خانمێکی كورد کاندیدە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی نەرویج
خەڵك – بەشی هەواڵ

خانمێكی كورد، كە دانیشتووی وڵاتی نەرویجە، لە سەر داوای پارتێكی ئەو وڵاتە كاندیدە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی “شاری فریدركستاد”.

ڤیان حەمەلاو، خانمە كوردێكی شاری سلیمانییە، لە ساڵی 2002 چۆتە دەرەوەی وڵات و لە نەرویج نیشتەجێ‌ بووە، لە ئێستادا ئەم خانمە لەسەر داوای پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، كاندیدی ژمارە 7 ە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان و وەك نوێنەری شاری فریدركستاد دەست نیشان كراوە.

 

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك)، ڤیان ئەحمەد سەید حەمەلاو تیشكی خستە سەر ژیانی و وتی: ناوم ڤیان ئەحمەد سەید حەمەلاوە بە ڤیان حەمەلاو ناسراوم، لە ساڵی 1976 لە دایك بووم، خاوەن بڕوانامەی دبلۆمم بەر لە هاتنم بۆ نەرویج سەرقاڵی كاری مامۆستایی بووم، لە ساڵی 2002 هەرێمی كوردستانم بەرەو وڵاتی نەرویج بەجێ هێشتووە، بە گەیشتنم بە دەرەوەی وڵات، بڕوانامەی شارەزایی و پەروەردەیی و كاركردنم لەگەڵ منداڵ و لاوان بەدەست هێناوە.

سەبارەت بە خۆگونجاندن لەگەڵ كەلتور و داب و زمانێكی دیكە، ڤیان دەڵێت”كا تێك هاتمە وڵاتی نەرویج هیچ شارەزاییەكم لە زمان و فەرهەنگی نەرویجی و نرخی مرۆڤایەتی نەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی خێرا هەموو شتێك پێچەوانە بووە وە،هەماهەنگی لە نێوان كەلتوری كورد و نەرویجی وای لە من كرد، بە زوویی شارەزایی زمان پەیدا بكەم و لە بواری سیاسی كاربكەم، بۆ لە سیاسەتیشدا، چونكە من لە خانەوادەیەكی خەباتگێڕ لە دایك بووم هەڵبەت دەبێت ئەم هۆكارەش كاریگەری هەبووبێت كە وا لە وڵاتێكی ئەوروپایی تێكەڵ بە كاری سیاسی بوومەتەوە”.

ڤیان حەمەلاو، لەسەر داوای پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، ئێستا كاندیدی ژمارە 7 ە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان وەك نوێنەری شاری فریدركستاد، ئەو دەڵێت لێرە كاری حزبی بەراورد بە هەرێمی كوردستان جیاوازە، هەموو هەوڵێك بۆ خزمەتكردنە، ئەوەش كە تێكەڵ بە كاری سیاسی و حزبی دەبێت پێویستی بە خۆ لێڕابینینە چونكە لێرە خزمەتكردن ڕۆڵ دەبینێت.

بە پێی وتەكانی ڤیان، لە نەرویج، كوردەكان هۆگرییان بۆ پارتی كرێكاران هەیە، بەڵام ڤیان پێچەوانەی خواستی بەشێك لە ڕەوەندی كوردی دەڵێت، پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، یەكێك لە پارتە هاوخەم و دڵسۆزەكانی قەزییەی كوردییە، بە وتەی ڤیان، لە سەردەمی پەلاماردانی داعش بۆ باشوور و ڕۆژئاوا و دواتریش لە میانی پەلاماردانی توركیا بۆ عەفرین و ناوچەكانی ڕۆژئاوا، كاتێك وەك كوردێك ئەم باسەم لا وروژاندوون، بە هەوڵی ئێمە و بەشێكی زۆر لە ئەندامانی پارت، نوێنەری پارتی چەپی سۆسیالیست، لە پارلەمان داكۆكی سەختی لە قەزییەی كوردی كردووە، تەنانەت لە زۆر بابەتی دیكەی پەیوەست بە دۆخی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان قسەمان هەبووە لەگەڵ بەرپرسان و كاربەرێكەرانی نەرویجی گەنگەشەی بارودۆخەكانمان كردووە، پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویجیش لەگەڵ ئەوەیە كە كورد خاوەن كیانی خۆی بێت.

