داگیرکردنی کوەیت؛ ئەو رۆژەی چارەنوسی عێراقی گۆڕی
(سبەی):
ئه‌مڕۆ (29) ساڵ به‌سه‌ر داگیركردنی خاكی كوه‌یت له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه تێده‌په‌ڕێت کە به‌ره‌به‌یانی رۆژی دوی ئابی ساڵی (1990) هێزه‌كانی سوپای عێراق په‌لاماری خاكی كوه‌یتیان دا و داگیریان كرد.
هه‌رچه‌نده كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵیاندا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی سه‌دام حسێن به پاشه‌كشه قایل بكه‌ن، به‌ڵام دوای حه‌وت مانگ هاوپه‌یمانان به پشته‌به‌ستن به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هێرشێكی به‌رفراوانیان كرده سه‌ر عێراق و دوای زیانێكی زۆر، سوپای عێراق له خاكی كوه‌یت كشایه‌وه و كارگه‌ریی داگیركردنه‌كه‌ش تا ئێستا درێژه‌ی هه‌یه.
شەڕ چۆن دەستیپێکرد؟
سەعات (2:30)ی خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی رۆژی دوی ئابی ساڵی (1990)، حه‌وت فیرقه‌ی گاردی كۆماریی سوپای عێراق له چوار قۆڵه‌وه و به‌پشتیوانیی هێزی ئاسمانی و تانك و زرێپۆش، هێرشیان كرده سه‌ر خاكی كوه‌یت، به هۆی ئه‌وەی كه سوپای ئه‌و وڵاته به‌رگرییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كرد له ماوه‌ی كه‌متر له دو رۆژدا، خاكی ئه‌و وڵاته‌یان داگیر كرد.
به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سوپای عێراق، میری كوه‌یت و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و وڵاته‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له دانیشتوانه‌كه‌ی، به‌ره‌و وڵاتانی دراوسێ هه‌ڵاتن، سه‌ركرده‌كان رویان كرده عه‌ره‌بستانی سعودی و حكومه‌تی ریاز په‌نای دان، دوای داگیركردنی خاكی كوه‌یت له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه، حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌دام، كوه‌یتی وه‌كو نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق ناساند و حاكمێكی به‌ناوی (عه‌لا حسێن) بۆ ده‌ستنیشان كرد، به‌ڵام كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه و به خێرایی به‌ده‌م داواكاریی به هانه‌وه چونی حكومه‌تی كوه‌یته‌وه چو.
دوای چه‌ند رۆژێك له به‌زاندنی خاكی كوه‌یت، نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان دژی له‌شكركێشییه‌كه وه‌ستایه‌وه و به‌فه‌رمی داوای له به‌غدا كرد، سوپاكه‌ی له خاكی كوه‌یت بكێشێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی پابه‌ندنه‌بونی عێراق به‌و داوایه، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری ژماره (660)ی ده‌ركرد، كه داوای چونه ده‌ره‌وه‌ی سوپای عێراقی ده‌كرد له خاكی كوه‌یت، دوا مۆڵه‌ت بۆ چونه ده‌ره‌وه‌كه رۆژی (15)ی كانونی دوه‌می ساڵی (1991)بو، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌زه‌بری هێز، سوپای عێراق له خاكی كوه‌یت ده‌كرێته ده‌ره‌وه.
دروستکردنی هاوپەیمانێتی دژی سەدام
داگیركردنی خاكی كوه‌یت له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه ماوه‌ی نزیكه‌ی حه‌وت مانگی خایاند، سه‌دام حسێن كه خۆی سه‌ركرده‌ی عه‌ره‌ب له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا داوای كۆمه‌ك و هاوكاریی كرد، به‌ڵام زۆرینه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان دژی له‌شكركێشییه‌كه وه‌ستانه‌وه و به‌فه‌رمانده‌یی ئەمەریکا، هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له (34) وڵات پێكهێنرا.
