ووتارەکەی جەمیل بایک لە واشنتۆن پۆست تورکیای تووڕە کردووە

(سبەی):
وتاری سەرکردەیەکی کەجەکە لە رۆژنامەیەکی ئەمەریکی توڕەبونی تورکیای لێدەکەوێتەوە، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتەش وەک بانگەشە بۆ تیرۆر لە قەڵەمی دەدات.

رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریکی وتارێکی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما چڤاکێن کوردستان (کەجەکە)ی بڵاوکردەوە و ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایەتی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیای لێکەوتەوە.

ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی (ئانەدۆڵ)ی ئەو وڵاتە بڵاوی کردوەتەوە، وتویەتی: كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی واشنتۆن پۆست بۆ تیرۆریستێك كه‌ ئه‌مەریكا خه‌ڵاتی له‌سه‌ر داناوه‌ و له ‌لیستی تیرۆری ئەمەریکا و ئه‌وروپادایه‌، پڕۆپاگه‌نده‌ كردنه‌ بۆ تیرۆر و پێشێلكردنی یاساكانی ئه‌مەریكایه‌".

بایک لە وتارەکەیدا کە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردوەتەوە، نوسیویەتی: ساڵی (1999) لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە هاوکاریی ئەمەریکا عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە وڵاتی کینیا دەستگیر کرا، (20) ساڵە بەبێ سزادان لە زیندانی ئیمڕاڵی لە تورکیا دەستبەسەر کراوە، ئەمەش رێگەی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار و پارتی داد و گەشە (ئاکەپە) خۆشکرد کە لە ژێر ناوی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی دەسەڵاتەکانی بەسەر تورکیا و گەلی کورددا بسەپێنێت.

بایک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە؛ پەکەکە چەند جارێک لە پێناو ئاشتیدا سەرەڕای دۆخی بەهێزی خۆی بەڵام ئاگربەستی راگەیاندوە، لە بەرامبەردا حکومەتی تورکیا هیچ کات بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ ئاگربەستەکان و پرسی کورد لە تورکیا نەکردوە، تەنانەت لە ساڵی (2015) کە پڕۆسەی ئاشتی راگەیەندرا دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەردۆغان کە دۆخی خۆی و پارتەکەی بەدڵ نەبو پەنای بۆ جەنگ بردەوە.

هاوسەرۆکی کەجەکە، رونی کردوەتە لەو قۆناغەدا کە دانیشتن و دانوستان لە نێوان ئۆجەلان و نوێنەری تورکیا بەڕێوەدەچو، هێرشەکان بە چەکی قورس و فڕۆکە و بۆردومان بە چڕی لەلایەن تورکیاوە دژی کورد و پێگەکانی بەڕێوەدەچو و ئەردۆغان کوردی بە مەترسیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لەقەڵەم دەدا.

بایک لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی لە رۆڵی ئۆجەلان کردوەتەوە لە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوا دەکات بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی لە تورکیا و ناوچەکە بەدی بێت و پرسی سەدان ساڵەی کورد چارەسەر بێت، دانوستان و گفتوگۆ لە کەشێکی ئازادانە لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام بدرێت
به‌روار:  05/07/2019
565   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   299
کۆی سه‌ردان:   29266371