لە ژاپۆن وانەی زمانی کوردی دەستیپێکرد و دەوڵەتى تورکیش کەوتە دژایەتیکردنى
لە ١ی نیسانی ٢٠١٩ / ١٢ی خاکەلێوەوە بە بەشداریى ٤٠ خوێندکار لە کۆلێژی توێژینەوەى بیانیى زانکۆی تۆکیۆی ژاپۆن وتنەوەى وانەى زمانى کوردی دەستیپێکرد.

وانەکان لەلایەن ڤاککاس چۆلاک ئەندامی دەستەى پەروەردە و راهێنانى کۆلێژی توێژینەوەى بیانیى زانکۆی تۆکیۆوە دەوترێنەوە و زۆرینەى بەشداربوانیش خوێندکارانى ژاپۆنین.

لە کۆلێژی توێژینەوەى بیانیى زانکۆی تۆکیۆی پایتەختى ژاپۆن وانەى زمانی کوردی بووە یەکێک لەو وانانە کە زۆرترین تامەزۆریى و شەیدایى بۆ دروستبووە. شانبەشانی خوێندکارانی ژاپۆن، خوێندکارانى وڵاتى چین و وڵاتى تایوان-یش بەشدارییان لە وانەى زمانى کوردی دا کردووە و حەزێکى زۆریان بۆ زمانى کوردی هەیە.

دوای دەستپێکردنى وانەى کوردی لەو زانکۆیەدا وەزارەتى دەرەوەى دەوڵەتى تورک دەستیکردووە بە هەوڵ بۆ راوەستاندنى وانەى زمانى کوردی.

 راهێنەر چۆلاک رایگەیاند، وتنەوەی وانەى زمانی کوردی بۆ ئاکادیمیاى ژاپۆن هەنگاوێکى زۆر گرنگە، بۆیە پێدەچێت هەوڵەکانى دەوڵەتى تورک بۆ راوەستاندنى وانەى کوردی هیچ ئەنجامێکى نەبێت.

چۆلاک راشیگەیاند، لە سەرچاوەکانى وەزارەتى دەرەوەى ژاپۆنەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە دەوڵەتى تورک کەوتووەتە دژایەتیکردنى وتنەوەى وانەى زمانى کوردی، بەڵام ئەو بابەتە لە ژێر پارێزگاریى دەستووری بنەڕەتیى ژاپۆن-دایە و لەو بڕوایەدام وەزارەتى دەرەوەى ژاپۆن وەڵامى پێویستی بە وەزارەتى دەرەوەى تورک داوەتەوە.

چۆلاک رایگەیاند، وتنەوەى وانەى زمانی کوردی لە زانکۆکەیاندا لە تۆکیۆی پایتەختى ژاپۆن بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ بەردەوامیى دەبێت
فورات  نیوز
به‌روار:  29/04/2019
803   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   519
کۆی سه‌ردان:   29232911