لەیلا گوڤەن پاش (200) رۆژ مانگرتن وەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی خوارد.
(سبەی):
دوای ماوەیەکی زۆر لە زیندانی و (200) رۆژ مانگرتن و زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا، ئەمڕۆ له‌یلا گوڤەن سوێندی یاسایی خوارد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لەیلا گوڤەن  په‌رله‌مانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په)‌ لە بازنەی هه‌كاری، له‌ په‌رله‌مانی توركیا سوێندی یاسایی خوارد.

(200) رۆژ مانگرتن

ئەوە لەکاتێکدایە دوای (200) رۆژ لە مانگرتن، رۆژی (26/5/2019) لەیلا گوڤەن لەسەر داوای ئۆجەلان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا، ئەوەش دوای بڵاوکردنەوەی پەیامێکی عەبدوڵا ئۆجەلان لەلایەن پارێزەرەکانییەوە کە تێیدا داوای لە چالاکوانان و مانگرتوانی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا و ئەوروپا کردبو کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن، چونکە ئامانجەکانیان هاتوەتە دی.

لەیلا گوڤەن لە حەوتی مانگی تشرینی دوەمی ساڵی (2018) رایگەیاند لە پێناو لابردنی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجەلان و بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا، دەست بە مانگرتن لەخواردن دەکات.

گوڤەن لە ساڵی (2009) بە تۆمەتی پەیوەندیی بە پەکەکە و ئیمزاکردنی ناڕەزایەتی دژی داخستنی تەلەفیزیۆنی (رۆژ تیڤی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر کراو، لە مانگی تەمموزی ساڵی (2014) و دوای چوار ساڵ لە زیندانی کردنی و بەهۆی دەرچونی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەک نوێنەری ئامەد، لەلایەن دادگاوە ئازادکرا.

رۆژی (29)ی تەمموزی (2018) و بەهۆی وەرگرتنی سیفەتی پارێزبەندی پەرلەمانەوە، جارێکی دیکە دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرد، بەڵام لەسەر داوای داواکاری گشتی بڕیاری ئازادکردنەکەی هەڵوەشایەوە و لە زینداندا مایەوە کە جاری (31)ەمینی بو بچێتەوە زیندان.

دواتر لە (25)ى كانونى دوه‌م، دواى (79) رۆژ له‌ مانگرتن و بەهۆی تێکچونی باری تەندروستییەوە دادگا بڕیارى ئازادکردنى لەیلا گۆڤەنی دەرکرد.

لە زیندانەوە متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنا

لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی (24)ی حوزەیرانی ساڵی رابردودا، لەیلا گیوڤەن لەزیندانەوە و لەبازنەی پارێزگای جولەمێرگی باکوری کوردستان، لەسەر لیستی هەدەپە خۆی کاندید کرد و متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنا وەک پەرلەمانتاری خولی نویی پەرلەمانی تورکیا، بەهۆی دەرچونییەوە دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرد، بەڵام پۆلیس پابەند نەبو بە بڕیارەکەوە ئازادی نەکرد.

(31) جار دەستگیرکردن و زیندانی

رۆژی (31)ی کانونی دوەمی ساڵی (2018) بەهۆی پێشکەشکردنی وتارێک لەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاوە و بەتۆمەتی سوکایەتی کردن بە سوپای تورکیا و پشتیوانیکردنی تیرۆر دەستگیرکرا و نۆیەم دادگای سزا قورسەکانی ئامەد بە بڕیاری چوار مانگ زیندانیکردن سزایدا.

بەبڕیاری دادگای سزا قورسەکانی ئامەد دوای چوار مانگ دەستبەسەرکردن و مانەوەی لە زیندان، لەیلا گوڤەن ئازاد کرا، بەڵام هەمان رۆژ لەسەر رەتکردنەوەی بڕیاری ئازادکردنی لەلایەن داواکاری گشتی تورکیاوە، لە دانیشتی دەیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، بڕیاری سەرلەنوێ زیندانیکردنی درایەوە.
به‌روار:  11/07/2019
445   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   586
کۆی سه‌ردان:   29233825