەڤزیۆنی  (ITV)ی بەریتانی بە پەردەپۆشكردنی چیرۆكەكە تۆمەتبار دەكرێن، بەڵام بەرپرسانی تەلەڤزیۆنە بەریتانییەكە دەڵێن ئەوان لەگەڵ خوشكی بەنازدا قسەیان كردووە و رێگەیان پێدراوە.

پاییز مەحموود، خوشكی بەناز، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (بی بی سی)ی بەریتانی دەڵێ: "بەڕاستی ئەوە لای من جێی قەبووڵ نییە كە دەبینم ئەوان ئەو گۆشەیەیان هەڵبژاردووە كاری لەسەر بكەن، چونكە ئەمە چیرۆكی بەناز نییە، ئەمە چیرۆكی كەسێكی دیكەیە".

سیناریۆی درامای شەرەف  (Honour) لەلایەن گوینیس هیوز، دەرهێنەر و سیناریۆنووسی بەناوبانگی بەریتانییەوە نووسراوە و ئەكتەری بەناوبانگی بەریتانی كیلی هیوز رۆڵی كارۆلین گوود دەگێڕێ. گوتەبێژی (ITV)  بە رۆژنامەی (زی سان) دەڵێ: "گوینیس هیوز، كە سیناریۆی شەرەفی نووسیوە، بە درێژی لەگەڵ پاییزی خوشكە بچووكی بەنازدا قسەی كردووە"، بۆ ئەوەی رەزامەندییان بداتێ. 

پاییز كە هەڵمەتێكی دژی كوشتن لەسەر شەرەف دەستپێكردووە، پێیوایە "ئەوە چیرۆكی كەسێكە بەشێوەیەكی تراژیدی گیانی لەدەستداوە، نەك ئەوەی كەسێك بێت و چیرۆكی خۆی تێدا بگێڕێتەوە. پێموانییە ئەمە رێزلێنان بێ لە بەناز"، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ئەوانەی كاری لێكۆڵینەوەیان بۆ ئامادەكردنی دراماكە كردووە، پرس و راوێژیان بەوان نەكردووە و ئەوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زانیویانە شتێكی وەها بەڕێوەیە.

بەناز مەحموود، خەڵكی باشووری كوردستان، بە هاودەستیی باوك و مامی و دوو خزمی و بكوژێك، لە بەریتانیا كوژرا، دوای ئەوەی داوای تەڵاقی لە هاوژینەكەی كرد و پەیوەندیی لەگەڵ كوردێكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی رەحمەت سولەیمانی دانا. خێزانی بەناز لە ساڵی 1998 روویان لە بەریتانیا كردبوو، ئەوكات تەمەنی بەناز تەنیا 13 ساڵ بوو. پێنج ساڵ دوای ئەو رۆژە بەناز بە هاوسەگیرییەكی رێكخراو لەگەڵ پیاوێك كە 15 ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو، هاوسەرگیری كرد.

پۆلیسی بەریتانی بە یەكێك لە هۆكارەكانی كوژرانی بەناز دەزانرێ، لە كاتێكدا ئافرەتە كوردەكە پێش كوژرانی بە لایەنی كەمەوە پێنج جار پەیوەندی بە پۆلیسەوە كردبوو بۆئەوەی بیپارێزن. بە گوێرەی (زی سان)، یەكەمجاریان لە 10ی تشرینی یەكەمی 2005 بوو، كاتێك ئافرەتێكی تەمەن 19 ساڵ خۆی كرد بە بنكەی پۆلیسدا و ئاگاداری كردنەوە كە هاوژینە 34 ساڵانەكەی دەستدرێژی دەكاتە سەری.

ئەوكات، بەناز لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا گوتی: "ئەو مێردێكی وشكە، هەر كاتێك سێكسی بوێ، دەبێ بە قسەی ئەو بێ، وەڵامی نەخێر قەبوڵ ناكات و دەستدرێژیم دەكاتە سەر". دوای دوو ساڵ بەناز چووەوە ماڵی باوكی و بە خێزانەكەی خۆی گوت كە دەیەوێ داوای تەڵاق بكات.

