باپیرەیەکى ٨٠ ساڵی ماوەى ٢٣ ساڵە لە زیندانی تورکیایە
محەمەد ئەمین ئۆزکان (ئاپێ دەدۆ) تەمەن ٨٠ ساڵ، ماوەى ٢٣ ساڵە بە ئیدعای " کوشتنی گەورە جەنەڕاڵ بەختیار ئایدن" لە زینداندایە و هێشتاش چاوەڕێ دادپەروەرییە.
لە ٢٢ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٣ / ٣٠ی رەزبەر لە ناوچەى لیجەى ئامەد گەورە جەنەڕاڵ بەختیار ئایدن فەرماندەی جەندرمەی لیجە کوژرا. دواى نزیکەى ٣ ساڵ لە کوشتنى بەختیار ئایدن، محەمەد ئەمین ئۆزکان ناسراو بە ئاپێ دەدۆ دەستگیرکرا، کە تەمەنی ٥٧ ساڵ بوو. لە ئێستادا ئۆزکان تەمەنی بووە بە ٨٠ ساڵ و ماوەى ٢٣ ساڵە لە زیندادایە.

ئۆزکان ساڵی ١٩٩٦ بە تۆمەتى "ئەندامبوون لە رێکخستن دا" دەستگیرکرا و لەسەر دانپیادانانى ٢ دانپیادانەر دەستگیر کرا. دواى ئەوەی دانپیانەرەکان لە وتەکانیان پاشگەز بوونەوە، دەوڵەتى تورک بە تۆمەتى کوشتنى گەورە جەنەڕاڵ بەختیار ئایدن دەستیکرد بە دادگایکردنى ئاپێ دەدۆ.

هەر چەند ئۆزکان لە پرۆسەى دادگایکردنەکەیدا راگەیاندبوو، هیچ پەیوەندییەکى بە کوشتنى ئایدن-ەوە نییە، بەڵام سەرباری ئەوەش بڕیاری زیندانیکردنى قورسی هەتاهەتایى بەسەردا سەپێنرا. ئۆزکان لە ماوەى ٢٣ ساڵ زیندانیکردنیدا بۆ ٦ زیندانى جۆراوجۆری تورکیا دوورخراوەتەوە و ئەو ٢٣ ساڵەی تەمەنی لە ٦ زینداندا بەسەر بردووە.

ئۆزکان (ئاپێ دەدۆ) لە ماوەى ئەو ٢٣ ساڵەى زینداندا تووشی نەخۆشییەکانى دڵ، پەستان، گرێى ژەهراوی، ئێسکە نەرمە، نەخۆشیى گورچیلە، نەخۆشییەکانى ریخۆڵە، بێخەوی، نابیستی و نابینایى بووە. بە وتەی سەلما ئۆزکان کچی ئاپێ دەدۆ، باوکی پێش ئەوەى دەستگیر بکرێت هیچ جۆرە نەخۆشیەکى نەبووە و هەرگیز نەی بینیوە باوکی نەخۆش بێت.

ئۆزکان لە زینداندا بۆ بەڕێکردنى ژیانى رۆژانەى بۆ خواردن و خواردنەوە، سەرشۆردن و خۆشۆردن، جل لەبەرکردن، ریش تاشین، سەرئاو رۆیشتن ناتوانێت ئەنجام بدات و دۆخی بە شوێنێک گەیشتووە کە ئیدی ئەندامانى بنەماڵەکەشی ناناسێتەوە.

"ماوەی ٢٣ ساڵە بەبێ تاوان لە زینداندایە"

سەلما ئۆزکان کچی محەمەد ئەمین ئۆزکان (ئاپێ دەدۆ) رایگەیاند، باوکی لە کاتى دەستگیرکردندا رووبەرڕووی ئەشکەنجەى زۆر قورس کراوەتەوە و بەو هۆیەوە کەڕ و نابیست بووە و ناتوانێت بخەوێت و پشوو بدات و سەرباری ئەوەش ماوەى ٢٣ ساڵە بەبێ تاوان لە زینداندا راگیراوە.

