داعش چوار ئاسایش شەهید دەکەن
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، کەلار، گەرمیان حەمە پور

درەنگانى شەوى رابردوو بە هاوەن هێرشکرایە سەر ناحیەى کۆکسى سەر بە ئیدارەى گەرمیان و بۆمبێکیش تەقیەوە و بەهۆیەوە چوار کەس شەهیدبوون کە یەکێکیان فەرماندەیەکى ئاسایشە و هەشت کەسى دیکەش برینداربوون و ئیدارەی گەرمیانیش باس لەوەدەکات هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ رێگربوون لەوەی داعش هێرشه‌كه‌یان فراوانتر بكه‌ن.

ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، "به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش له‌ بازگه‌ی ناحیه‌ی كۆكسی سنوری ئیداره‌كه‌مان، هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چوار كارمه‌ندی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و هه‌شتی تریش برینداراربوون".

باس لەوەشکراوە، " رۆڵی گه‌وره‌ی هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ به‌رزده‌نرخێنین كه‌ گیانفیداییانه‌ به‌رگریان كرد و رێگربوون له‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش هێرشه‌كه‌یان فراوانتر بكه‌ن و ئامانجی پیس و گڵاویان بپێكن، سوپاسی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و خۆبه‌خشان و هاوڵاتیانی خۆشه‌ویستی گه‌رمیان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ده‌م برینداره‌كانه‌وه‌ چوون. هاونیشتمانیانی خۆشه‌ویستی سنوره‌كه‌ش دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ به‌چاوكراوه‌یی و گیانفیدایی له‌ ئاماده‌باشیدان و رێگرن له‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی".

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، شەش هاوەن ئاراستەی ناحیەی کۆکس کراوە، بەهۆیەوە دوو کارمەند ئاسایش کە یەکێکیان فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى ئاسایشى گەرمیانە لەگەڵ دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و شەش کەسیش برینداربوون کە سیانیان ئاسایش و سیانیشیان هاوڵاتى مەدەنین کە یەکێکیان ئافرەتە.

وتیشى پاش شەڕەکە، بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیدا تەقیەوەو کەسێکی تر شەهید بووە.

هاوکات چەند هاوڵاتییەکى دانیشتووى ناحیەى کۆکس بە ئێن ئار تیان راگەیاند، بە هاوەن و قەناس هێرشکراوەتە سەر ناحیەى کۆکسى سەر بە قەزاى کفرى و چەند کەسێک برینداربوون و رەوانەى نەخۆشخانە کراون.

لاى خۆیەوە، سەرچاوەیەک لە ئاسایشى کۆکس بە ئێن ئار تى راگەیاند، هێرش کراوەتە سەر بارەگاى ئاسایش و بەهۆیەوە دوو کارمەندى ئاسایش شەهیدبوون.

تا ئێستا هیچ گروپێکى چەکدارى بەرپرسیارێتى هێرشەکەى نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام لەماوەکانى رابردوودا شانە نوستووەکانى داعش لەو سنورە چەندین هێرشى هاوشێوەیان کردووەتە سەر هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان.

 ئەوەش لە کاتێکدایە، لە بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانداو بوونی فرەهێزی لەناوچەکەدا، بووەتە هۆی ئەوەی چەند گروپێکی نەناسراو ئەو بۆشاییە بەکاربێنن و شەوانە هێرشبکەنە سەر گوند و شارۆچکەکانی سنورەکە و لە زۆربەی رووداوەکانیشدا هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی.
به‌روار:  01/08/2019
302   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   2
کۆی سه‌ردان:   29252645