شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس
خەندان-
ئەمڕۆ مەرگی ناوادەی شاعیری گەورەو ناوداری كورد شێركۆ بێكەس شەش ساڵی تێپەڕاند.
رۆژی 17ی نیسانی 2013، شاعیری ناوداری كورد و یەكەمین وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێم(شێركۆ بێكەس) بە هۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانییەوە گەیێنرایە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، دوای زیاتر لە سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەیەكی سوید، دوانیوەڕۆی 4ی 8ی 2013 دور لە نیشتیمان بەیەكجاری ماڵئاوایی كرد.
شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەس و لە 2ی ئایاری ساڵی 1940 لە شاری سلێمانی لەدایکبوە، هەر زو تێكەڵی دونیای نوسین و ئەدەب بوەو لە تەمەنی 17 ساڵیدا یەكەمین شعری بڵاوكردوە، وەك خۆشی باسیكردوە ئەندامی كۆمەڵەی ژیانەوەو یەكسانی كورد ناسراو بە (كاژیك)بوەو دواتر بوەتە بەرپرسی لقی سلێمانی رێكخراوەكە، كە رێكخراوێكی نەتەوەیی بو لە باشوری كوردستان لەساڵی 1959دا دامەزرابو.
شێركۆ بێكەس لە ساڵی 1968 یەکەمین پەرتوکی شیعری خۆی بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" لە (بەغدا) چاپ كردوە، لە ساڵی 1970 لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و بە تایبەت چون بە لای شیعری نوێی کوردییەوە بڵاوکردەوە و قۆناغی (روانگە)یان دامەزراند.
شێركۆ بێكەس لەساڵی 1986 نیشتیمانی بەجێهێشت روی لە ئەوروپا كرد، لە ساڵی 1987 لە سوید "خەڵاتی تۆخۆڵسکی" وەرگرت. خەڵاتەکەی لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو كاتی سوید ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەشکرا، پاشان لە ساڵی 1992 گەڕایەوە بۆ کوردستان. شێرکۆ بێکەس بە یەکێك لە شاعیرە نوێخوازەکانی ھاوچەرخی کورد دادەنرێت و خاوەنی چەندین نامیلکە و دیوانی شیعرییە و زۆرێک لە شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندوی جیھانی وەرگێڕدراون.
لەساڵی 1992 لەگەڵ دامەزراندنی یەكەمین حكومەتی هەرێمی كوردستان، بوە وەزیری رۆشنیری، لە ساڵی 1998 بە یارمەتی کۆمەڵێك کەس و ھاوڕێکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی دامەزراند، لە ساڵی 2009 تەواوی بەرھەمەکانی ئەوكاتی لە ھەشت ھەزار پەڕە لە چاپدا.
شێركۆ بێكەس بەر لە ژیانئاوایی، دەقێكی وەسێتنامەیی لەپاش خۆی بەجێهێشت كە ئەمە دەقەكەیەتی:
من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی ١٩٦٣ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکەو ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەکەی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیـەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی "بێکەس"ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم.
شێركۆ بێكەس زیاتر لە 40 دیوان و كتێبی شیعریی خۆی بڵاوكردوەتەوە كە بەپێی چاپی یەكەم بەم شێوەیەن:
ﭼﺎﭘﯽ ﯾەﻛەﻡ:
1- تریفەی هەڵبەﺳﺖ 1968
2- كەژاوەی گریان 1969
3- كاوەی ئاسنگەر1971
4- ﻣﻦ ﺗﯿﻨﻮێتیم ﺑەﮔڕ ﺋەﺷکێ 1973
5- ﺋﺎﺳﻚ 1976
6- كازیوە 1978
7- دو سرودی کێوی 1980
8- پیرەمێرد و زەریا 1982
9- روبار 1983
10- کەشکۆڵی پێشمەرگە 1984
11- ﺩﺍﺳﺘﺎﻧﯽ هەڵۆی سور 1985
12- ئاوێنە ﺑﭽﻜﯚلەﻛﺎﻥ 1986
13- تەﻣﺘﻮوﻣﺎﻥ 1988
14- دەربەندی پەپولە1991
15- ئافات 1993
16- مێرگی زام، مێرگی هەتاو 1996
17- خاچ و مارو رۆژژمێری ﺷﺎﻋﯿﺮێ 1998
18- ﺑﯚﻧﻨﺎﻣە 1998
19- ﭼﺮﺍﻛﺎﻧﯽ سەﺭ هەڵەﻣﻮﻭﺕ 1999
20- نسێ 1999
21- ژنێك و دو پیاو 2000
22- ژن و باران 2000
23- رەنگدان 2001
24- ئەزمون 2001
25- ﻟﻪ چلەی چلچرایەکدا 2001
26- پیاوێك لە دارسێو 2002
27- خۆم و ئەو وەختەی باڵندەم 2002
28- ﭘﺎﯾﯿﺰە ﻣﯿﻮان 2002
29- کوکوختییە بزێوەکە 2003
30- ﮔﯚڕﺳﺘﺎﻧﯽ ﭼﺮاكان 2004
31- ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن 2004
32- سرودە بەردینەكان 2005
33- ﻛﻮرﺳﯽ 2005
34- لە گوڵەوە هەﺗﺎ سوتو 2006
35- ﺣەﻓﺘﺎ پەنجەرەی گەڕۆك 2007
36- کتێبی ﻣﻠﻮاﻧكە 2007
37- ﺗﯚ ئەﺗﻮﺍﻧﯽ ﺑە قومێ ماچ بمخەیتە هەڵقوڵین 2007
38- زێ و زنە 2008
39- تەون 2009
40- هەﺳﺖ و نەﺳﺖ 2010
41- ئێستا کچێک ﻧﯿﺸﺘﻤﺎﻧمە 2011
42- ئەسپێک ﻟەپەڕەی گوڵاڵە 2012
43- خێراکە مردن خەریكە بگات 2013
44- نوسین بە ئاوی خۆڵەمێش2013
بهروار: 04/08/2019
556 جار خوێندراوهتهوه
|