خۆکووشتنی حاکم گۆران لە لایڤی فەیسبووکەکەیدا
(سبەی):

"من بەتەنها مامەوە و كەس دەستی هاوكاریی بۆ درێژ نەکردم" ئەمە دواین وتەی حاکم گۆران بو پێش ئەوەی شەوی دوشەممە بە بەرچاوی دنیاوە دەستڕێژی گولـلە لە خۆی بکات و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا،  کۆمەڵناسێکیش هۆشداری دەدات لەوەی ئەو جۆرە روداوانە لە حاڵتەوە ببن بە دیاردە.

دو ساڵ لەمەوبەر و لە سەروبەندی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، سوبحی عەبدوڵا، ناسراو بە حاکم گۆران روی لە چیایەکی سنوری پارێزگای دهۆک کرد و بەڵێنیدا تا کوردستان سەربەخۆ نەبێت، ناگەڕێتە خوارەوە.

حاکم گۆران کێیە؟
حاکم گۆران ناوی تەواوی (سوبحی عەبدوڵایە) ساڵی (1963) لە دایکبوە و دانیشتوی قەزای ئاکرێیە، ماوەی (25) ساڵ لە دەرەوەی وڵات ژیاوە و جگە لە رەگەزنامەی عێراقیی، خاوەنی رەگەزنامەی هۆڵەندییە.

هۆشداری دابو لە خۆکوشتنەکەی
چەند سەعاتێک پێش ئەوەی دەستڕێژی گوللە لە خۆی بکات، حاکم گۆران لە لەرێگەی لاپەڕەی تایبەتی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاندبو کە خۆی دەکوژێت، بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینی بو، هیچ کام لە دەزگا ئەمنییەکان بە دەم بانگەوازەکەوە نەچون و دواجار لە سەعات (11)ی شەوی دوشەممە (30/4/2019) لە پەخشی راستەوخۆی فەیسبوکدا دەستڕێژی گوللەی لە خۆی کرد.

دوای روداوەکە حاکم گۆران رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ کرا، بەوتەی دکتۆر هەوار محەممەد لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ: حاکم گۆران بەهۆی ئەوەی توشی خوێنبەربون ببو، خوێنێکی زۆری لێ رۆیشتبو و دۆخی تەندروستی ناجێگیر بو، بەوهۆیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (1/5/2019) لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و دواتریش تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.

سەبارەت بەو روداوە و لێکەوتەکانی لەنێو کۆمەڵگە، ئارام سەردار، کۆمەڵناس لە لێدوانێکدا بۆ (سبەی) باسی لە کاریگەری ئەو روداوە و لێکەوتە خراپەکانی کرد کاتێک کەسێک بە بەرچاوی هەزاران کەسەوە خۆی دەکوژێت و لەوبارەیەوە وتی: لەکاتێکدا ئەو کەسە پێی دەوترێت "حاکم" پەنا بباتە بەر کارێکی لەم شێوەیە بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی خراپی دەبێت و روداوەکەش بە هەزاران بینەری هەبوە لەتەمەنی جیاواز، کە رەنگە ببێتە هاندەر بۆ ئەو کەسانەی داوای شتێک دەکەن یان گرفتێکیان هەیە دوبارەی بکەنەوە.

ئەو کۆمەڵناسە باس لە رۆڵی دامەزراوەکان دەکات بۆ روبەڕوبونەوە و بەدەمەوەچونی ئەو حاڵەتانە و دەڵێت: لەکاتێکدا پێشتر ئەو کەسە کاتی خۆکوشتنەکەی دیاری کردبو، پێویست بو لایەنی حکومی ئەو بابەتەی بەهەند وەربگرتایە و رێگریان بکردایە، چونکە زۆرینەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن پێشتر رایدەگەیەنن کەوا کارێکی لەم شێوەیە دەکەن، دەکرا هەوڵبدرایە قسەی لەگەڵ بکرێت و ببرایە شوێنێک تا بیرکردنەوەکەی دەگۆڕێ، لەهەمان کاتدا ئەو کەسانەی لەگەڵی بون دەکرێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێ کە چۆن دەبێ رێگە بەکارێکی لەم شێوەیە بدەن.

ئارام سەردار، هۆشداریی دەدات لەوەی ئەو جۆرە روداوانە کاریگەریی خراپی هەیە لە داهاتودا بەتایبەت مەترسی ئەوەی هەیە کە رەنگە کەسانێک بیانەوێت هەمان حاڵەت دوبارە بکەنەوە و بەوەش لەحاڵەتەوە بگۆڕێت بۆ دیاردە
به‌روار:  02/05/2019
911   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   833
کۆی سه‌ردان:   29258011