ڤیان لە ئێستادا، كاری ڕۆژانەی لە باخچەی ساوایانە، ئەو دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی شارەزایم لە بواری پەروەردەیی، تا كاری باشتر بكەم بۆ یارمەتیدانی منداڵ و گەنج بۆ ئەوەی لە كەشێكی ئارام و ئابوریەكی جێگر و تەندروستیەكی باشتردا گەورە ببن، خزمەت دەكەم، تێكەڵی و هەماهەنگیشم لەگەڵ هاوڵاتیانی نەرویجی و نەتەوەكانی دیكە زۆر باشە، هەوڵ و ماندوو بوون و خەمخۆریم بۆ كارەكەم ئەوەی لێ‌ دەخوێنمەوە كە جێی متمانەی هاوڵاتیانی نەرویجی و غەیرە نەرویجییەكانی شارەكەم بم تا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا سەركەوتوو بم و لە نێوان وڵاتی دایك و وڵاتی نیشتەجێمدا ببمە هۆیەك بۆ لێك نزیكبوونەوەی زیاتری كەلتور و خەم و كۆژانەكانمان و پردی پەیوەندی نێوان كورد و نەرویج بم، دیموكراتی بۆ هەمووان گرنگە، من هیواخوازم لە ڕێگای پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویج باشتر بتوانین بە ناوی مرۆڤایەتیەوا پەیوەندی لەگەڵ یەكتر بكەین.

سەبارەت بە دەسپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی بانگەشە كردن، ئەو خانمە كوردە دەڵێت: بانگەشەی هەڵبژاردن بە پێی یاسا ڕێكخراوە و ناتوانیت لە بەند و مەرجە یاساییەكان لابدەیت، وەك خانمێكیش كە خۆم كاندید كردووە لەوە ناترسم نازناوێكی خراپ یان تۆمەتێك یان كارێكی نەشیاوم بەرامبەر بكرێت ئێرە زۆر پێچەوانەی هەرێمی كوردستانە بە داخەوە دەیڵێم دەبینین لای خۆمان چی ناوەناتۆرە و بانگەشەی خراپ شوێن كەسەكان دەخرێت، كە پشت بەخوا ئێمەش دەبێت ببینە دەوڵەت و بەو دۆخە بگەین كە لە نەرویج دەگوزەرێت، لێرە كاندیدەكان پێشوەختە دەبێت خول ببینن، تا كۆتایی هەڵمەتی بانگەشە كاندید دەبێت سێ‌ خول ببینێت، ناتوانیت بۆ هەموو جێگەیەك و هەموو شوێنێك بچیت و بێ‌ ئاگاداركردنەوە بانگەشە بكەیت، ماوەیەكە هەڵمەتەكان دەستیان پێكردووە و لە ڕێگەی دانانی مەوعید سەردانی شوێن و جێگەكان دەكەین و ئامانج و بەرنامەمان بۆ خەڵك ڕوون دەكەینەوە، ئەولەویەتیش بۆ ڕێز گرتنە لە بەرامبەر و ڕەچاوكردنی مافی ئەوی دییە، چونكە ئێستا 9 پارت لە نەرویج، بە پارتی ئاینی و نەتەوەیی و چەپ و ڕاست ڕەو لە كێبڕكێداین بۆ بردنەوە.

كاندیدە كوردەكەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی نەرویج، پێی وایە، پارتی چەپی سۆسیالیست، یەكێك لەو پارتانەیە كە داوای ئەوەی لە بەرپرسانی وڵاتی نەرویج كردووە كە هەر كەسێك بە كورد و غەیرە كورد كاتێك پەنا بۆ نەرویج دەهێنێت دەبێت پەنا بدرێت و وەك مرۆڤێك مافی هەبێت.

بڕیارە 19-9-2019 هاوڵاتیانی نەرویجی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان بۆ شارەوانییەكان دیاری بكەن.
نەرویج یەكێكە لە وڵاتە ئەوروپییە سكاندیناڤییەكان، سنووری ھەیە لەگەڵ ھەریەك لە سوید، فینلاند، ڕووسیا، سنووری دەریایی لەگەڵ ھەریەك لە وڵاتانی دانمارك و بریتانیادا ھەیە.

نەرویج بە باشترین وڵات دادەنرێ لە ڕووی بژێوی ژیان.

ئەمانەی خوارەوە گەورەترین شارەكانی نەرویجن بە پێی سەرژمێری ساڵی 2014
ئۆسلۆ (نزیكەی 634000 كەس)
بێرگێن (نزیكەی 272000 كەس)
ترۆندهەیم (182000 كەس)
ستاڤانگێر (نزیكەی 130000 كەس)
كریستیانساند (نزیكەی 86000 كەس)
فریدریكستاد (نزیكەی 78000كەس)
ترۆمسۆ (نزیكەی 72000 كەس)
ساندنێس (نزیكەی 72000 كەس)
دراممێن (نزیكەی 66000 كەس)
سارپسبۆرگ (نزیكەی 54000 كەس)
به‌روار:  10/05/2019
616   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   298
کۆی سه‌ردان:   29253701