سەلما راشیگەیاند، لە ٢٢ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٣ / ٣٠ی رەزبەر لە ناوچەى لیجەى ئامەد گەورە جەنەڕاڵ بەختیار ئایدن فەرماندەی جەندرمەی لیجە کوژرا. لەسەر کوشتنەکەى ئایدن باوکم لە ئەدەنە دەستگیرکرابوو. لەبەر ئەوەى باوکم لە کاتى دەستگیرکردنەکەیدا زۆر بە قورسی ئەشکەنجە کرابوو، کەڕ بووە و ناتوانێت بخەوێت و پشوو وەربگرێت. باوکم بە تەنها خۆی ناتوانێت ژیانی رۆژانەى بەڕێ بکات. ٣ براشم لە زینداندان و ئێستا ٢ لە براکانم لەگەڵ باوکم دەمێننەوە و ئەوان چاودێریى باوکم دەکەن بۆ بەڕێکردنى ژیانى رۆژانەی".
"نامانەوێت باوکمان لە زینداندا کۆچی دوایى بکات"

محەمەد ئەمین ئۆزکان (ئاپێ دەدۆ) بەهۆی دۆخی تەندروستى و تەمەنییەوە ژیانى لە مەترسیدایە و رۆژ لە دواى رۆژ ئەگەری گیان لەدەستدانى زیاتر دەبێت و لەوبارەیەوە سەلما ئۆزکان وتی "ئێمە نامانەوێت باوکمان لە زینداندا کۆچی داویى بکات. دەمانەوێت دوا رۆژەکانى ژیانى لەگەڵ ئێمەدا لە ماڵەوە بێت. بۆ ئەوەى باوکمان ئازاد بکرێت سەردانى هەموو بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە. هەر چییەک بەسەر باوکماندا بێت سەرۆک کۆمار و وەزیری داد لێى بەرپرسیارن. ماوەى ٢٣  ساڵە باوکم لە زینداندایە و لە زینداندا تووشی نەخۆشییەکانی دڵ، پەستان، گرێى ژەهراوی، ئێسکە نەرمە، نەخۆشیى گورچیلە، نەخۆشییەکانى ریخۆڵە، بێخەوی، نابیستی و نابینایى بووە".

"مەترسی لەسەر ژیانى هەیە"

سەلما ئۆزکان باسی ئەوەیکرد، باوکی لە ماوەى زیندانیکردنیدا ٤ جار جەڵتەى دڵ لێى داوە و لەوبارەیەوە وتى "سەرباری ئەوەى هەموو راپۆرتە پزیشکییەکان دەڵێن ٨٧%ی جەستەى لەکار کەوتووە و ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام هەر لە زینداندا رایانگرتووە و ئازادی ناکەن. چەندین جار سەردانى پزیشکیى دادوەریمان کردووە و ئەوانیش راپۆرتی ئەوەى ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە بەرزکردووەتەوە، بەڵام لەم دواییەدا کە بۆ جارێکیتر سەردانى پزیشکیى دادمانکرد، راپۆرتیان بەرزکردەوە و لە راپۆرتەکەدا دەڵێن، محەمەد ئۆزکانی تەمەن ٨٠ ساڵ دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە!. ئەوە راپۆرتێکى ئابڕوبەرانەیە. باوکم منداڵەکانى خۆی ناناسێتەوە، ئاخر بێ ویژدانینە ئەو چۆن دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە. ئەگەر دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە ئەی بۆ لە هەفتەیەکدا ٣ رۆژ رەوانەى نەخۆشخانە دەکرێت. روون و ئاشکرایە بەختیار ئایدن لەلایەن چ کەسانێکەوە کوژراوە. بکوژەکان لە بەرچاوماندان و ئازادانە دەسوڕێنەوە. ئازاد نەکردنى باوکم پێشێلکردنى هەموو یاسا و مافەکانە. من بانگ لە رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنی و داکۆکیکار لە مافەکانى مرۆڤ دەکەم پشتیوانیمان لێ بکەن".

چی روویداوە؟ بەختیار ئایدن چۆن کوژرا؟

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە سەرەتای ساڵانى ١٩٩٠ دەستیکرد بە تیرۆرکردنی هاووڵاتییانى کوردستان و سوتاندن و خاپوور کردنى لادێکانى و شارەکانی باکووری کوردستان. شاڵاوى سوتماکردنى کوردستان لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە لە ساڵی ١٩٩٣ گەیشتە ناوچەى لیجەى ئامەد. لە کاتى سوتاندنى شاری لیجە لەلایەن سوپا و جەندرمە و پۆلیس و میلیشاکانى دەوڵەتى تورکەوە جەنەڕاڵ بەختیار ئایدن بە گولـلەى قەناس کوژرا.

