ئەو کوردەی چاو و لێوی خۆی دووریبوەوە، لە سنە سێدارە درا
ژیان:
ئەو هاوڵاتیە کوردەی چەند رۆژ لەمەوە بەر لە ناڕەزایەتی بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریدا چاو و لێوی خۆی دووریبووەوە، ئەمڕۆ لە زیندانی سنە لە سێدارە درا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ ی نیسانی ٢٠١٩ سزای سێدارەی ئەحمەد ئێرانی خەڵکی مەریوان لە بەندیخانەی شاری سنە جێبەجێ کرا.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ئەحمەد ئێرانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بە تۆمەتی کوشتنی دوو لاوی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی فەرەیدوون شەهسەواری و هیوا خوونجامە دەستگیر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
چەند ڕۆژ لەمەو بەریش ناوبراو دوای ئەوەی کە زانیبووی بڕیارە سزاکەی جێبەجێ بکرێت بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لێو و چاوەکانی خۆی دووریبووەوە.
هەر ئەو کات کەسوکاری ناوبراو لەگەڵ کۆمەڵێك لەچالاکوانانی مەدەنی شاری مەریوان داوایان لە کەسوکاری کوژراوەکە کرد، کە لە ئەحمەد خۆش بن و ڕێگە نەدەن لەسێدارە بدرێت، بەڵام کەسوکاری کوژراوەکە وەڵامی داواکارییەکەی ماڵی ئەحمەدیان نەدایەوە.
بهروار: 29/04/2019
674 جار خوێندراوهتهوه
|