دوو فیلمی دەرھێنەرێکی کورد دەچێتە مەغریب و ئیتاڵیا

شیڤان شێرزاد
مالمۆکورد

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، دوو فیلمی ھونەرمەندی دەرھێنەر (سامی کاکە) بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئیتاڵیا بۆ فیلم و دار بەیزای مەغریبی بکات.
ئەو دوو بەرھەمەی ھونەرمەند لەژێر ناوی (خەرەند، خۆشم دەوێیت ھەولێر)ـە، کە توانیوویانە تا ئێستا ببنە خاوەنی چەند خەڵاتێکی جیاواز لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان.
(سامی کاکە)ـی دەرھێنەر لەو بارەیەوە دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵیە کە فیلمی (خەرەند- الھاویە)، لە نێو 1800 فیلمدا دەستنیشان کرا، کە شانبەشانی 100 وڵاتی جیاواز لە پێشبڕکێی سەرەکی دابێت بۆ وەرگرتنی خەڵات لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئیتاڵیا بۆ فیلم، کە بڕیارە لە 25/9 ئەم مانگە لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت و یەکەم بەرھەمی کوردیشە لە ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەشداری لەو فیستیڤاڵە جیھانیە دەکات، ھاوکات لە 26/9ـدا، فیلمی (الھاویە) و (خۆشمدەوێی ھەولێر) لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی (دار البیضاء) لە کازابلانکای وڵاتی مەغریب لە کێبڕکێی سەرەکیدا دەبن و ڕکابەرێکی سەرسەختی فیلمە عەرەبی و جیھانیەکان دەکەن بۆ وەرگرتنی خەڵات لەو فیستیڤاڵەدا، کە ئەمساڵ سێیەمین خوولی خۆی بە میوانداری سەدان فیلمی جیھانی ساز دەکات و متمانەی زۆریشم بە بەرھەمەکانمە کە بتوانن ببنە خاوەنی خەڵات و سەرکەوتن بۆ کورد دەستەبەر بکەم لەو فیستیڤاڵانەدا.
لە بارەی ناوەڕۆکی فیلمی (الھاویە)ـەوە دەرھێنەری ناوبراو گوتی: چیرۆکی ئەو فیلمە بەشێوەیەکی ئەنیمەیشن بەرھەم ھاتووە و ناوەڕۆکەکەشی باس لە خانەوادەیەکی ئاوارە دەکات، کە بە فرمێسکی گەرمەوە لە جەنگ ڕادەکەن بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی و گیرسانەوە لە وڵاتێکی دوور لە مەترسیەکانی جەنگ و کە دەشگەن بەو ئارامیە بە قورگێکی پڕ لە گریان و دەیان حەسرەتەوە ئاوڕ لە نیشتمانەکەی خۆیان دەدەنەوە، کە بە نائومێدی جێیان ھێشتووە. 

به‌روار:  29/08/2019
317   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   958
کۆی سه‌ردان:   29263067