زۆری کتێب سەری لە خوێنەر شێواندوە
خەندان-کۆچەر عەزیز
کتێب لە تەمەنی پێنج هەزار ساڵەی خۆیدا رێگەیەکی دور و درێژی لە تابلۆی قوڕینەوە دەستیپێکرد تا گەیشتە چاپی ئەلکترۆنی، كتێب فرۆشێك دەڵێت، زۆری كتێب سەری لە خوێنەر شێواندوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمیش رایدەگەیەنێت بەبەراورد بە ساڵانی رابردو رێژەی چاپكردنی كتێب زیادی كردوە.
رۆژی 23 نیسانی ههموو ساڵێك به رۆژی جیهانی كتێب ناسراوه
رۆژی 23 نیسانی ههموو ساڵێك به رۆژی جیهانی كتێب ناسراوه و ئهم رۆژهش لهلایهن رێكخراوی یونسكۆی سهر به نهتهوه یهكگرتووهكان دیاریكراوه و ههمو ساڵێك لهو رۆژهدا له سهرانسهری دنیا چالاكی جۆراوجۆر بۆ هاندانی خهڵك بهرهو خوێندنهوهی كتێب ئهنجام دهدرێت، بۆ ئهمساڵیش له شاری سلێمانی به كردنهوهی پێشانگهی كتێب و خوێندنهوهی شیعر و ژهنینی موزیك و نمایشی فیلم ئهو رۆژه بهرز راگیرا.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 91 کتێبخانەی گشتی حکومی هەیە
لە هەرێمی کوردستانیش ئاستی خوێندنەوە بەرەو باشتر دەڕوات و ساڵ بەساڵ رێژەی چاپکردنی کتێب زیاتر دەبێت و هیچ سانسۆرێک لەسەر کتێب نییە بۆ چاپکردنی.
سەرباز جەوهەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێم بە خەندان-ی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 91 کتێبخانەی گشتی حکومی هەیە بۆ خوێندنەوە، بەڵام ناوەندە ئەهلییەکان لای ئەوان تۆمار نەکراون، چونکە ئەوان بە مەبەستی بازرگانی و بەبازاڕکردنی کتێبەکانی خۆیان و وەك ئەرکێکی رۆشنبیری چالاکی خۆیان دەکەن.
بەپێی یاسا هیچ سانسۆرێک نییە لەسەر بڵاوبونەوەی کتێبەکان، تەنها ئەوانە نەبێت کە مەترسیان هەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی
سەبارەت بەوەی کە چ سانسۆرێک لەسەر بڵاوبونەوەی کتێبەکان هەیە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێم وتی:"بەپێی یاسا هیچ سانسۆرێک نییە لەسەر بڵاوبونەوەی کتێبەکان، تەنها ئەوانە نەبێت کە مەترسیان هەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و رێگەی پێنادەن، بەڵام کتێبەکانی دیکە دوای بڵاوبونەوەی هەربابەتیك ئەگەر ناوزڕاندنی تێدابو ئەوا دادوەر لێی بەرپرسە و ئەو کەسە یان ئەو لایەنەی کە ناوزڕاندنی پێکراوە دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات".
سپاردنی ژمارەی کتێب بەراورد بە ساڵانی رابردو زیادیکردوە
سەرباز جەوهەر دەشڵێت، سپاردنی ژمارەی کتێب بەراورد بە ساڵانی رابردو زیادیکردوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2017 بۆ 2018 لە سەدا 10 زیادیکردوە، لەساڵی رابردودا 960 کتێب لە شاری هەولێر و لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا 404 کتێب ژمارەی سپاردنیان پێدراوە، لە دهۆکیش لە ساڵی رابردودا 327 کتێب و لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵیشدا 117 کتێب ژمارەی سپاردنیان پێدراوە، لە سلێمانیش لە ساڵی رابردودا هەزار و 40 کتێب و لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵیشدا 398 کتیب ژمارەی سپاردنیان پێدراوە.
زۆری کتێب سەری لە خوێنەر شێواندوە پێویستە لە ڕێگای دەزگایەکەوە سانسۆر بۆ کتێب دابنرێت
ناوەندە ئەهلیەکانی کتێبیش دەڵێن زۆری کتێب سەری لە خوێنەر شێواندوە پێویستە لە ڕێگای دەزگایەکەوە سانسۆر بۆ کتێب دابنرێت و بەپێی پێویستی ئەم سەردەمە وداهاتو چاپبکرێن.
