ترەمپ ژنە کوردێکی وەکو باڵوێزی ئەمریکا لە بولگاریا دیاریکرد


رووداو -

کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بە دانانی هێرۆ مستەفا، جێگری سەرۆکی شاندی دیپلۆماسی ئەمریکا لە لیسبۆن، پایتەختی پورتوگال بە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە بولگاریا.

لە راگەیێندراوێكیدا کۆشکی سپی ئاماژەی بە توانا و ئەزموونەکانی هێرۆ مستەفا کرد لە کاری کۆنسوڵگەری و بەڕێوەبردنی کاروباری باڵیۆزخانەکان.

هێرۆ مستەفا شوێنی ئێرک رووبن، باڵیۆزی ئەمریکا لە بولگاریا دەگرێتەوە کە ماوەی سێ ساڵە ئەو پۆستەی پڕکردووەتەوە.

هێرۆ مستەفا لەنێوان ساڵانی 2005 تاوەکو 2006 بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بووە تایبەت بە کاروباری ئیسرائیل و فەلەستین و ئوردون و پێشتریش لە هەمان ئەنجوومەندا بەرپرسی کاروباری عێراق و ئەفغانستان بووە.

لە ساڵانی پێشوو، سەرۆکی شاندی هاوئاهەنگکاری ئەمریکا بووە لە موسڵ و راوێژکاری کونسوڵگەری ئەمریکا بووە لە شاری بەیرووت، پایتەختی لوبنان و راوێژکاری کاروباری سیاسی کونسوڵگەری ئەمریکا بووە لە ئەسینا، پایتەختی یۆنان.

لەنێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2011، هێرۆ مستەفا راوێژکاری جۆن بایدن، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بووە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوە جگە لە کارکردنی وەک راوێژکاری سیاسی لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە نیودیلهی، پایتەختی هیندستان.

هێرۆ مستەفا، پێشتر وەک راوێژکاری سیاسی شاندی حکومەتی ئەمریکا بووە لەکاتی ئەنجامدانی گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و یەکێک بووە لەوانەی کە لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکاری رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بووە.

هێرۆ مستەفا

باڵیۆزی ئەمریکا لە بولگاریا
لە ساڵی 1973 لە شاری هەولێر لەدایکبووە
لە شاری ماینۆت لە ویلایەتی نۆرس دکۆتای ئەمریکا گەورەبووە
زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، یۆنانی، هندی و پورتوگالی بە باشی دەزانێت
بڕوانامەی باکالۆریۆسی لە زانکۆی جۆرج واشنتن و ماستەری لە زانکۆی پرینستۆن بەدەستهێناوە
ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دوو کچی هەن.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
به‌روار:  19/06/2019
596   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   936
کۆی سه‌ردان:   29263714