هاوسەری حاكمی دوبەی داوای مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا دەکات
شارپرێس:
پێگەی "ئیمارات لیكس" ئاشكرایكرد، لەم دواییانە بەهۆی راكردنی هاوسەری شیخ محەمەد بن راشد یاریدەدەری سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات حاكمی میرنشینی دوبەی بۆ ئەڵمانیا ، قەیرانێكی دیبلۆماسی رانەگەینراو لەنێوان ئەو دوو وڵاتە درووست بووە .
لەو بارەوە چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو باسیان لەوە كردووە، كە ئەمیرە هەیا بنت حوسێن بەرەگەز ئوردنییە و هاوسەری حاكمی دوبەیە ، بەهاوكاری دیبلۆماتكارێكی ئەڵمانی لەگەڵ زایدی كوڕی و كچەكەی بەرەو ئەڵمانیا رایان كردووە .
بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە ئەمیرە هەیا هەر لەكاتی گەیشتنی بۆ خاكی ئەـڵمانیا داوای مافی پەنابەرێتی و جیابوونەوەشی لە هاوسەرەكی محەمەد بن راشد كردووە .
سەرچاوەكان دەڵێن: هەریەك لە محەمەد بن ڕاشد و محەمەد بن زاید شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا كردووە، كە هەیا و كوڕ و كچەكەی بۆ ئیمارات بگێڕنەوە ، بەڵام بەرلین بەتوندی ئەو داواكارییەی رەتكردووەتەوە و جەختیكردووەتەوە لەژیر هیچ گوشاریكدا ئامادە نییە ئەمیرە هەیا بەزۆر بگێڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی .
بۆیە بەهۆی رەتكردنەوەی داواكارییەكەی حاكمی دوبەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە بووەتە هۆی تووڕەیی محەمەد بن راشد و هەڕەشەی گرژكردنی پەیوەندییەكانی لە ئەڵمانیا كردووە.
ئەمیرە هەیا بن حوسین لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایك بووە و كچی مەلیك حوسێن بن تەڵاڵە لە مەلیكە عەلیائی هاوسەری و خوشكی مەلیك عەبدوڵلای دووەم مەلیكی ئوردنە .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
بهروار: 26/06/2019
859 جار خوێندراوهتهوه
|