دوو پەنابەری عێراقی بە چەقۆ ئافرەتێکی یۆنانییان بریندار کرد
=
دوو پەنابەری عێراقی لە ناوچەی سێندەخمای ئەسینای پایتەختی یۆنان، لە هەوڵێکی دزیکردندا کچێکی بە ڕەگەز یۆنانی بە چەقۆ بریندار کردووە و دواتری هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە دوو تۆمەتبارەکە دەستگیر دەکەن.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو دوای ڕوداوەکە دەستبەجێ پۆلیسی یۆنان گەیشتوونەتە ناوچەکە و لە کاتی راکردندا دوو تۆمەتبارە عێراقییەکە لە نزیک پەرلەمانی یۆنان دەستگیر کراون.

دەربارەی ڕوداوەکە پۆلیسی یۆنان رایگەیاند، ئەودوو تۆمەتبارە لە دوکانێکدا هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کچە و برینداریانکردووە، ویستووشیانە بە چەقۆ هێرش بکەنە سەر پۆلیس، بەڵام دواتر کۆنترۆڵیانکردوون و دەستگیر کراون.

پۆلیسی ئەسینا ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئەو دوو کەسە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان دەکرێت، بزانرێت لەتاوانی دیکەدا تێوەگلاون یاخود سەر بە باندێکن یاخود نا.

سەرچاوە تەندروستییەکانی یۆنان بڵاویانکردەوە لە ئێستادا ئەو کچە چارەسەری پێویستی بۆ کراوە تەندروستی جێگیرە.

بەهۆی خراپی دۆخی پەنابەران و بێکاری و دیارینەکردنی چارەنووسی بەشێکیان لە وڵاتانی ئەوروپا، هەندێک لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکیان لە تاوانی کوشتن و دزیکردن تێوە دەگلێن و ڕووبەڕووی زیندانکردنی قورس دەبنەوە.

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، رەنج پشدەری، یۆنان
به‌روار:  12/06/2019
778   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   165
کۆی سه‌ردان:   29231400