بەناز پۆلیسی ئاگادار كردبووەوە كە كۆمەڵێك پیاو بە ئۆتۆمبێل بە شوێنیەوەن و هەڕەشەی لێدەكەن، هەتا ئێستاش دەرنەكەوتووە ئەو پیاوانە كێ بوون، بەڵام لەو سەروبەندەدا دەنگۆی پەیوەندیی نێوان بەناز و رەحمەت بە گوێی ماڵی باوكی گەیشتبووەوە. ئاری مامی و مەحموودی باوكی بەناز، بڕیاری كوشتنی ئافرەتە كوردەكە و رەحمەتیان دابوو. بەناز لە نامەیەكدا لە 12ی كانوونی یەكەمی 2005 پۆلیسی لەو مەترسییە ئاگادار كردبوو. 

لە دوایین رۆژەكانی 2005، بەناز لە هەوڵێكی كوشتن بەدەستی باوكی رزگاری بوو، بەڵام لە نەخۆشخانەوە جارێكی دیكە رەوانەی ماڵەوە كرایەوە. بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەكە، ئەو بە پەرستارەكانی گوتبوو ئەگەر بچێتەوە ماڵ دەكوژرێ. لە رۆژی 24ی كانوونی دووەمی 2006 ترسەكەی وەڕاستگەڕا، كاتێك محەممەد حەمە كە بۆ كوشتنەكە بەكرێ گیرابوو، دەستدرێژی كردە سەری و كوشتی.

چیرۆكی درامای شەرەف لەو شوێنەوە دەستپێدەكات كە رەحمەت تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەكات و ئاگاداریان دەكاتەوە لەوەی بەناز دیار نەماوە، بۆیەش فۆكەسی سەرەكیی بەرهەمەكە لەسەر ئەو لێكۆڵینەوەیەیە كە دوای ئەو تەلەفۆنە دەستپێدەكات و هەوڵەكانی لێكۆڵەر كارۆلین لەخۆدەگرێ. 

كیلی هیوز كە پێشتر خەڵاتی ئەكادیمیای فیلم و تەلەڤزیۆنی بەریتانی  (BAFTA)ی وەرگرتووە، لەبارەی رۆڵگێڕان لەو درامایە دەڵێ "لە سەردەمێكدا كە كوشتن لەسەر شەرەف شتێكی باوە، زۆر گرنگە رووناكییەك بخرێتە سەر بابەتێكی ئەوەندە گرنگ".

پاییز بە ماڵپەڕی (ڤایس)ی گوتووە "بەناز (لە ڤیدیۆكاندا) بە قەناعەتی تەواوەوە دەیزانی كە لە مەترسیدایە، پۆلیس چۆن ئەمەی نەبینیوە؟ كاتێك سەیری ڤیدیۆكان دەكەم كچێكی تۆقیو دەبینم. من خۆم ناتوانم گوێم لێبێ كەسێك وەك بەناز باسی مەترسیی بكات و جێی بهێڵم. ئەمە چۆن روویدا!".

بەدواداچوونێكی سەربەخۆی ساڵی 2015 دەریدەخات تەنیا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2015 ژمارەی كەیسەكانی پەیوەندیدار بە توندوتیژی لەسەر شەرەف لە بەریتانیا 225 كەیس بووە، كە 96 كەیسیان هیچ حوكمێكی بۆ دەرنەچووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە قوربانییەكە یان خێزانی قوربانییەكە ئامادەنین شایەتی بدەن یان لە سكاڵاكەیان پاشگەز دەبنەوە. خوشكەكەی بەناز پێیوایە: "هێزی پۆلیس لە داینامیكی خێزان تێناگات".

كارۆلین بە رۆژنامەكە دەڵێ "لە كەیسی بەنازدا 50 ئەندامی كۆمەڵگەكە لە كوشتنەكەدا بەشدار بوون، چ وەك پلاندانان، كوشتن و لەناوبردنی تەرمەكە و چ وەك شایەتیدانی درۆ". یەكێك لە خوشكەكانی بەناز لە دادگا لە قازانجی باوكی شایەتی دابوو.

پاییز بە (بی بی سی) دەڵێ: "ئێمە زۆر نزیك بووین، زۆر حەزی هاوبەشمان هەبوو. تاكە رێگە بۆ وەسفی دۆخی ژیانم لەو كاتەوە ئەوەیە بڵێم 13 ساڵی رابردووی ژیانم دۆزەخ بووە. هەموو رۆژێكم دۆزەخە. ناكرێ لە كەسێك ببووریت كە دەتوانێ كەسێكی دیكە بكوژێ. خوشكەكەم هاواری كرد بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن، ئەو لەوە زیاتر هیچی لەدەست نەهات".
به‌روار:  29/08/2019
848   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   996
کۆی سه‌ردان:   29236210