عێراق: داوای ڤیزای شنگن بۆ هاوڵاتیانی دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق، داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد کارئاسانی بکەن لە پێدانی ڤیزای شنگن بەو هاوڵاتییانەی کە خواستیان هەیە بەمەبەستی گەشتوگوزار، خوێندن و بازرگانی سەردانی ئەوروپا بکەن.

محەمەد عەلی حەکیم لە بەغدا لەگەڵ فێدێریکا مۆگێرینی بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا کۆبوەوە و دواتر کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانی هاوبەشیان رێکخست.

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ کاراکردنی کەرتی گەشتیاریی و ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ مۆگێرینی تاوتوێی پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراقییان بۆ دۆخی ئاسایی لە ئەوروپاوە بۆ عێراق و بەپێچەوانەوە، کردووە.

فێدێریکا مۆگێرینیش رایگەیاند، عێراق تاوەکو ئێستا پێویستی بە یەکێتیی ئەوروپا هەیە و وتیشى: یەکێتی ئەوروپا لەساڵی ٢٠١٤ەوە بە بڕی ١.٢ ملیار یۆرۆ لە بوارەکانی یارمەتی مرۆیی، سەقامگیری، گەشەپێدان و بواری ئەمنیی یارمەتی عێراقی داوە.

فێدێریکا مۆگێرینی دوێنێ بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانى عێراقدا کۆبوەوە.
نالیا
به‌روار:  14/07/2019
1279   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   396
کۆی سه‌ردان:   29232123