لە سوتاندنى لیجەیەدا یەکێک لە یەکەم ماڵەکان کە سوتێنرا و خاپوور کرا ماڵی محەمەد ئەمین ئۆزکان (ئاپێ دەدۆ) بوو. هێزەکانى دەوڵەتى تورک بنەماڵەى ئاپێ دەدۆیان دەستگیرکرد، کە هەر ٨ منداڵەکەى ئاپێ دەدۆیان لە ناودا بوو و بچووکترین کەسی دەستگیرکراویان تەمەنی ٣ ساڵ بوو. هێزە ئەمنییەکان بۆ ماوەى ٥ رۆژ سەروەت ئۆزکان دەدۆ کچە گەورەى ئاپێ دەدۆ-یان زۆر بە قورس ئەشکەنجە  کرد و بە گشتی سوپا و جەندرمەو پۆلیسی تورک ١٢ کەس لە خەڵکی ناوچەکەیان کوشت. دواى ئەو رووداوە ماڵی ئاپێ دەدۆ بە ناچار کۆچ دەکەن بۆ ئەدەنە و لە سفرەوە دەست بە بونیاتنانی ژیانیان دەکەنەوە. لەوێش هێزە ئەمنییەکان دەستبەرداریان نابن و بەهۆی گوشارەکانەوە سەروەتی کچی ئاپێ دەدۆ دەڕوات و دەبێت بە گەریلا و لە ساڵی ١٩٩٧ شەهید دەبێت. بەهۆی گوشارەکانى دەوڵەتەوە ماڵی ئاپێ دەدۆ لە ئەدەنەوە کۆچ دەکەن بۆ مێرسین و لەوێش هەر لە ژێر گوشاردا دەبن. ٣ لە کوڕەکانى ئاپێ دەدۆش دەستگیر دەکەن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنن. هۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان ئەوەبووە، کە تەنها کوڕی دەدۆن و لە بنەماڵەیەکى وڵاتپارێزین.

بنەماڵەی دەدۆ هەموو کات بە دواى باوکیانەوە بوون و باوکیان براوە بۆ کام زیندان ئەوانیش بە ماڵەوە چوون بۆ ئەو شارە بۆ ئەوەى ئاگایان لە باوکیان بێت. ئەو دۆخە هەموو ژیانی بنەماڵەى دەدۆی وێرانکرد. ئاپێ دەدۆ لە ساڵی ٢٠١٣ەوە لە زیندانى جۆری دیی ئامەددایە و بنەماڵەکەشی بە دواى باوکیاندا چوونەتە ئامەد. هەموو ئەرکەکانى ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە کەوتوەتە سەر شانی سەلمای کچی دەدۆ.

دواى ٣ ساڵ لە کوشتنى بەختیار ئایدن و بەهۆی دانپیادانانى ٢ دانپیادانەرەوە ئاپێ دەدۆ لە ئەدەنە دەستگیر دەکرێت. زۆر بە قورسی ئەشکەنجە دەکرێت بەهۆی ئەشکەنجەکانەوە زیانێکى زۆر بەر جەستە و ئێسکەکانى و سەری دەکەوێت و کەڕ دەبێت. سەرباری ئەوەى دانپیادانەرەکان لە وتەکانیان پاشگەزبوونەوە، بەڵام دەوڵەتى تورک ئەمجارە بە تۆمەتى کوشتنى بەختیار ئایدن، ئاپێ دەدۆی دادگایکرد و سزای لەسێدارەدانى بەسەردا سەپاند و ئەو سزایە کرایە سزای زیندانى قورسی هەتاهەتایى. ئاپێ دەدۆ لە دادگادا رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکى بە کوشتنى بەختیار ئایدنەوە نییە و دادگاش هیچ بەڵگەیەکى نەبوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئاپێ دەدۆ بەختیار ئایدنى کوشتووە، بەڵام سەرباری ئەوەش گوێى لێنەگیرا و قورسترین سزای بەسەردا سەپێنرا.

هەر دواى کوژرانى بەختیار ئایدن، جەمیل بایک ئەو کات لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پەکەکە هیچ پەیوەندیى بە کوژرانى ئایدنەوە نییە.

لە ساڵی ٢٠١٣ یەکێکە لە سەربازە شایەتحاڵەکانى کوشتار و کاولکردنى لیجە رایگەیاند، ماوەى ٢٠ ساڵە لە ئازارێکى ویژدانیى گەورەدایە و هیچ شەوێک بە ئارامى نەخەوتوە، بۆیە ئامادەیە لەبارەى راستیی رووداوەکە و کوشتنى بەختیار ئایدنەوە لە دادگا شایەتى بدات. ئەو سەربازە رایگەیاندبوو، ئاپێ دەدۆ هیچ پەیوەندییەکى بە کوشتنى بەختیار ئایدنەوە نییە. دادگای دەوڵەتى تورک بڕیاری دا بە نهێنى لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بکات و تاوەکو ئێستا ئەنجامى ئەو لێکۆڵینەوەیە ئاشکرا نەکراوە. لەوکاتەدا پارێزەرانى ئاپێ دەدۆ داواى ئازادکردنى موەکیلەکەیان کرد، بەڵام دادگا وەڵامى داواى پارێزەرەکانى نەدایەوە.

