چیرۆکی ئەو ژنەی لە قەڵادزێ خۆی سووتاند
رووداو- قەڵادزێ‌

دوای دەمەقاڵەیەكی كەم، هاوژینەكەی گوڵە دەچێتە دەرەوە، گوڵە بەنیاز بووە بە هەڕەشەی خۆسووتاندن، مێردەكەی بترسێنێ‌، بەڵام هەڕەشەكەی بووە راستی و ژیانی خۆی لەسەر دانا. ئەگەرچی كەس سكاڵای لەسەر تۆمار نەكردووە، بەڵام پۆلیس هاوژینی گوڵێی دەستگیر كرد.

سەعات 11ی شەوی 18/6/2019 ئافرەتێكی تەمەن 24 ساڵ بەناوی گوڵە رەسوڵ حەمە، دانیشتووی گەڕەكی راپەڕین لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌، بە مەبەستی ترساندنی مێردەكەی نەوت بە خۆیدا دەكات، بەڵام لەناكاو ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات، ئاگرەكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێ‌ و زۆربەی جەستەی دەسووتێ‌. هەرچەندە ئەو ژنە بەپەلە گەیەنرایە نەخۆشخانە، بەڵام دوای چواردە سەعات لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند: "دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت ئەو ژنە لەداخی هاوژینەكەی، ئاگری لەخۆی بەرداوە، هۆكارەكەشی دیارە لێكتێنەگەیشتنی نێوانیان بووە، بۆیە دادوەر بەپێی ماددە 408 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دا مێردی ژنەكە دەستگیر بكرێ‌".

هەر لەوبارەوە عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ‌ گوتی: "بەگوێرەی ئەو پشكنینانەی كە بۆ تەرمی ئافرەتەكە كرا، دەركەوت نەوتی بەخۆیدا كردووە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، بەو هۆیەشەوە 80%ی جەستەی سووتابوو، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی بەڕێمانكرد بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، بەڵام 14 سەعات دواتر لە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو".

بە گوێرەی قسەی كەسوكارەكەی، پێش رووداوەكە گوڵە و (ئا)ی هاوژینی دەمەقاڵەیەك لە نێوانیاندا بووە. دواتر هاوژینەكەی چووەتە دەرەوە، كاتێك گەڕاوەتەوە ماڵەوە، گوڵە ویستوویەتی بیترسێنێ‌، بۆیە كەمێك نەوتی بە دامێنی مەكسییەكەیدا كردووە و ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، بەڵام دواتر ئاگرەكەی پێ‌ نەكوژێندراوەتەوە و 80%ی جەستەی سووتاوە.

بەكر رەسوڵ كە برای گوڵەیە، دەڵێت خوشكەكەی پێنج ساڵ بوو شووی كردبوو، هەرچەندە ماڵی جیای نەبوو، بەڵام لەگەڵ ماڵی خەزووریشی هیچ كێشەی نەبوو، بەدرێژایی ئەو پێنج ساڵە تەنیا جارێك لەگەڵ هاوژینەكەی بووەتە كێشەیان و زیز بووە، بەڵام دواتر بە هەوڵی هەردوو خێزان كێشەكەیان چارەسەر كردوون و گوڵە گەڕاوەتەوە لای مێردەكەی.

ئەگەرچی گوڵە پێنج ساڵ بوو مێردی كردبوو، بەڵام منداڵی نەدەبوو، براكەی پێیوایە ئەوە كاریگەریی زۆری لەسەر دەروونی خوشكەكەی هەبووە. بەكر دەڵێت: "گوڵەمان بردە لای چەندین پزیشك و مەلا، مەلا دەیگوت نووشتەی لێكراوە بۆیە منداڵی نابێ‌". 

بە گوتەی بەكر رەسوڵ، خوشكەكەی و زاواكەیان لەڕووی تەندروستییەوە كێشەی منداڵنەبوونیان نەبووە و نەزۆك نەبوون، تەنانەت منداڵیشیان دروستكردووە، بەڵام منداڵەكانیان لەبار چوون. بەكر دڵنیایە لەوەی خوشكەكەی، خۆی سووتاندووە، بەڵام نازانێ‌ لەبەرچی، هەر بۆیەش سكاڵایان تۆمار نەكردووە.

عەبدوڵڵا حەسەن كە مامی هاوژینی گوڵەیە، دەڵێت منداڵنەبوون هیچ كێشەیەكی بۆ گوڵە و هاوژینەكەی دروست نەكردبوو. ئەو باسی هۆكاری خۆسووتاندنی گوڵە دەكات و دەڵێت: "ئەو شەوە (ئا) و گوڵە كێشەیەكی بچووكیان هەبووە. (ئا) چووبووە دەرەوە، نزیكەی 11ی شەو گەڕابووەوە، گوڵە ویستبووی مێردەكەی تاقیبكاتەوە تا بزانێت (ئا) چەندی خۆشدەوێت، بەشێكی كەمی دامێنی ماكسییەكەی نەوتاوی كردبوو، پاشان ئاگری لەخۆی بەردابوو، بەڵام لەبەرئەوەی ماكسییەكەی نایلۆنی زۆر بوو، ئاگرەكە تەشەنەی كردبوو، مێردەكەی هەوڵی دابوو بیكۆژێنێتەوە، تەنانەت هەردوو دەستی سووتاون، بەڵام ئاگرەكەی پێ‌ كۆنترۆڵ نەكرابوو".

عەبدوڵڵا رەتیكردەوە گوڵە و هاوژینەكەی كێشەی گەورە لەنێوانیاندا هەبووبێ‌ و دەڵێت تەنانەت گوڵە لەسەرەمەرگدا داوای بینینی هاوژینەكەی كردبوو. كەسوكاری گوڵەش پێیانوایە كە هاوژینەكەی هیچ هەڵەی نەبووە، هەر بۆیە سكاڵایان لەسەر تۆمار نەكردووە.
به‌روار:  28/06/2019
534   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   763
کۆی سه‌ردان:   29260696