ئەمریکا: هێزەکانی سوریای دیموکرات دەپارێزین
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا ڕایگەیاندووە: ئەمریکا هێزەکانی سوریای دیموکرات دەپارێزێت کە بۆ لەناوبردنی داعش، هاوکار بوون لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی.

جێمز جفری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و ناتان سڵس، کۆردیناتۆری تێکۆشانی دژی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر دۆسیەی تێکۆشان دژی داعش لە جیهان و ئاڵۆزیی سوریا، لە بینای وەزارەتی دەرەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان بەڕێوەبرد، کۆنگرەکە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجامدراوە.

جێمز جفری، لەسەر ناوچەی ئارام وتی: واشنتۆن پارێزگاری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات کە لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی هاوکاربوون بۆ لەناوبردنی داعش، ئێمە هەوڵدەدەین هاوسەنگییەک لە نێوان هاوکاری گرنگی خۆمان لە ناتۆ و واتا تورکیا و هاوپەیمانی گرنگمان لە سوریا واتا هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە کورد و عەرەب پێکدێت دروست بکەین.

جفری لەسەر گفتۆگوی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا وتی: دانووستانەکانی ئێمە لەگەڵ تورکیا ناکەوێتە چوارچێوەی پاراستنی کوردەکان یان قەدەغەکردنی هەر هێرشێک، چونکە نیشانەیەک لە ئەگەری هێرش بۆسەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریامان نەبینیوە، ئێمە لەگەڵ ئەوان (تورک) باسی چونیەتی دروستکردنی ناوچەی ئارام لەژێر پاراستنی ئەمریکا و تورکیا بۆ چارەسەرکردنی مەترسییەکانی تورکیا لەسەر سنوور کردووە.

جێمز جفری وەها درێژەی بە قسەکانیدا: "تورکەکان پێداگربوون لەسەر هەڵویستیان و پێشنیاری ئەمریکایان ڕەتکردەوە، کە من زۆر بە مەنتقیی دەزانم، پێشنیارەکەی ئێمە بۆ مەودای ناوچەی ئارام چوار بۆ ١٤ کم بوو، بەڵام ئەوان دەیانەوێت ناوچەکە قووڵایی زیاتری هەبێت، جگە لەمەش ناکۆکی دیکەشمان هەبوو، بەڵام هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە، پێشنیارەکە پێویستە بەپێی ڕازیبوونی دانیشتووانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بێت چونکە ڕازیبوونی ئەوان گرنگە".

ڕۆژنیوز
به‌روار:  02/08/2019
632   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   808
کۆی سه‌ردان:   29247215