چیرۆکی ڕاستەقینەی ڕۆژنامە فڕۆشێک 😪


لەسەرخۆ هەنگاوی دەنا بەرەو هۆڵەکە.
پاش ئەوەی ١٥ پانزە ساڵ بوو نیشتمانەکەی ( عێراق )ی بەجێهێشووە.
ئەمڕۆ لەو هۆڵەدا بۆنەیەکی تایبەت سازدەکرێ ئەویش ئاهەنگە بۆ رێزلێنانی دەگیرێ.
ئەو گەورە ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی دڵە لە نەخۆشخانەی شاهانەی بەریتانی لە شاری لەندەن بەرێز پزیشکی دڵ ( ضياء كمال الدين).
لەبەر دەم هۆڵەکەدا ڕۆژنامە فرۆشێك سەرنجی ڕاکێشا کە ڕۆژنامەکانی لەسەر شۆستەی شەقامەکە وە نزیك بە دەرگای هۆڵەکە بڵاو کردبۆوە تاسەرنجی ڕێبوارانی شەقامەکە ڕاکێشێ.
دکتۆر چاوەکانی کەمێك لێکنا تا بگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو، تا وێنەی ڕۆژنامە فرۆشەکە بێنێتەوە یادی.
ئەم دەم و چاوی، کەلەسەری شوێنەواری ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری زۆر بەڕوونی دیارە دەبێ کاتی خۆی چۆن بوبێت.؟
لە پڕێکدا ڕاچڵەکی و هاتەوە یادی و ناسییەوە.
وردە وردە خۆی گەیاندە ناو هۆڵەکە و لەسەر کورسیەکەی دانیشت، بەڵام وێنەی کابرای ڕۆژنامە فرۆش لە خەیاڵیدا بوو وە بیری لێدەکردەوە.
کاتێك بانگ کرا تا مەدالیەی ڕێز لێنانەکەی پێ ببخەشرێ، لە شوین خۆی هەڵساو لە جیاتی ئەوەی بەرەو شوێنی دیاریکراو هەنگاو بنێ پشتی لە لیژنەکە کردوو بەرەو دەرگای دەرەوەی هۆڵەکە بەپەلە ڕۆیشت ئەوەی لە هۆڵەکەدا بوون ئەبڵەق بوون و بەسەر سامیەوە سەیریان کرد نەیانزانی چی ڕوویدا.
دکتۆر لە ڕۆژنامە فرۆشەکە نزیك بۆوە وە دەستی گرت، بەڵام ڕۆژنامە فرۆشەکە خۆی ڕاپرچکاندو ویستی خۆی بپارێزێ وە ووتی: ببورە کوڕم جارێکی کە لێرە نامبینیتەوە.
دکتۆر بە دەنگێکی تاساوەوە ووتی: گەورەم جارێکی کە هەرگیز تۆ ڕۆژنامە نافرۆشی تکایە لەگەڵمدا وەرە.
ڕۆژنامە فرۆشەکە واقی ووڕما و ویستی خۆی دەربازکات و دکتۆریش دەستی توند گرتووە و بەرەو هۆڵەکە ڕای دەکێشێ، ناچار ڕۆژنامە فرۆشەکە دوای دکتۆر کەوت و سەیری کرد لە چاوەکانی دکتۆردا چەند دڵۆبه فرمێسکێك قەتیس ماوە، بۆیە لێی پرسی کورم بۆ دەگریت چیتە خێرە.؟
دکتۆر لە ناخیدا قوڵبی ئەدا بۆیە نەیتوانی وەڵامی بداتەوە.
هەنگاوەکانی خێراتر کرد بەرەو شوێنی ڕێز لێنانەکە و پەلی ڕۆژنامە فرۆشەکەی هەر گرتووە.
ئەوانەی لە هۆڵەکەشان سەیری ئەم دیمەنە سەرنج ڕاکێشە ئەکەن دەیانەوێ بزانن کۆتایەکەی بە چی ئەگات؟
ئیتر دکتۆر خۆی بۆ نەگیراو دایە هاڕەی گریان و توند باوەشی بە ڕۆژنامە فرۆشەکەدا کردو دەستی ماچ کرد و ووتی: مامۆستای گەورەم مامۆستا خەلیل نامناسیتەوە.
وەڵامی دایەوە ووتی: نەبەخوا کوڕم ناتناسمەوە چاوەکانم توانای بینینیان کز بووە.
دکتۆر پاش ئەوەی فرمێسکەکانی سڕی ووتی: من قوتابیەکەی خۆتم ( ضياء كمال الدين) لە ئامادەیی ناوەندی بەغداد کە هەمیشە یەکەمی پۆلەکەم بووم وە بەڕێزیشت هەمیشە هاندەرم بووی ساڵی ١٩٦٦.
ڕۆژنامە فرۆشەکە سەیرێکی دکتۆری کرد و لە ئامێزی گرت.
دکتۆر مەدالیەکەی هەڵگرت و بە بەرۆکی مامۆستاوەکەیەوە هەڵیواسی و ڕووی کردە ئامادەبوان و ووتی: ئەوەی شایستەی ئەم مەدالیایە و ئەم ڕێزلێنانەن ئەم مامۆستا بەرێزانەن.
ئێمە کاتێ تۆشی تێکشکان و دواکەوتن و ڕیسوایی بووین، ووڵاتمان کەوتە دەست چەتەو دز و پیاو کوژو هەلپەرست و نەزان و نەفام، هۆکارەکەی ئەوەیە ئێمە ئەم بەڕێزانەمان لە یاد کردووە، مافیان خوراوە و پێشێلکراوە وە ڕێزمان لێ نەگرتن وە ئەو پلە و پایەیەی کە شایستەین لێمان زەوت کردن.
ئەم بەڕێزە مامۆستا خەلیل عەلی یە، مامۆستای وانەی عەرەبی، لە ئامادەیی ناوەندی بەغداد کە فێرگەی زۆربەی ئەو زانایانە بووە کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین.

پ. ئەمیر قەساب
به‌روار:  25/06/2019
545   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   485
کۆی سه‌ردان:   29233036