ژنێک دەڵی ئاوات بۆكانی 17 هەزار دۆلاری خواردووم و لێشیداوم
رووداو - هەولێر
بۆ دووەمجار گۆرانیبێژی میللی ئاوات بۆكانی دەستگیر دەكرێت، جاری یەكەم لەسەر تەقەكردن لە دوو هاوڕێی خۆی و ئەمجارەش لەسەر هەڕەشەكردن لە ژنێك. ژنەكە دەڵێت 17 هەزار دۆلاری بە فێڵ لێوەرگرتووە و دواتریش لێیداوە، بەڵام كەسوكاری ئاوات بۆكانی ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە.
رۆژی 4/5/2019 ئاوات بۆكانی لەسەر سكاڵای ژنێكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیر كرا. ئەو ژنە كە بە شیلان ناسراوە و تەمەنی 38 ساڵە، بە (رووداو)ی راگەیاند: "من ساڵی 2014 لەگەڵ كوڕەكەم هاتینە سلێمانی و ئارایشگایەكم دانا، لە 2015 ئاواتم ناسی. بڕیار بوو گەعدەیەكم بۆ بكات. كە منی بینی وازی لێنەهێنام و گوتی ژنەكەم خراپە و كێشەمان هەیە، چەند ساڵە بەدوای ژنێكی رۆژهەڵاتیدا دەگەڕێم و دەمەوێت شووم پێبكەی، منیش بەو مەرجەی باشتر بیناسم رازی بووم".
شیلان كە 11 ساڵە لە هاوژینەكەی جیابووەتەوە، دەڵێ ئاوات بۆكانی فریوی داوە "ساڵێك پەیوەندیمان هەبوو، زۆر لەگەڵم باش بوو. دەیزانی پارەم هەیە، گوتی دەمەوێ مارەت بكەم، خانووێك دروستبكەم و بتبەمە ئەوێ، بەڵام پارەم نییە، منیش 15 هەزار دۆلار و بایی 2000 دۆلار زێڕم پێدا".
شیلان دەڵێت ئاوات بۆكانی خاوەنی بەڵێنی خۆی نەبووە، بۆیە دوو ساڵ لەمەوبەر سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە "ئاوات دەستگیركرا، چەند كەسێكی نارد بۆ ئەوەی سكاڵاكەم بكشێنمەوە، خاوەن كۆمپانیایەك لە هەولێر بەناوی (حاجی.د) پێیگوتم هەرچیەكت دەوێت دەیكەین، منیش رازی بووم و سكاڵاكەم كشاندەوە".
كۆتایی ساڵی رابردوو شیلان دووبارە سكاڵا لەدژی ئاوات تۆمار دەكاتەوە. ئەو گوتی: "رۆژێك بۆ شایەتیدان بانگیانكردین، بەڵام (حاجی.د) و ئەوانەی دیكەش لەبەردەم پۆلیس شایەتیی درۆیان دا و بەڵێنەكەیان نەبردەسەر، منیش پێمگوتن ئێوە پیاون عەیبە بەدرۆ شایەتی دەدەن، بەڵام ئاوات بۆكانی هەر لەنێو بنكەكە پەلاماریدام و لێیدام، بۆیە دووبارە سكاڵام لەدژی تۆمار كردەوە و رۆژی 4/5/2019 دەستگیركرایەوە".
بەڵام كەسوكاری ئاوات بۆكانی قسەكانی شیلان رەتدەكەنەوە. محەممەد سابیر، برای ئاوات بۆكانی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ساڵی 2014 ئاوات ئەو ئافرەتەی لە ئاهەنگی لەدایكبوونی كوڕەكەیدا ناسی، دواتر ئاوات و چەند هاوڕێیەكی بۆ نانخواردن بانگهێشتی ماڵەكەی كرد، لەوەوە پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوانیان دروست دەبێت. ژنەكە وازی لە براكەم نەدەهێنا و دەیگوت دەبێت بمخوازی، بەڵام كە زانی رازی نابێت، بەبیانووی ئەوەی ئاوات 12 هەزار دۆلار و چەند پارچە زێڕێكی لێوەرگرتووە، سكاڵای لەسەر تۆمار كرد. براكەم لەبەردەم پۆلیس گوتی تەنیا سوێند بخۆ پارەم لێخواردووی، ئێستا پارەكەت دەدەمەوە، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو سوێند بخوات".
محەممەد سابیر رەتیكردەوە براكەی لەو ژنەی دابێ و گوتی "ژنەكە دوای ئەوەی هیچی بۆ نەسەلمێنرا لەنێو بنكەی پۆلیس پەلاماری ئاواتی دا، بەڵام براكەم لەخۆی دوورخستەوە، پێشیگوتبوو لەبەرئەوەی لەنێو بنكەی پۆلیسین بۆیە هیچ وەڵامت نادەمەوە".
شیلان چەند نامەیەكی مۆبایل و وێنەی خۆی و ئاوات بۆكانی بۆ (رووداو) ناردووە كە بە فارسی نووسراون و گوایە هی ئاوات بۆكانییە. لە یەكێكیاندا نووسراوە دەتخوازم و لەوەی دیكەشیاندا دەڵێت پارەكەت دەدەمەوە. محەممەد نكۆڵی لە ژمارەكان ناكات كە هی ئەوانە و دەڵێ: "هەندێكجار ئاوات لێی بێزار دەبوو، دەیگوت پارەكەت دەدەمەوە ئەگەر پارەت دەوێ، بەس وازم لێبێنە.
سەبارەت بە وێنەكانیش ئاساییە كە رسمیان بەیەكەوە گرتووە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە پەیوەندییەكی تایبەتیان هەبووبێت".
محەممەد ئەو كارانەی ژنەكە بە بەرنامەبۆداڕێژراو دەزانێت. پێشیوایە دەستێكی سیاسی لەپشتەوەیە: "تاڕادەیەك دڵنیام لەوەی لەلایەن ئێرانەوە نێردراوە، تاوەكو ئاوات بۆكانی و حیزبی دیموكرات لەكەدار بكەن، چونكە ئاوات ئەندامی حیزبەكەیە".
بهروار: 08/05/2019
370 جار خوێندراوهتهوه
|