ترامپ دەیەوێت دوورگەی گرینلاند لە دانیمارک بکڕێت
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بیرۆکەی کڕینی گرینلاند زیندوو دەکاتەوە و لێپرسراوانی دانیمارکیش رەخنە لە بیرۆکەکەی ترامپ دەگرن و بە بێ بنەما ناوی دەبەن.

ڕۆژی رۆژی هەینی، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی سپییەوە بڵاویکردووەتەوە، ترامپ چەند جاریک لە راوێژکارەکانی پرسیوە ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە توانایدایە گرینلاند بکڕێت کە گەورەترین دوورگەی جیهانە و سەر بە دانیمارکە.

بەپێی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەو دانیشتنەدا باس لە گرنگیی جیۆپۆڵەتیک و ستراتیژی و دەرامەتەکانی ناوچەکە کراوە و ترامپیش داوای لە راوێژکاری یاسایی کۆشکی سپی کردووە کە  پێداچوونەوە  بە رێکارە یاساییەکانی ئەم پڕۆژەیە بکات.

ئەم بیرۆکەیەی دۆناڵد ترامپ هەر زوو کەوتە بەر رەخنە و توانجی لێپرسراو و هاووڵاتیانی دانیمارک، لەوبارەیەوە لارک لوکە راسمۆسن سەرۆک وەزیرانی پێشووی دانیمارک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: رەنگە ئەمە درۆیەکی نیسان بێت کە لە وادەی خۆیدا نەکراوە.

هەروەها سورین ئیسبێرسن، وتەبێژی کاروباری دەرەوەی پارتی گەلی دانیمارک رایگەیاندووە: ئەگەر ترامپ بە ڕاستی بیری لە شتێکی لەو جۆرە کردووەتەوە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئاگایی خۆی لەدەستداوە.

راشیگەیاندووە: بیرۆکەی فرۆشتنی 50 هەزار هاووڵاتی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خۆی لە خۆیدا بیرۆکەیەکی پووچ و بێ بنەمایە.

ئەمە یەکەم جار نییە ئەمریکا داوای کڕینی گرینلاند بکات، پێشتر لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، هاری ترومان سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە بەرنامەیدا بوو بە 100 ملیۆن دۆلار ئەو دوورگەیە لە دانیمارک بکڕێت، بەڵام داواکەی رەتکرایەوە، بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیش، واشنتۆن لە ساڵی 1867ەوە تاووتوێی کڕینی گرینلاند دەکات.

گرینلاند دەکەوێتە باکووری زەریای ئەتڵەسی و رووبەرەکەی 2166000 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و زۆرینەی بە بەفر و بەستەڵەک رووپۆشە و ژمارەی دانیشتووانیشی لە 56 هەزار کەس تێناپەڕێت.

لەم مانگەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە 12.5 ملیار تۆن بەفری دوورگەکە توایەوە و شارەزایانی بواری ژینگەش ئەم رووداوەیان بە مەترسییەکی جددی دانا بۆسەر ژینگە

کوردسات
به‌روار:  17/08/2019
558   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   955
کۆی سه‌ردان:   29263784