BBC لە راپۆرتێکدا سلێمانی شاری شێرپەنجەیە


خەندان-

تۆڕی هەواڵی BBC لەراپۆرتێکیدا کە لەلایەن چالاکوانێکی نێودەوڵەتی بواری ژینگەوە ئامادەکراوە، شاری سلێمانی وەک شاری کۆکەرەوەی خاشاک و بڵاوکردنەوەی مەترسییەکانی شێرپەنجە ناودەبات، پارێزگاری شارەکەش نایشارێتەوە مەترسی هەیە، بەڵام دەڵێت، "دەمانەوێت بە ئاگاداریەوە چارەسەری بکەین".

لەراپۆرتەکەی BBC دا نەبیل موسا، پارێزەری ژینگەو ئاو، باسی لەگرفتی پیسبونی سەرچاوەی ئاوی سلێمانی کردوە، کە بەهۆی نەبونی سیستمی ریساکلین و بەکارهێنانەوەی خاشاک بونەتە سەرچاوەی مەترسی بڵاوبونەوەی شێرچەنجە.

راپۆرتەکە تیشکی خستوەتەسەر دیوە شاراوەکەی دەریاچەی دوکان، کە بەهۆی کۆبونەوەی رێژەیەکی زۆر لە خاشاک و پیسی بە سەرچاوەی نەخۆشی پێناسەی دەکات، بەتایبەتی بۆ شاری سلێمانی، کە ئەو ئاوە وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بەکاردەهێنن.


هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەوبارەیەوە بە خەندان- وت، "ئەو کارگانەی کە پاشەڕۆکانیان دەکردە تانجەرۆوە رامانگرت و ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی کە پاشەڕۆکانیان دەکرد ئەوێ رامانگرتن و دامانخستن".

ئاماژە بەوەش دەکات، "لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا قسەمانکرد کە پڕۆژەی ریسایکلینی سلێمانی بەهۆی ئەم قەیرانی داراییەوە، کە حکومەتی هەرێم پابەندنەبو بەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی فاروق گروپدا کردبوی کارەکە وەستابو، ئەویش ئامڕاز و ئالیاتەکانی هێناوە، ئێمە رێگاوبان و ئاو و کارەبامان بۆ دابینکردوە بۆیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران قسەمانکرد، رەزامەندیان پیشاندا کە حکومەت پابەندبێت بەو ئیلتیزاماتانەی بەرامبەر بەو کۆمپانیایە هەیەتی".

ئێستا کاری ریسایکلینی ئەو خۆڵ و خاشاکە دەستیپێکردوەتەوە
 

پارێزگاری سلێمانی وتیشی، "ئێستا کاری ریسایکلینی ئەو خۆڵ و خاشاکە دەستیپێکردوەتەوە، حاڵەتێکی تر لەو کۆمپانیا پاککردنەوانە ئەمساڵ پاکردنەوەی زۆرنەکانی دەرەوەی سلێمانیان دراوەتێ لە شارەزوریش و لە بازیان و چەمچەماڵ و دوکانیش لە گرێبەستەکەیاندا کردمان بە مەرج، کە دەبێت دو کارگەی ریسایکلین لە شارەزور و بازیان دروست بکەن و ئێستا ئەوانیش سەرقاڵی ئەوەن".

دەبێت شارەوانی چاودێری وردی بکات و بەشێوەیەکی زانستی ئەو خۆڵ و خاشاکە دابپۆشرێت
 

ئەوەشی خستەڕو، "دەبێت شارەوانی چاودێری وردی بکات و بەشێوەیەکی زانستی ئەو خۆڵ و خاشاکە دابپۆشرێت کە زیان بە خاکەکە نەگەیەنێت".

روباری دیجلە لە بەغدا هاوشێوەی ئاوی تانجەرۆی سلێمانی سەرچاوەیەکی سەرەکی نەخۆشییە کوشندەکانەوە
 

لە راپۆرتەکەی BBC دا هەروەها هاتوە، "روباری دیجلە لە بەغدا هاوشێوەی ئاوی تانجەرۆی سلێمانی سەرچاوەیەکی سەرەکی نەخۆشییە کوشندەکانەوە و بەهۆی پیسبونی سەرچاوەی ئاوی هاوڵاتیانیشەوە ساڵی رابردو هەزاران کەس لە شاری بەسرە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون".

راپۆرتەکەی BBC لەکاتێکدایە دەیان رێکخراوی ژینگە پارێز و میدیا و راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان هەن، کە تا ئێستا پرسی پیسبونی سەرچاوەکانی ئاویان نەکردوەتە پرسێکی گشتی و خەمی هاوڵاتیان، تا هەموان پێکەوە بەیەک دەست روبەڕوی ئەو مەترسییە ببنەوە کە ئەو کەناڵە بە "مەترسیدارترین هەڕەشە" ناویبردوە.

هێشتا مەترسی هەیە تا کارگەکە دەکەوێت کار، بەڵام مەترسیەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و دەمانەوێت بە ئاگاداریەوە چارەسەری بکەین
 

هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، "هێشتا مەترسی هەیە تا کارگەکە دەکەوێت کار، بەڵام مەترسیەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و دەمانەوێت بە ئاگاداریەوە چارەسەری بکەین، قەیرانی دارایی هۆکاری سەرەکی بو بۆ ئەوەی نەتوانرێت چارەسەربکرێت
به‌روار:  05/05/2019
664   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   810
کۆی سه‌ردان:   29234353