چیرۆکی خۆشەویستی کوڕ وکچێک لە حاجیاوا بە دابڕان کۆتایی هاتووە
 (مالمۆکورد) چیرۆکی عەشقێک دەگێڕێتەوە کە ڕێگەی مەرگیان ھەڵبژاردووە!
- کارزان دوای دابڕان لە خۆشەویستەکەی بێ سەر و سۆراغ مایەوە
وڵات جەلال بەیار

ڕۆژانە دەیان چیرۆکی نامۆ لە بارەی خۆشەویستیەوە دەبیستین، بەتایبەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردی دا، کە زۆرجار خۆشەویستی نێوان دوو کوڕ و کچ بە مەرگ کۆتایی ھاتووە، یان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە و دواجاریش لەیەکتر دادەبڕێن و ھەموو خەونەکانیان لە گۆڕ دەنێرن، ئەوەی کە (مالمۆکورد) لەو بەدواداچوونەدا دەیخاتە بەر باس، کێشەی نێوان دوو خانەوادەیە لە شارۆچکەی (حاجیاوا)، بەھۆی خۆشەویستی نێوان (کارزان ئەحمەد وەتمان، ج، ا، ک)، کە ساڵانێک لە پێوەندییەکی خۆشەویستی دابوون، بەڵام بەھۆی پێزانینەوەی خانەوادەی کچەکە و قبوڵ نەکردنی کوڕەکە لێک دابڕان و ئێستایش دوای 4 ساڵ ھەڕەشە لە خانەوادەی کوڕە دەکرێت و کچەکەش بێ سۆراغ ماوەتەوە و کارزانیش غوربەتی ھەڵبژارد، بەڵام کێشەی نێوانیان ھەر وەک خۆی ماوەتەوە.
خۆشەویستیەکی بێ سنوور
ئەوەی ئێمە لەو کورتە ڕاپۆرتەدا لە زاری چەند شایەتحاڵێک دەستمان کەوتووە لە بارەی خۆشەویستی و گرفتە کۆمەڵاتیەکەی نێوان ئەو دوو خانەوادەیە ئەوەیە، کە کوڕە گەنجێک لەگەڵ کچە شوخێکی ناوچەکەیان لە پێوەندییەکی خۆشەویستی پاک دا دەبن، بەڵام بەھۆی قبوڵ نەکردنی کۆمەڵگە و خانەوادە عەشایەرەکەی کچەکە پەنا دەبردرێتە بەر چەک و ھەڕەشەی کوشتن لەو کوڕەکە و کچەکەی خۆیان دەکرێت، ناچار ھەردووکیان ڕادەکەن و تا ئەمڕۆش بێ سەرو سۆراغن، بەڵام لەوە دەچێ کاتێک کارزان گوێبیستی پێزانینەوەی ھەڕەشەی ماڵی کچەکە دەبێت بەرەو ھەندەران ڕێگە بگرێت، کچەکەش ھیچ سۆراغێکی نیە و خانەوادەکەشی چەند جارێک ھەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی کوڕەکە و دەیانەوێ تۆڵەی خۆیان بە خوێن بکەنەوە، کە بە بڕوای ئەوان کڕینەوەی شەرەف لە ڕێگەی ڕژانی خوێن دەبێت.
دوای ساڵانێکی زۆر کەچی ھەر تامەزرۆیی خوێنن
ئەو کێشە کۆمەڵایەتیە ماوەی 4 ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵام دیارە خانەوادەی کچە نایانەوێ گوێ لە ھیچ کەس و پیاو ماقولێکی ناوچەکەیان بێ بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشەکە و ڕوونەدانی حاڵەتێکی نەخوازراوە، تەنانەت ئەوەی ئێمە ئاگادارین (ئەحمەد وەتمان)ـی باوکی کارزان، زۆر جار ھەوڵی داوە بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو خانەوادەیە ڕێک بکەوێت و کۆتایی بە گرژی نێوانیان بێت، ھەموو ھەوڵەکانی بێ سوود دەمێنێتەوە، چونکە ئەوان لای خۆیان دەڵێن: ئێمە بۆ کڕینەوەی وشەی شەرەف تامەزرۆیی خوێنی کوڕەکەتانین، چونکە ئێمەش لەو ڕێگەیەوە کچەکەمان لە دەست داوە و نازانین تا ھەنووکە لە ژیان ماوەیە یاخوود نا!.
به‌روار:  06/07/2019
736   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   222
کۆی سه‌ردان:   29231558