یاسای تازەی هێنانی خێران بۆ سوید دەکەوێتە کاڕ
حەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی سوید گۆڕانکاری لە یاسای کاتیی سەبارەت بە مافی هێنانی کەس و کار پەسند کرد.
ئەو گۆڕانکارییە یاساییانە لە ڕۆژی ٢٠ی یولییەوە جێبەجێ دەکرێن. بە پێی وتەی کارل بەکسێلیوس جێگری بەرپرسی یاسایی دەزگەی کۆچ لە یاسای نوێ دا دەرفەت دراوە بە هەموو ئەو کەسانەی کە مافی مانەوەیان لە سوید پێ دراوە کە داوای هێنانی کەس و کاریان بکەن.
کارل بەکسێلیوس ئاماژە بەوە دەکا کە بەپێی ئەو یاسایە کاتیەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ پەسەند کرابوو مافی تێکەڵ بوونەوەی بنەماڵەکان سنووردارکرابوو. بە پێی یاسای پەسند کراوی ساڵی ٢٠١٦ مافی تێکەڵ بوونەوەی بنەماڵەکان تەنیا بە کۆچبەرانێک دەدرا کە بۆنموونە لە ترسی شەڕ وڵاتەکانیان جێ هێشتبوو، بەڵام گۆڕانکاری نوێ ئەو مافە بە یەکسانی بە هەموو کەسێک دەدات کە مافی مانەوەی لە سوید پێ دراوە.
سێ مانگی یەکەم مەرجی خۆژیاندن کەس ناگرێتەوە
گۆڕانکارییەکان لە یاسای نوێی کۆچیش کاتییە و لە ٢٠ی یولی ٢٠١٩ەوە تا ١٩ی یولی ٢٠٢١ەوە کاری پێ دەکرێت. کاڕڵ بەکسێلیوس کە وتووێژی لەگەڵ هاوکارمان کێنێدیت محەممەد لە بەشی سۆماڵی ڕادیۆی سوید کردووە دەبێژی کە بە پێی ئەو یاسایەی کە پێشتر کاری پێ دەکرا، ئەو کەسانەی کە مافی مانەوەیان پێ دەدرا، ئەگەر لەسێ مانگی یەکەمی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیان داوای هێنانی بنەماڵەکەیان کردبا، ئەوا مەرجی försörjningskrav واتە خۆژیاندن نەیدەگرتنەوە.
بەکسێلیوس ئاماژە بەوە دەکا کە بە پێی گۆڕانکاری نوێ کەسانێک کە لە سێ مانگی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکە دا داوای هێنانی کەس و کاریان دەکەن، ئەوا مەرجی خۆژیاندن نایانگرێتەوە. بەڵام ئەگەر لە دوای سێ مانگی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکە داوای هێنانی کەس و کاریان بکەن دەبێ هەم کاریان هەبێ کە بتوانن خۆیان بژینن و هەمیش شوێنی نیشتەجێبوونیان هەبێ.
یاسای ساڵی ٢٠١٦ بۆ تێکەڵ بوونەوەی بنەماڵە ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە لە ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبری ساڵی ٢٠١٥بە دواوە داوای مافی مانەوەیان لە سوید کردبوو. بە وتەی جێگری بەرپرسی یاسایی دەزگەی کۆچ، هیچ گۆڕانکارییەک لەو بەشە دا نەکراوە و گۆڕانکاری نوێیەکانی یاساکەش بۆ ئەوانەیە کە لە کۆتایی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ەوە هاتوون بۆ سوید و ئەوانەی کە پێشتر داوای مافی مانەوەیان کردووە یاسایەکی دیکە لەو بارەوە دەیانگرێتەوە.
لە ئێستا دا زۆربەی کەسانیک کە داوای مافی مانەوە لە سوید دەکەن، مافی مانەوەی کاتیان پێ دەدرێت. تێکەڵ بوونەوەی بنەماڵە بۆ ئەو کەسانە بە شێوەیەکە کە بە وتەی کاڕڵ بەکسێلیوس دەبێ لە پێش دا مەسەلەی درێژ کرانەوەی مافی مانەوەیان یەکلایی ببێتەوە.
ئەو کەسانەی کە مافی مانەوەی کاتیان هەیە و داوای هێنانی بنەماڵەکانیان دەکەن دەبێ بەڵگەی پتەو و ڕوون هەبێ بۆوەی کە مافی مانەوەی کاتییەکەیان بۆ بکرێتە مافی مانەوەی هەمیشەیی. دەزگەی کۆچ ئەگەر پێی وابوو کە کەسەکە بە پێی بەڵگەی ڕوون مافی مانەوەی هەمیشەیی پێ دەدرێت ئەوە ئەوسا مافی هێنانی کەس و کار بۆ کەسەکە یەکلایی دەکاتەوە. واتە مافی هێنانی کەس و کار بۆ ئەو کەسانەیە کە لە پێش دا ڕوون بۆتەوە کە دەتوانن مافی مانەوەی هەمیشەیی لە سوید وەربگرن
ڕادیۆ کوردی سوید
بهروار: 28/06/2019
782 جار خوێندراوهتهوه
|