قۆزترین پیاو لە جیهان هاوسەرگیریی کرد

رووداو - هەولێر 

ئیدریس ئێڵبا، ئەستێرەی هۆڵیوود کە ساڵی رابردوو بە قۆزترین پیاو لە جیهان دەستنیشانکرا لەگەڵ نمایشکاری جلوبەرگ سابرینا دۆر هاوسەرگیریی کرد.
ئەو هاوسەرگیرییەی ئیدریس ئێڵبای بەریتانی کە هەینی لە شاری مەراکش لە مەغریب دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، سێیەم هاوسەرگیریی ئێڵبایە، لەکاتێکدا ئێڵبا دوای جیابوونەوەی لە هاوسەری دووەمی بەڵێنیدا جارێکی دیکە هاوسەرگیریی نەکات.
سابرینا دۆر هاوسەرەکەی ئێڵبا، شاجوانی پێشووی شاری ڤانکۆڤەرە لە کەنەدا و ساڵی رابردوو رازیی بوو هاوسەرگیریی لەگەڵ بکات، دوای ئەوەی ئیدریس ئێڵبا لە کاتی نمایشکردنی فیلی یاردی لە سینەما لە لەندەن کەوتە سەر ئەژنۆ و داوای هاوسەرگیریی لێکرد.
ئیدریس ئێڵبا پاڵەوانی درامای لۆسەرە، کە کەناڵی بی بی سی لە ساڵی 2010 بەرهەمیهێنا و بەهۆیەوە ئێڵبا خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بەدەستهێنا، لەپاڵ ئەو رۆڵەش ئێڵبا کە هاوکات رێکخەری میوزیکە و دەرهێنەریشە لە 14 فیلم و درامای دیاری دیکە رۆڵی گێڕاوە.

هەروەها یەکێک لە دیارترین رۆڵەکانی ئیدریس ئێڵبا، رۆڵی پاڵەوانە لە فیلمی (رێگەی دوور بەرەو ئازادی) کە تێیدا ئێڵبا رۆڵی نیڵسۆن ماندێلای سەرکردەی دیاری کۆچکردووی باشووری ئەفریقا دەبینێت.
به‌روار:  29/04/2019
590   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   659
کۆی سه‌ردان:   29257398