بۆ یادی رۆژنامەگەریی کوردی

ئاسۆس هەردی

رۆژی (22)ی نیسان، حکومەت، حیزب، دامودەزگاکان، کەناڵەکانی راگەیاندن... ئاهەنگی یادی دەرچونی یەکەمین رۆژنامەی کوردییان گێڕا. لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان، بەرپرسەکان پێشبڕکێیان بو بۆ "بەرزڕاگرتن!"ی ئەم یادە، ستایش‌و پیاهەڵدانی رۆژنامەگەریی کوردی‌و جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئازادیی رۆژنامەگەری لەکوردستاندا. کەناڵە حیزبی‌و سێبەرەکان پڕ بون لە راپۆرتی تایبەت بە چالاکییەکانی یادەکەو بەرنامەو گفتوگۆی پڕ لەدروشمی بریقەداری داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ رۆژنامەگەریی کوردی بە یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت. ئەو پەراوێزە بەرتەسکەی بۆ میدیای ئازاد لە کوردساندا هەبو، رۆژبەرۆژ بەرەو بچوکبونەوەو لەناوچون دەچێت. حیزب‌و سیاسەتمەدارەکان لە رێگەی تەرخانکردنی بودجەی زەبەلاحەوە بۆ "میدیای سێبەر"، هەنگاو بە هەنگاو کایەی میدیایی کوردستان داگیردەکەن.

میدیای سێبەر دیاردەیەکی تازە نیە لە کوردستاندا، هەر لەدوای راپەڕینەوە‌و لەگەڵ توندوبونەوەی ململانێی نێوان حیزبەکان‌و دواتریش شەڕی ناوخۆدا، لێرەو لەوێ دەمانبینی چەند بڵاوکراوەیەک هەڵدەتۆقین کە ئەرکیان ئەوەبو پەلاماری رکەبەرەکان بدەن‌و هەواڵ‌و زانیاریی موخابەراتی‌و زۆربەی جار هەڵبەستراو لەسەریان بڵاوبکەنەوە. بەڵام بێگومان ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، جیاوازییەکی دیاری لەگەڵ ئەوانەی نەوەدەکانی سەدەی رابردودا هەیە، هەم لەروی قەبارەو تێچونەوەو هەم لەڕوی تەکنیکی کارکردنەوە. وەکو جاری تریش‌و لەشوێنی تریشدا باسم کردوە، پێم وایە کەناڵی (جەزیرە)ی قەتەری‌و هاوشێوەکانی بونە مۆدێلێک بۆ سیاسەتمەدارەکانی ئێمە، بەتایبەت پاش ئەوەی (جەزیرە) لەماوەیەکی پێوانەییدا توانی ئەو سەدان کەناڵە عەرەبییە رەسمی‌و مردوانەی وڵاتانی عەرەبی لە مەیدانەکە بکاتە دەرەوەو ببێتە پڕبینەرترین‌و کاریگەر ترین کەنال لە وڵاتە عەربییەکاندا. توانی وڵاتێکی بچوک‌و بێقەوارەی وەک قەتەر بکات بە گەمەکەرێکی گرنگ لەنێو وڵاتە عەرەبییەکان‌و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. هەموشمان دەزانین ئەو جزیرەیەی لەسەرەتادا (بەو جورئەت‌و کرانەوە بێوێنەیەی لەهیچ میدیایەکی عەرەبیدا نەماندیبو) وەک کەناڵێکی ئازاو ئازادو جیاواز خۆی پێناساندین، ئێستا ئیتر وەک دەڵێن، دەستەکەی کەشفەو بە رونی دیارە لەروی سراتیجەوە چ ئامانجێکی هەیەو خزمەتی چ ئایدیۆلۆجیاو بەرژەوەندییەک دەکات. جەزیرە بەرهەمی داهاتی زۆروزەبەندی پەترۆڵ‌و خەونی بەرزفڕینی میرو شێخە گەندەڵەکانی قەتەر بو، بەڵام جیاوازی ئەمانەی دوایی لەگەڵ میرو سەرکردە گەندەڵەکانی تری ناوچەکەدا ئەوەیە، قەتەرییەکان گەلێک زو لە گرنگی‌و کاریگەریی میدیا لەسەردەمی شۆڕشی زانیاری‌و تەکنۆلۆجیدا تێگەیشتن. دەستپێشخەر بون لەداهێنانی میدیایەکدا کە پێشتر لەناوچەکەدا نمونەی نەبو، میدیایەک کە بە رواڵەت ئازاد دەنوێنی‌و روبەرێکی فراوان بە دەنگە جیاوازەکان دەدات، بەڵام لە ناوەرۆک‌و ستراتیجدا، لە وێنەو پەیامدا، بێ هیچ گومانێک ئاڕستەکراوەو لەخزمەتی ئایدیۆلۆجیاو سیاسەتێکی دیاریکراودایە. روداوەکانی "بەهاری عەرەبی!"و قەیرانی نێوان سعودییەو قەتەر، باشترین دەرخەری ئەو راستییە بون.

