گەورە بەرپرسێکی کوردی نێو سوپای پاسداران کوژرا
گەورە بەرپرسێکی کوردی نێو سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لە شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژرا.

ئاژانسی فارس نیوز بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، گروپێکی چەکداریی نەناسراو هێرشیانکردووەتە سەر چوار ئەندامی سوپای پاسداران لە شاری پیرانشار و سێ کەسیان کوژراون.

دەشڵێت، یەکێک لە کوژراوەکان ناوی حاسڵ ئەحمەدییە و خەڵکی گوندی ئیلخانی سەربە پیرانشارە و پلەی ئەفسەری هەبووە لە سوپا و بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بووە لە شاری پیرانشاری سەربە پارێزگای ورمێ.

ئاماژەی بەوەش داوە، ئۆتۆمبێلی ئەو چوار ئەندامەی سوپای پاسداران کە تۆیۆتایەکی جۆری هایلۆکس بووە، لە شەقامی سەردەشت و لە نزیک تێرمیناڵی سەردەشت کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللـەی ئەو چەکدارە نەناسراوانە.

لە بەرامبەردا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەبارەی حاسڵ ئەحمەدییەوە نوسیوویەتی، ناوبراو دەستی هەبووە لە ئازاردان و ئەشکەنجەدانی چالاکانی سیاسی و بنەماڵەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئاشکراشیکردووە، تا ئێستا هیچ حزب و لایەنێکی ڕۆژهەڵات بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لەئەستۆنەگرتووە، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسدارانیش کوژرانی ئەو سێ ئەندامەی سوپای پاسدارانیان پشتڕاستکردووەتەوە.
نالیا

به‌روار:  10/07/2019
527   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   283
کۆی سه‌ردان:   29220623