تورکیا نایەڵێت بێ ڤیزە هیچ هاوڵاتیەکی ئەوروپی بە فڕۆکەخانەکانی تێپەڕێت
ئەمڕۆ یەكشەممە هەواڵێكی نوێ لە میدیاكاندا لەبارەی ڕێوشوێنێكی توندی فڕۆكەخانەكانی توركیا دەرهەق بە گەشتیارانی ئەورووپا بڵاوبووەوە، كە لەمەودوا هیچ گەشتیار و ڕێبوارێك ناتوانێ بە بێ ڤیزای توركی، بە فڕۆكەخانەكانی توركیادا تێپەڕێت.
وەكو ڕێسایەكی گشتی، لە تەواوی فڕۆكەخانەكانی جیهاندا، هەر كەسێك ترانزێتی هەبێت، واتە وەك ڕێبوار فڕۆكەكەی لە فڕۆكەخانەیەكدا بگۆڕێت، پێویستی بەوە نیە ڤیزای ئەو وڵاتەی هەبێت كە فڕۆكەكەی پێدا تێدەپەڕێت، بە مەرجێك لە فڕۆكەخانەكە نەچێتە دەرەوە.
لە نوێترین ڕێوشوێنی توركیادا لە دژی وڵاتانی ئەورووپا، بڕیاری دراوە ھەر کەسێک ھاووڵاتی ئەورووپا بێت و بیەوێت لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی تورکیاوە ترانزێتی هەبێت و تێپەڕێت، دەبێت پێشوەختە ڤیزای توركیای وەرگرتبێت.
لە كاتێكدا ئەم ڕێوشوێنە نوێیە كێشەی زۆر بۆ گەشتیارانی ئەورووپا و كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دروست دەكات، ڕەوەندی كوردیش لە ئەورووپا، ئەوانەی بە ترانزێتی توركیادا هاتوچۆی كوردستان دەكەن، لەمەودوا كێشەیان بۆ دروست دەبێت.
باس نیوز
بهروار: 14/07/2019
607 جار خوێندراوهتهوه
|