گەنجێكی کورد لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ خۆی کوشت
رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ گەنجێکی کورد دوای بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام کە باسی لەوە کردبوو "بەهۆی ئەوەی کوردە رووبەڕووی جیاکاری بووەتەوە"، خۆی کوشت. 

ئەو گەنجە کوردە ناوی "ئیبراهیم لایک"ـە خەڵکی شارۆچکەی نوسێبینی مێردینە، کارمەندی کۆمپانیای ئەمنی ئیستەنبووڵ "گراند ئەیرپۆرت" بووە، پاش دوو کاژێر لە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لە ئینستاگرام کە لە تێرمیناڵی فڕۆکەخانەکە گرتوویەتی، خۆی کوشت.

گەنجەکە لەژێر ئەو وێنەی خۆی کە بەر لە خۆکوشتنی بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی "لەبەرئەوەی من کوردم رووبەڕووی جیاکاری ئیتنیکی بوومەتەوە".

لە میدیاکانی تورکیادا باس لەوە دەکرێت کە گوایە ئەو گەنجە داوای هاوڕێیەتی لە کچێک کردووە و کچەکەش لە وەڵامدا پێی گوتووە "من هیچ کاتێک نابم بە هاوڕێی کەسێكی کورد". 

عومەر فار‌ووق، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی کۆجائەلی لە توویتێکدا دەپرسێت "چی لە ئەم گەنجە کرا، ئاخۆ چی سووکایەتییەکی پێکرابێت؟"

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە دەشڵێت "لەم وڵاتە جیاکاری ئیتنیکی و رەگەزپەرستی بەردەوام هەبووە و ئەوانەش کە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەریان دا، وەک شەیتان پیشاندارن".

عومەر لایک، برای ئیبراهیم بە میدیاکانی راگەیاند، براکەیان هیچ کێشەیەکی دەروونی نەبووە، کەسێک نەبووە کە خۆی بکوژێت و بە گومانن لە گیانلەدەستدانی و پێیان وایە بە هۆکاری رووداوێکی نەخوازراو لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستداوە. 

هێشتا لێکۆڵینەوە لە رووداوی گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە بەردەوامە. 
به‌روار:  18/06/2019
473   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   923
کۆی سه‌ردان:   29263580