پەیامی عەبدوڵا پەشێو
خەندان-

شاعیری ناوداری كورد، عەبدوڵا پەشێو پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،"ساڵانێکی دور و درێژە ھەندێک لایەن، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، نوسینی ھیچوپوچ بە ناوی من دەنوسن و "شیعر"م بۆ دەھۆننەوە" دەشڵێت،"لەم ڕۆژانە ماڵۆچکەیەکی خۆم لە فەیسبوک دادەنێم، بۆ ئەوەی چیدی کەس نەتوانێت ئەدەبدۆستان بەلا ڕێدا ببا"

شاعیری ناوداری كورد، عەبدوڵا پەشێو، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،"ساڵانێکی دور و درێژە ھەندێک لایەن، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، لە ڕێگەی چەند سایتێکەوە، نوسینی ھیچوپوچ بە ناوی من دەنوسن و "شیعر"م بۆ دەھۆننەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی ھەواڵی کۆچی دواییشم ڕابگەینن!"

دەیانەوێ بەو شتە لاوەکیانە سەرقاڵم بکەن، یان کار بکەنە سەر مۆڕاڵم و لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی بەشخوراو و نیشتمانێکی دەستبەسەر دامببڕن
 

عەبدوڵا پەشێو دەڵێت،"من دەمێکە ئاگاداری ئەو گومانلێکراوانەم، کە دەیانەوێ بەو شتە لاوەکیانە سەرقاڵم بکەن، یان کار بکەنە سەر مۆڕاڵم و لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی بەشخوراو و نیشتمانێکی دەستبەسەر دامببڕن. ئەوان بەو ھەواڵانە دەیانەوێ "شنگال" و "تۆفان" و "پیترۆدۆلار" و "میری دزان" و "ماچ" و "قون و کورسی" و "کەرکوک" و "دوبەی" و "تەسبێح" و "براکوژی" و چی چی لە یادی خۆشەویستانم بسڕنەوە".

ئاماژە بەوەشدەكات، "ئەوەی لە دایک بێ دەشمرێ. مردن دادپەروەرترین دادوەرە و شەرم لە کەس ناکا، بەڵام، سوپاس بۆ خوا، تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە و ھیچ نەخۆشیەکیشم نییە".

تا ئێستا، بۆ بەدرۆخستنەوەی " ھەواڵی مردن !"، قسەم بۆ ھیچ " میدیا " و " میدیاکار "ێک نەکردوە
 

لەو پەیامەیدا رایگەیاندوە،"تا ئێستا، بۆ بەدرۆخستنەوەی " ھەواڵی مردن !"، قسەم بۆ ھیچ " میدیا " و " میدیاکار "ێک نەکردوە، کەسیشم ڕانەسپاردوە بە ناوی من قسە بکا و لایک و کۆمێنت کۆکاتەوە. نە سکرتێرم ھەیە، نە وتەبێژ و " کاربەرێخەر "!"

عەبدوڵا پەشێو دەڵێت،"منەتباری ئەو خۆشەویستانەم لە ھەواڵیان پرسییوم، زۆر سوپاسیان دەکەم، ھیوادارم تاسەر ڕو لەوان و پشت لە دەسەڵات بم. ئەوانەی بەو فشە ھەواڵە لاوەکیانە گەلێکی پارودزراوی بندەستی چەتە و مافیا سەرقاڵ دەکەن و خاکفرۆشی و فەرھودکاری و تاڵانسالاریش پەردەپۆش دەکەن لە ڕوڕەشی بەلاوە ھیچی تریان پێ نابڕێ".

لە كۆتایی پەیامەكەیدا عەبدوڵا پەشێو نوسیویەتی،"تا ئێستا، ھیچ ئەکاونتێکم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە، بەڵام، ھەر بۆ داخستنی چەند سایتێکی گێرەشێوێن، لەم ڕۆژانە ماڵۆچکەیەکی خۆم لە فەیسبوک دادەنێم، بۆ ئەوەی چیدی کەس نەتوانێت بەزڕبەرھەم و فشەھەواڵی لاوەکی خۆشەویستان و ئەدەبدۆستان بەلا ڕێدا ببا".
به‌روار:  26/08/2019
317   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   634
کۆی سه‌ردان:   29231216