بەهۆی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی رووت خۆی كوشتووە
رووداو - هەولێر
نەوزاد لەگەڵ هاوڕێكانی دەچێتە دەرەوەی شار. ئەوان داوای مۆبایلەكەی لێدەكەن و ئەویش كە متمانەی پێیانبووە، مۆبایلەكەیان دەداتێ، بەڵام دوو رۆژ دواتر تووشی شۆكی دەكەن كاتێك پەیوەندی پێوە دەكەن و پێیدەڵێن ئەگەر پارە و كارتمان بۆ نەنێری، گرتە رووتەكانت بڵاودەكەینەوە. نەوزاد بەرگەی تانە و تەشەری خەڵكی نەگرت و خۆی كوشت.
ئەگەرچی پێنج مانگ و سێ رۆژ بەسەر خۆكوشتنی ئەودا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوانەی بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكەی نەوزاد گیراون، هێشتا نكۆڵی لەو كارە دەكەن. (نەوزاد ع)، تەمەنی 38 ساڵ، دانیشتووی ناحیەی تەقتەق بوو.
بارزان كە برای نەوزادە، بە (رووداو)ی گوت: "هەشت مانگ لەمەوبەر نەوزاد لەگەڵ هاوڕێكانی چووبووە دەرەوە، ئەوان بەناوی وێنەگرتنەوە داوای مۆبایلەكەی دەكەن، ئەویش مۆبایلیان دەداتێ، ئەوان گرتەیەكی رووتی نەوزاد لە نێو مۆبایلەكەی دەبینن، بەبێ ئەوەی نەوزاد هەستی پێ بكات، بۆ خۆیانی دەنێرن".
وەك بارزان باسی كرد، دوو رۆژ دواتر یەكێك لەو هاوڕێیانەی نەوزاد، تەلەفۆنی بۆ كردووە و پێیگوتووە "گرتەیەكی رووتمان لە نێو مۆبایلەكەت بردووە، ئەگەر پارە و كارتمان بۆ نەنێری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوی دەكەینەوە". بەڵام نەوزاد ناچێتە ژێرباری هەڕەشەی هاوڕێكانی و بێمنەتیان دەكات.
بارزان گوتی: "نەوزاد لەلای ئێمە باسی هیچی نەكرد تا ئەوكاتەی هاوڕێكانی ڤیدیۆكەیان بڵاوكردەوە، ئیدی ئێمە بە شتەكەمان زانی و نەوزادیش سكاڵای لەسەر تۆماركردن".
سێ هاوڕێكەی نەوزاد دەستگیر دەكرێن، بەڵام نكۆڵی دەكەن لەوەی ئەوان ڤیدیۆكەیان بڵاوكردبێتەوە، بۆیە دوای هەفتەیەك بە كەفالەت ئازاد دەكرێن. بارزان دەڵێت: "دوای ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازادكران، نەوزاد زۆر هەوڵی دا بیسەلمێنێ كە ئەوان ئەو كارەیان كردووە، بەڵام بێسوود بوو. رۆژ بە رۆژ باری دەروونیی خراپتر دەبوو، هەموو رۆژێك یەكێك پەیوەندی پێوە دەكرد پرسیاری بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكەی لێدەكرد، وای لێهاتبوو لە ماڵ نەدەچووە دەرەوە".
واز لە نەوزاد ناهێنن. ئەو ڤیدیۆیە چۆن بڵاوكراوەتەوە؟ بۆ لەناو مۆبایلەكەت بوو؟ بۆ كێت ناردووە و چەندین پرسیاری دیكە. وەڵامی نەوزادیش هەر ئەوە بووە كە بۆ خۆی ئەو ڤیدیۆیەی تۆمار كردووە و بۆ كەسی نەناردووە، بەڵكو لەناو مۆبایلەكەی دزراوە.
بارزان دەڵێت: "نەوزاد ئەو گرتەیەی بۆ هیچ مەبەستێك تۆمار نەكردووە، دیارە ئەو ڤیدیۆیەی هەر بۆ خۆشی گرتووە و دواتر لەبیری چووە رەشی بكاتەوە، دواتریش مۆبایل شتێكی زۆر شەخسییە، بەڵام هاوڕێ خراپەكانی كارێكیان كرد نەوزاد خۆی بكوژێ".
بە گوتەی بارزان، دوای ئەو رووداوە نەوزادی برای بە جارێك ورەی بەردابوو، خەو و خواردنی نەمابوو، بەردەوام ئامۆژگارییان كردووە كە ئەو رووداوە لەبیر بكات، بەڵام سوودی نەبووە. سێ مانگ دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆكە، نەوزاد خۆی كوشت.
بارزان گوتی: "ئەو رۆژە برایەكەم بە هاوژینەكەی گوتبوو دەچمە دەرەوە بۆ پیاسە، بەڵام كاتێك نیوەڕۆ هاوژینەكەی پەیوەندی پێوەدەكات بۆ ئەوەی بێتەوە و نانی نیوەڕۆ بخوات، وەڵام ناداتەوە. بۆیە پۆلیسمان لە رووداوەكە ئاگادار كردەوە. پاش سەعاتێك پۆلیس پێیگوتین كەسێك لە نێو ئۆتۆمبێلەكەیدا خۆی كوشتووە، كە چووین بینیمان نەوزادە".
بارزان دەڵێت كاتێك بینیویانە نەوزاد بە دەمانچە خۆی كوشتووە، تووشی شۆك بوون، چونكە ئەوان پێشتر دەمانچەیان بە نەوزاد نەبینیوە، نازانن چۆنی دەستكەوتووە.
دوای خۆكوشتنی نەوزاد، جارێكی دیكە سێ هاوڕێكەی دەستگیر دەكرێنەوە. بارزان دەڵێت: "بەتۆمەتی هاندان بۆ كوشتن، سكاڵامان لەسەر ئەو سێ كەسە تۆمار كردووە".
عەقید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە بە(رووداو)ی راگەیاند: " ئەو سێ كەسە بە تۆمەتی هاندان بۆ خۆكوشتن بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 408 ی یاسای سزادانی عێراقی بەندن، بەڵام تا ئێستا ئیعترافیان نەكردووە كە ئەو كارەیان كردووە".
بهروار: 06/05/2019
1871 جار خوێندراوهتهوه
|