ئەو دیاردەیەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا بە "میدیای سێبەر" ناسراوەو خەریکە بەتەواوی فەزای راگەیاندنی کوردی داگیر دەکات، هیچ نیە جگە لە کۆپیکردنەوەی ئەزمونی جەزیرەو هاوشێوەکانی
ئەو دیاردەیەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا بە "میدیای سێبەر" ناسراوەو خەریکە بەتەواوی فەزای راگەیاندنی کوردی داگیر دەکات، هیچ نیە جگە لە کۆپیکردنەوەی ئەزمونی جەزیرەو هاوشێوەکانی. جێگەی سەرنجە کە تەنانەت سەرچاوەکانیشیان هەمان سەرچاوەن: داهاتی زۆروزەبەندی پەترۆڵ‌و سەرکردەی گەندەڵ! بێهودە نیە کە لە لوتکەی قەیرانی دارایی‌و بێموچەیی خەڵکی کوردستاندا، "ئەو کەناڵانە نە بایان دی‌و نە باران!"، بگرە لەو دۆخە سەختەشدا ژمارەیان زیادی دەکردو چاوەڕێ دەکرێ زیاتریش بکەن.

بەڵام با بێویژدان نەبین بەرامبەر بە جزیرەو ئاماژە بە جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان ئەو کەناڵەو میدیای سێبەری کوردیدا بکەین. ئەگەر کەشفبونی دەستەکەی جزیرە چەند ساڵێکی پێچوبێت، ئەوا میدیا سێبەرەکانی لای خۆمان هەر زو، لە هەمو تەنگژەیەکی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، جار لەدوای جار دیوی راسەقینەی خۆیان بۆ ئاشکرا کردوین. ئاخر وەکو دەڵێن (تەقلید) قەت وەکو (ئەسڵ) دەرناچێ‌و وەکو ئەوی پێ ناکرێ.

بەکورتی، دەسەڵاتدارەکان بە زەبری هێزو گوشارو تۆمەت‌و هەڵمەتی راگەیاندنی کەناڵە زۆرو بۆرەکانیان نەیانتوانی میدیای ئازاد لەناوبەرن. ئێستا دەیانەوێ بە زەبری پارەی بێ حسابیان فەزای میدیایی کوردستان کۆنترۆڵ بکەن. ئەمەش شەڕێکی نابەرامبەرە: گیرفانی بەتاڵ، بەرامبەر بانکی "سیاسییە بازرگانەکان‌و بازرگانە سیاسییەکان"!.

ئەگەرچی ئەمە قۆناغێکی سەخت‌و تاریکە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری لەکوردستاندا، بەڵام ئەمیش هەر تێدەپەڕێ. کوردستان قەتەر نیەو هیچ ئەزمونێکی (کۆپی- پەیست)یش سەرکەوتو نابێت
لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیام لەوەی ئەگەرچی ئەمە قۆناغێکی سەخت‌و تاریکە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری لەکوردستاندا، بەڵام ئەمیش هەر تێدەپەڕێ. جارێ با ئەوەمان لەبیربێ کە کوردستان قەتەر نیەو هیچ ئەزمونێکی (کۆپی- پەیست)یش سەرکەوتو نابێت. جگە لەوەش دەبینین خودی ئەسڵەکەیش، واتە کەناڵی جزیرە، چیدی ئەو کەناڵە کاریگەرە نیەو ئەو رۆڵەی نەماوە کە لەسەرەتادا هەیبو. لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەی هیچ کەس‌و دەزگایەک ناتوانێ تاسەر، خەڵکی بخەڵەتێنی. لەهەمو ئەوانەش گرنگتر، ئێمە میللەتێکین دەیان ساڵە لەپێناوی ئازادیدا قوربانی دەدەین، دوژمنە زەبەلاح‌و خوێنڕێژەکان نەیانتوانی چۆکمان پێ دابدەن، بۆیە ئەگەر رۆژگاری تاریکیشمان بەسەردا بێت، بێگومان تەسلیم نابین‌و بەردەوام دەبین. داهاتوش هەر بۆ ئازادی‌و ئازادیخوازانە.

پەیجی نووسەر

به‌روار:  25/04/2019
365   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   332
کۆی سه‌ردان:   29253442