عێراق هێشتا به‌ده‌ست قه‌رزی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق‌و ئێرانه‌وه ده‌یناڵاند و بودجه‌یه‌كی زۆری بۆ سوپای زه‌به‌لاحه‌كه‌ی ته‌رخان ده‌كرد، به‌شێوه‌یه‌ك كه زیاتر له یه‌ك ملیۆن و (200) هه‌زار سه‌ربازی هه‌بو زۆربه‌ی گه‌یاندبوه خاكی كوه‌یت، هه‌زاران تانك و زرێپۆش و تۆپ و چه‌كی قورسی له‌و وڵاته جێگیر كردبو، له به‌رامبه‌ریشدا هاوپه‌یمانان ژماره‌ی هێزه‌كانیان له سعودیه گه‌یشته نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن سه‌رباز و به‌سه‌دان فڕۆكه و چه‌كی پێشكه‌وتو و هه‌زاران زرێپۆش و تانك و ژێرده‌ریایی خۆیان بۆ هێرشكردنه سه‌ر سوپای عێراق ئاماده كرد.
ئەمەریکا و هاوپه‌یمانه‌كانی كه شه‌ڕی كوه‌یتیان ناو نابو (گه‌رده‌لولی بیابان) چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی واده‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیان ده‌كرد، بۆیه شه‌وی(17)ی كانونی دوه‌م، هاوپه‌یمانان هێرشی ئاسمانی و زه‌مینییان بۆ سه‌ر سوپای عێراق له ناو خاكی كوه‌یت و دامه‌زراوه ستراتیژییه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی سه‌دام ده‌ست پێكرد.
شه‌ڕی هاوپه‌یمانان له دژی سوپای عێراق هێنده به‌هێز بو، ته‌نها ماوه‌ی (41) رۆژی خایاند و رۆژی (28)ی شوباتی (1991) عێراق ناچار به پاشه‌كشه كرا، حكومه‌تی به‌غدا ناچاركرا قه‌ره‌بوی ته‌واوی زیانه‌كانی كوه‌یت بكاته‌وه.
له‌جه‌نگی كوه‌یتدا (148) سه‌ربازی ئه‌مریكا كوژران و (457) سه‌ربازیش برینداربون، هه‌روه‌ها (100) سه‌رباز له هێزه‌كانی تری هاوپه‌یمانان كوژران، گه‌رچی هیچ ئامارێكی ره‌سمی له‌به‌رده‌ستدا نییه له‌باره‌ی زیانه‌كانی سوپای عێراقه‌وه به‌ڵام مه‌زه‌نده ده‌كرێت (25) هه‌زار سه‌رباز كوژرابن و (75) هه‌زاریش برینداربوبن، هه‌روه‌ها (100) هه‌زار مه‌ده‌نی مردبن و برینداربوبن.
شه‌ڕی عێراق ته‌نها بواری سه‌ربازیی نه‌گرته‌وه، به‌ڵكو دوای داگیركردنی كوه‌یت، نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان گه‌مارۆی ئابوریی به‌سه‌ر عێراقدا سه‌پاند و فرۆشتنی نه‌وتی لێ قه‌ده‌غه‌كرا، بۆیه ئابوریی عێراق به‌ره‌و هه‌ره‌سێكی گه‌وره چو و كه‌وته ژێر باری سه‌دان ملیار دۆلار قه‌رز، گرانییه‌كی زۆر له عێراقدا سه‌ریهه‌ڵدا، دوای كشانه‌وه و له ناوچونی زۆربه‌ی هێزه‌كه‌ی، عێراق خرایه ژێر به‌ندی حه‌وته‌می نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە به‌وه ده‌كه‌ن، به‌هۆی شه‌ڕی كوه‌یته‌وه عێراق توشی كێشەی زۆر بوەوە كه تا ئێستا درێژه‌یان هه‌یه و دەرەنجامەکانی شه‌ڕی كوه‌یت بوه هۆی له‌ناوچونی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێن.
به‌روار: 03/08/2019
729 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|