گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ بەناوی دیار سەردار خۆی کووشت
رووداو

تا دوای تەواوبوونی پرسەی كوڕەكەشی، خاوەر ئەو نامەی هەڕەشەیەی نەبینیبوو كە بۆی هاتبوو، ئەگەرنا ئێستا ژیان لەلای خاوەر بە جۆرێكی دیكە دەبوو. خاوەر هیچ نەما بۆ دڵخۆشبوونی كوڕە نەخۆشەكەی نەیكات، بەڵام دواجار كوڕەكەی بەجێیهێشت.

شەوی 30/5/2019 گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ بەناوی دیار سەردار، دانیشتووی گوندی كانی قرژاڵەی سەر بە شاری هەولێر، لە شوێنی كارەكەی خۆی لەنێو كارگەیەك، بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی گوت: "دوای ئەوەی لە رووداوەكە ئاگادار كراینەوە، پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەكە. دەركەوت گەنجێكی 19 ساڵان كە پاسەوانی كۆمپانیایەك بووە لە گەڕەكی قەتەویی شاری هەولێر، بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

بە گوتەی رائید هۆگر عەزیز، لەنێو مۆبایلی گەنجەكەدا گرتەیەكی ڤیدیۆیی دۆزراوەتەوە، گەنجەكە لە گرتە ڤیدیۆكەدا داوای لێبووردن لە دایكی دەكات و پێیدەڵێت خۆشمدەوێی، پاشان خۆی دەكوژێ‌.

دیار 10 رۆژ بەر لەوەی خۆی بكوژێ‌، ئامۆزایەكی خۆی كارێكی پاسەوانی لەو كارگەیە بۆ دۆزیبووەوە، بۆیە داوای لە دایكی كردبوو ماتۆڕێكی بە قیست بۆ بكڕێ‌، چونكە شوێنی كارەكەی كەمێك دوور بووە.

خاوەر خالید، دایكی دیار بە گریانەوە باسی كوڕەكەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی: "ئامۆزاكەی ئیشێكی بۆ دۆزیبووەوە و گوتی دەبمە پاسەوان، منیش گوتم ئیش مەكە، چونكە تۆ نەخۆشی، بەڵام سووربوو لەسەر قسەی خۆی، بۆیە رێگەم پێدا". 

خاوەر دڵی كوڕەكەی نەشكاند و ماتۆڕسكیلێكی بە قیست بۆ كڕی. خاوەر دەڵێت: "سێ‌ رۆژ بوو ماتۆڕسكیلەكەم بۆ كڕیبوو، لە كاتی چوونی بۆ سەر كار وەرگەڕا، سەرمان بە حەوت تەقەڵ دوورییەوە، دوو رۆژ لە ماڵەوە بوو و گەڕایەوە سەر كارەكەی".

دوای وەرگەڕانی ماتۆڕسكیلەكەی، دیار بەردەوام گوتوویەتی سەرم دێشێ‌، بەڵام رازیش نەبووە بیبەن بۆ لای پزیشك. خاوەر دەڵێت: "كوڕەكەم نەخۆشیی تالاسیمای هەبوو، هەمیشە پزیشكەكەی دەیگوت ئاگاداری بە، ئەگەر شتێكت دایە منداڵەكانی دیكە، دوو شت بدە دیار بۆ ئەوەی هەست بە نەقس نەكات و تووشی خەمۆكی نەبێ‌، بەڵام دواجار تووشبوو".

دیار قوتابی بوو، بەڵام دوای مردنی باوكی وازی لە خوێندن هێنابوو. دایكی دیار گوتی: "كوڕەكەم كەسێكی گۆشەگیر بوو، بەردەوام لە ژوورەوە بوو، تەنیا كاتی نانخواردن لەگەڵ ئێمە دادەنیشت".

دوای مردنی باوكی، دیار بە دایكی گوتووە واز لە خوێندن دێنێ‌ و دەیەوێ‌ كار بكات بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات، هەرچەندە دایكی داوای لێكردووە واز لەو بیرۆكەیە بهێنێ‌، بەڵام سوودی نەبووە، بۆیە چووەتە ژێرباری داواكەی.

خاوەر دەڵێت: "حەزی لە سەرتاشی بوو، بردم بۆ لای سەرتاشێك، بۆ ئەوەی فێری سەرتاشین ببێ‌، بەڵام لە كاتی ئیشكردندا چەند جارێك لەهۆش خۆی چوو، سەرتاشەكە گوتی: ئەوە بە كەڵكی ئیشكردن نایەت، بۆیە ناچار بوو واز بێنێ‌، دوای ئەوە بەردەوام دەیگوت بێتاقەتم و سەرم دێشێ‌، بە زۆر دەمانبرد بۆ لای پزیشك، بەڵام دەرمانەكانی نەدەخوارد". 

دیار بەر لەوەی خۆی بكوژێ‌، گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆمار دەكات. لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا داوای لێبوردن لە دایكی دەكات و دەڵێت: "تۆم خۆشدەوێ‌ و خوشكەكانم خۆشدەوێن، بمبوورن كە لە ژیانی خۆم بێزارم، بۆیە خۆم دەكوژم".

بێجگە لەو گرتە ڤیدیۆییە، خاوەر باسی نامەیەكی دیكە دەكات و دەڵێت: "دیار پێش ئەوەی خۆی بكوژێ‌ نامەیەكی بۆ ناردووم، لە نامەكەدا نووسیبووی خۆشمدەوێی، خۆم دەكوژم، بەڵام تا سێ‌ رۆژ دوای خۆكوشتنیشی من نامەكەم نەبینیبوو".

دیار بەو چەكی پاسەوانییە خۆی كوشت كە لە كارگەكە بوو. خاوەر پێیوایە تاكە هۆكاری خۆكوشتنی كوڕەكەی تەنیا نەخۆشییەكەی بووە، كە وای لێكردبوو بەردەوام بێتاقەت و بێزار بێ‌.
به‌روار:  22/06/2019
651   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1206
کۆی سه‌ردان:   29237044