ئەمریکا 1400 پەنابەری عێراقى دەردەکات
شارپرێس:
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بەرنامەی هەیە نزیکەی ١٤٠٠ هاوڵاتیی عێراقیی لەوڵاتەکەی دەربکات کە بەشی زۆریان لە کلدانییە کاسۆلیکەکانن .
بەگوێرەی رۆژنامەکە ئەو کەسانە پێشتر وەک رزگارکەر سەیری ترەمپیان کردووە بەهۆی ئەوەی بەڵێنی ئەوەی پێدون کە بیانپارێزێت، بەڵام ئێستا هەست دەکەن ناپاکیان لەگەڵ کراوە .
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشی زۆری ئەو کەسانە لە شاری دیترۆیت دەژین کە گەورەترین ژمارەی کلدانەکان لەدەرەوەی عێراق لەو شارە دەژین ، ئێستاش ئەو کلدانیانەی چاوەرێی دەرکردن دەکەن ئەو هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ بە ناپاکی دەبینن ، لەبەر ئەوەی بەشی زۆریان لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپ بوون کە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٦ ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ، دەنگێکی زۆریان بۆ ترەمپ کۆکردۆتەوە.
لەبەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەنێوان ئەو ١٤٠٠ هاوڵاتییە مەسیحییە عێراقییەی فەرمانی ناردنەوەی بۆ هاتۆتەوە ، نزیکەی ٨٠٠ کەسیان تۆماری تاوانکاریان هەبووە کە تاوانەکانیش لەنێوان تاوانی بچووک تا تاوانی گەورە و ترسناکیشی تێدا بووە کە هەندێکیان چەندین دەیەیە کردوویانە .
هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا عێراق بەکرداری رەتیکردۆتەوە پێشوازی لەهیچ هاوڵاتییەک بکات کە لەو وڵاتانەی بۆی چوون دەنێردرێنەوە ، بەڵام ئەمریکا فشاری دیبلۆماسی دەخاتە سەر بەغدا تا ئەو هاوڵاتییە مەسیحیانە وەربگرێتەوە.
وەرگێڕان: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
بهروار: 17/07/2019
452 جار خوێندراوهتهوه
|