لە کاتى ئاشکراکردنى دۆسیەى ئەرگەنەکۆن و تاوانەکانى ئەو گروپە چەتەیەى ناو دەوڵەت و پۆلیس و سوپای تورک، ٢ لە جەنەڕاڵە دەستگیرکراوەکانی ئەو دۆسیەیە رایانگەیاند، ئاپێ دەدۆ هیچ پەیوەندیى بە کوژرانى بەختیار ئایدنەوە نەبووە. لە هەموو بەڵگەنامەکاندا یەک بەڵگەش نییە کە بیسلەمێنێت ئاپێ دەدۆ، جەنەراڵ بەختیار ئایدنى کوشتبێت.

بەپێ بەڵگەکان بەختیار ئایدن لەلایەن ئەرگەنەکۆنەوە کوژراوە. سەربازێک ئەرکدار کراوە بۆ کوژرانى بەختیار ئایدن و ئەویش بە قەناس ئایدن دەکوژێت و هەر خێرا ئەو سەربازە لەلایەن سەربازێکى ترەوە دەکوژرێتەوە.

سەرباری هەموو ئەو بەڵگە و زانیارییانە هەر دادگاى دەوڵەتى تورک بە دۆسیەکەى ئاپێ دەدۆدا نەچوویەوە و بڕیاری ئازادکردنى نەدا. داواکاری گشتیى تورک لە کاردانەوەدا رایگەیاندبوو "هەموو بنەماڵەى دەدۆ تیرۆریستن و دەبێت لەوە زیاتریان بەسەردا بێت" و بەو شێوەیە لەلایەن دەوڵەتەوە بڕیار لەسەر ئەوە درایەوە کە ئاپێ دەدۆ بکەنە قوربانیى سیاسەتە فاشیستییەکانیان بۆ سڕینەوە و لەناوبردن و سەرکوتکردن و بڵاوکردنەوەى تۆقاندن بە ناو کۆمەڵگەى کوردستاندا.

بەختیار ئایدن و تیمەکەى ئۆزال

بەختیار ئایدن یەکێک لە ستافەکەى تورگوت ئۆزال بوو کە پشتیوانى لە رێگاى سیاسی بۆ چارەسەری کێشەى کورد دەکرد. لە  دژی توندوتیژییەکانى سوپا بوو و بەپێى بەڵگەکان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا باش بووە.  

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکەى تورگوت ئۆزال بۆ دانوستان لەگەڵ بزووتنەوەى ئازادی و چارەسەرکردنى کێشەى کورد، هەر یەک لە جەنەراڵەکانى سوپای تورک بە ناوەکانى بەختیار ئایدن، ئەشرەف بەدلیسی و ردوان ئۆزدەن دەبنە پاڵپشتى پرۆژەکەى ئۆزال، بەڵام هەر یەک لەو کەسانە لە رووداوێکى گوماناویدا دەکوژرێن، تورگوت ئۆزال ژەهرخوارد دەکرێت و دەمرێت. بەختیار ئایدن بە قەناس دەکوژرێت. ئەشرەف بەدلیسى کۆپتەرەکەى دەخرێتە خوارەوە و دەکوژرێت. رودوان ئۆزدەن بەهەمان چارەنووس دەڕوات و دەکوژرێت.

ئێستا لەدواى چەندین ساڵ هەموو بەڵگەکان سەلمێنەری ئەوەن هێزە تاریک و گلادیۆ و شاراوەکانى فاشیزمى تورک  دەستیان لە کوژرانى هەموو ئەو کەسانەدا هەبووە و رێگرییان لەچارەسەریى کێشەى کورد کردووە.

ئاپێ دەدۆ لە زینداندا و لەکاتى ئەشکەنجەدان و پرۆسەکانى دادگایکردنیدا چەندیجار رایگەیاندبوو، هیچ پەیوەندیى بە کوشتنى بەختیار ئایدنەوە نییە، بەڵام هەرگیز گوێى لێ نەگیراوە و ماوەى ٢٣ ساڵە زیندانیان کردووە.

سەلمای کچی ئاپێ دەدۆ دەڵێت، باوکم هیچی نییە جگە لە ئیرادەکەى و هەموان لە زیندانەکاندا شایەتى ئەوەن کە باوکم چ ئیرادەیەکى پۆڵاینى هەبوو لەبەرامبەر هەموو ئەشکەنجە قورسەکاندا.

هەموو ئەو زیندانیانەى لە زیندانەکاندا ئاپێ دەدۆیان ناسیوە جگە لەوەی بە کەسایەیتى کاریگەری بوون، لە هەموو بابەتەکانیاندا کە دواى ئازادکردنیان لە زیندان بڵاویانکردووەتەوە جەخت لەوە دەکەنەوە ئاپێ دەدۆ بێ تاوانە.

ر.م

 فورات نیوز
به‌روار:  28/07/2019
442   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   713
کۆی سه‌ردان:   29262392