لە هۆڵەندا پۆشینی نیقاب قەدەغەکرا
(سبەی):

لە وڵاتی هۆڵەندا ئاگاداری هەمو ژنە موسوڵمانەکان کراوەتەوە کە پۆشینی نیقاب و پەچە و هەر پۆشاکێکی دیکە کە ببێتە هۆی داپۆشینی دەم و چاو لە شوێنە گشتییەکان و شوێنەکانی گواستنەوەی گشتی قەدەغەکراوە.

لە (17) ملیۆن لە دانیشتوی ئەو وڵاتە ئەوروپییە، (100) بۆ (400) کەس نیقاب و پەچە دەپۆشن، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش لە وتارێکیدا رایگەیاندبو کە "لە ئێستاوە ئەو پۆشاکانەی کە دەم و چاو دادەپۆشن رێگریان لێدەکرێت لە دامەزراوە پەروەردەییەکان و دامەزراوە گشتییەکان و باڵەخانە و نەخۆشخانەکان و شوێنەکانی تایبەت بە گواستنەوە.

ئەم یاسایە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوەوە جێگیرکراوە و بۆتە جێی مشتومڕێکی زۆر و هەمو جۆرێکی داپۆشینی دەم و چاو دەگرێتەوە، تەنانەت ئەو جۆرە کڵاوانەش کە دەم و چاو دادەپۆشن.

لە ئێستادا ئەو کەسانەی کە دەم و چاویان داپۆشراوە لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەوە داوایان لێدەکرێت کە دەم و چاویان پیشان بدەن، گەر ئەو کارەش نەکەن، ئەوا رێگریان لێدەکرێت لە چونەناوشوێنە گشتییەکان و بە بڕی (150) یۆرۆ سزا دەدرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا نازانرێت شێوازی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە چۆن دەبێت، چونکە بەرپرسی کەرتی گواستنەوە دەڵێت کە هیچ کەسێک راناگرێت بەهۆی ئەوەی دەم و چاوی داپۆشراوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی دواخستنیان، هەروەها کەرتی تەندروستیش رایدەگەیەنن کە مامەڵەیان لەگەڵ هەمو کەسێک بە یەک شێوە دەبێت و پەیوەندیان بەوەوە نابێت کە چیان پۆشیوە، بەرپرسانی ئەو دو سێکتەرەش رایدەگەیەنن کە جێبەجێکردنی یاساکە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی پۆلیس.

لە دژی ئەم یاسایە، ژنانی موسوڵمان و گروپەکانی کە دژی ئەم یاسایەن، دەنگی خۆیان بەرزکردۆتەوە و پارتی (نیدا) کە پارتێکی ئیسلامییە لە رۆتەردام رایگەیاندوە کە ئامادەیە هەمو ئەو سزا داراییانە لەئەستۆ بگرێت کە روبەڕوی هەرکەسێک دەبێتەوە بەهۆی شکاندنی ئەم یاسایەوە.
به‌روار:  05/08/2019
506   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   846
کۆی سه‌ردان:   29252544