9 کەسی یەک خێزان لە داقوق کوژران


دوای ئەوەی چەتەكانی داعش هاوەن بارانی گوندی دارا-یان كرد لە سنوری داقوق و بەهۆیەوە چوار كەس بریندار بوون، خێزانێک لە کاتی گەڕانەوەیان لەگوندەکە درانە بەر دەستڕێژی گولـلە و ٩ کەسیان لێ کوژرا، کە ژن و منداڵیان تێدایە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو چەتەكانی داعش بۆردومانی گوندی دارا-یان لە سنووری شارۆچكەی داقوقی سەر بە پارێزگای كەركوك کرد، بۆردوومانەکە چوار برینداریی لێکەوتەوە، بەڵام لە هەمان سنوور دەستڕێژیی گولـلە لە ئۆتۆمبێلی خێزانێک کرا و هەشت کەسیان لێ کوژرا، دواتر بریندارێک گیانی لەدەستدا و سەرجەم بوونە نۆ کوژراو.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، ئەو خێزانە بە سەردان لە گوندەکەبوون، لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ داقوق، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە، کە دەوترێت "چەتەکانی داعش بوون" لە نزیكی بازگەی داقوق كە پۆلیسی فیدڕالی لێیە دەستڕێژی گولـلەیان لێكراوە و لە ئەنجامدا هەشت کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆش بریندارێکی ڕووداوەکە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ڕووداوەکە تووڕەیی هاوڵاتیانی سنوورەکەی لێ کەوتەوە، لە کاتی گەیشتنی بریندار و كوژراوەكاندا بە نەخۆشخانەی داقوق، دەمەقاڵێ لە نێوان پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی شارۆچكەی داقوق و پۆلیسی فیدڕاڵدا دروستبووە و بەو هۆیەشەوە ئەفسەرێك كوژراوە.

 

ئەمڕۆ دوای مەراسیمە ئاینییەکان، تەرمی هەر نۆ کوژراوەکان بەخاکسپێردران.
جێگای ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو لە کاتی ڕووداوەکەدا، باس لەوە دەکرا کە کوژراون شەش کەس بوون، بەڵام دوواین ئامار ئەمڕۆ ئاشکرا بوو، جگە لە ئەفسەرەکە، تا ئێستا 'نۆ' کەسی یەک خێزان لەو ڕووداوەدا کوژراون، کە ناسنامەیان بەمشێوەیەیە:

١-قاسم حسێن ساڵح - لەدایکبووی ۱۹٦۹

۲- حەسەن حسێن ساڵح - لەدایکبووی ۱۹٦٤

۳- ناسر ثانى خەڵەف - لەدایکبووی ۱۹۸٦

٤- نەسرە خەڵەف عەبدوڵا – لە دایکبووی ۱۹۸۲

۵- مەنسور ثانى خەڵەف - لەدایکبووی ۲٠٠٦

٦- مازن ناسر ثانى - لەدایکبووی ۲٠٠۸

۷- محەمەد ناسر ثانی - لەدایکبووی ۲٠٠۹

۸-مەنار ناسر ثانی - لەدایکبووی ٢٠١٣

-٩ عەلی ضاهر ثانى - لەدایکبووی ۲٠۱۲

ڕۆژنیوز


به‌روار:  25/07/2019
551   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   972
کۆی سه‌ردان:   29255917