نەتەوە یەکگرتووەکان بەدووداچوون بۆ گۆشەگیریی ئۆجالان دەکات
کۆمەڵێک لە چالاکوانان، کەسوکاری شەهیدان، نوێنەرانی تەڤگەری ئازادیی و کەنەکە، بۆ فشارخستنەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی پشتیوانی داواکانی مانگرتووان بۆ لابردنی گۆشەگریی سەر ئۆجالان، سەردانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد، لەبەرامبەردا بەڵێنی بەدواداچوون بۆ داواکانیان دراوە.

دوێنێ شاندێکی کۆمیتەی پشتگیریی گەل لە مانگرتوان، کە پێکهاتبوون لە کۆمەڵێک لە چالاکوانان، کەسوکاری شەهیدان، نوێنەرانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و کەنەکە و بەرەی دیموکراسی گەل و نوێنەرانی هەدەپە، سەردانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە شاری هەولێر کرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی بێریڤان محەمەد، ئەندامی شاندەکە بە ڕۆژنیوزی داوە، لە سەردانەکەدا دۆسییەکیان ئاڕاستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر کردووە، تێیدا سەرنجیان خستووەتەسەر چالاکی مانگرتووان بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیرییەکانی سەر ئۆجالان.

لەو دۆسییەیەدا کە ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، بە وردیی باس لەو چالاکییانە کراوە کە دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان لە کوردستان و دەرەوە دەکرێن، هەروەها دۆخی حەوت هەزار زیندانی سیاسیی کە لە مانگرتنی بێسنووردان دژی گۆشەگیریی بۆ نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان خراوەتەڕوو.

لە دۆسییەکەدا، باس لە گرنگییەکانی ئازادبوونی ئۆجالان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، هەروەها تیشک خراوەتە سەر ئەو گۆشەگیرییەی خراوەتە سەر ئۆجالان و چەند ساڵێکە ڕێگا بە پارێزەرەکانیشی نەدراوە سەردانی بکەن.

بێریڤان محەمەد، ڕاشیگەیاند، کە بەرپرسی یەکەمی نەتەوەیەکگرتووەکان لەشاری هەولێر، پیشوازییەکی گەرمی لە شاندەکە کردووە، هاوکات دۆسییەکەی لێوەرگرتوون و ئاشکراشیکردووە، کە ئەوان هەڵوێستیان هەبووە و ئەوەی پێیان بکرێت دەیکەن و ئەوان ئەو دۆسیەیە دەگەیەننە ناوەندی سەرەکییان.

هەروەها بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی ڕاگەیاندوون، ئەوان چاودێری قۆناغەکەیان کردووە و، بەڵێنیشی داوە، کە دۆسیەکە بگەیەننە شوێنی خۆی و هەوڵی بە دواداچوونی زیاتری بۆ بدەن.

بێریڤان محەمەد ئەوەشی وت: داواکاریی ئێمە داواکاری مانگرتوان بووە، کە پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکانمان کردوە.

ئەو هەنگاوە بۆ فشارخستنە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە وێڕای مانگرتنی دەیان هەزار کەس لە زیندانەکان و دەرەوەی زیندان و خراپبوونی دۆخی تەندروستییان، وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان و ناوخۆدا، خۆیان بێدەنگ کردووە و بەهیچ شێوەیەک باس لەو گۆشەگیرییە ناکەن، کە بە وتەی یاسا ناسان، گۆشەگیرکردنی ئۆجالان سەرەڕای ئەوەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هاوکات پێشێلکردنی خودی یاساکانی دەوڵەتی تورکە.

هەوڵدان بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان بەردەوامە، جیاواز لە کوردان، چەندین نەتەوەی دیکەی دونیا دژایەتی ئەو گۆشەگیرییەیان کردووەو لە چەندین وڵات مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆریان دژی گۆشەگریی بەڕێوە بردووە.

ئەوەی ئێستا هەیە و ئازادیخوازان چاوەڕێی دەکەن، ئەوەیە، کە ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئەرکەکانیان بەجێدەهێنن و فشاردەخەنە سەر دەوڵەتی تورک بۆ لابردنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، یاخود وەک رابردوو بێدەنگ دەبن! بیدەنگییەک کە دەبێتەهۆی شەهیدبوونی هەزاران مانگرتوو لە کوردستان و دەرەوە و زیندانەکانی تورکیادا.

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩، بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرایەوە، لە ئێستادا لەژێر گۆەشگرییەکی توندایە لە زیندانی ئیمراڵی.

لە 27ی تەمموزی 2011 ـەوەڕێگە بە ئۆجالان نەدراوە پارێزەرەکانی ببینێت، هەروەهازیاتر لە سێ ساڵە ڕێگە نەدراوە خانەوادەکەشی بیبینن، جگە لە تەنها جارێک و بۆ چەند خولەکێکی کەم ڕێگە بە محەمەد ئۆجالان برای درا، کە بیبینێت.

ڕۆژنیوز
به‌روار:  26/04/2019
380   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   662
کۆی سه‌ردان:   29231032