ئاستی خوێندنەوە لە چاو ساڵانی رابردودا زیاترە، لەگەڵ ئەم زیادبونەدا ژمارەی کتێبی چاپکراو زۆر زیاتر بوە
ئارام سدیق، بەڕێوەبەری ناوەندی رەهەند بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، بە خەندان-ی وت، هیوادارم ئەم رۆژە ببێتە هاندەرێکی باش بۆ خوێندنەوە، ئاستی خوێندنەوە لە چاو ساڵانی رابردودا زیاترە، لەگەڵ ئەم زیادبونەدا ژمارەی کتێبی چاپکراو زۆر زیاتر بوە، کە ئەمە بە دیوێکدا دڵخۆشکەرە، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا جۆرێک لە سەرلێشێوانی دروست کردوە بۆ خوێنەر کە ئێستا بە ئەستەم دەتوانێت باش و خراپ لە یەک جیابکاتەوە یان کتێبە گرنگەکان دەستنیشان بکات.
دۆخی کتێب خوێندنەوە لە کوردستاندا، جۆرێک سەرلێشێواوی پێوە دیارە
ئارام سدیق ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی کتێب خوێندنەوە لە کوردستاندا، جۆرێک سەرلێشێواوی پێوە دیارە، بۆیە دەبێت بە پێی ئاستی خوێنەر کتێب چاپ بکرێت و ئەو کتێبانەی چاپدەکرێت ناساندنی بۆ بکرێت، بۆئەوەی بەرچاو رونی بدرێت بەو خوێنەرانەی کە دێنە کتێبخانەکان و دەخوازن کتێبیان دەست بکەوێت.
دەبێت کتێبەکان لە دەزگایەکی کتێب چاپ بكرێن نەک حکومەت سانسۆر دابنێت
سەبارەت بە زۆری کتێب دەڵێت، دەبێت کتێبەکان لە دەزگایەکی کتێب چاپ بكرێن نەک حکومەت سانسۆر دابنێت، بەڵکو دەزگاکان خۆیان پێویستە فلتەریان هەبێت بۆ چاپکردنی کتێب یاخود ئەو کتێبانەی کە گرنگن بۆ ئەم قۆناغە و داهاتو چاپکرێن، نەک ئەوانەی کە زیانیان هەیە بۆ داهاتو.
ئارام سدیق دەشڵێت، خوێندنەوە لە کوردستاندا نەبوە بە کلتور، ئەرکی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیە کار بۆ ئەوە بکەن، ببنە هاوکار بۆ پرۆسەی پەروەردە و دوای پەروەردەی خێزان و قوتابجانە ، ئەرکی پەروەردە و بەکلتورکردنی خوێندنەوە بكەنە ئەركی سێهەم.
ناوەندی رەهەند ماوەی یەک ساڵ دەبێت دامەزاروە تا ئێستا نزیکەی 25 کتێبیان بڵاوکردوەتەوە، لەو ژمارەیە 21 کتێبیان چاپکراوی خۆیان بوە، پڕ فرۆشترین کتێبیان کتێبی (داریاس و لاشەکان)-ی بەختیار عەلی بوە.
هۆكاری دیاریكردنی ئەم رۆژه بۆ کتێب لهلایهن یونسكۆ بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه ههریهك له ئهدیب و نووسهران (میگیل دی سێرڤانتس، ولیام شكسپیر، ئاینكا گارسیلاسۆ) لهو رۆژهدا كۆچی دواییانكردوه و هاوكات ههریهك له (مۆریس دۆریۆن، هالدۆر لاكسنس ، ڤلادیمێر نابۆكۆف، جوزیب لا) كه ههریەكهیان نوسهری گهورهن و كتێبهكانیان كاریگهری لهسهر مرۆڤایهتی دروست كردوه، بۆیه یونسكۆ ئەمڕۆی بە رۆژی جیهانی كتێب دیاریكرد، تا هانی خهڵكی بدات زیاتر كتێب بكڕن و بیخوێننهوه تا زیاتر هۆشیار ببن و زیاتر بزانن.
دەتوانین بڵێین خوێندنەوە تا رادەیەک باشە بە هەمو تێبینیەکانەوە
شاخەوان سدیق، ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لەبواری خوێندنەوە و کلتوری و ئەدەبیدا کاردەکات، لە ئێستاشدا سەرنوسەری پاشکۆی پەڕاوە لە رۆژنامەی هاوڵاتی بە خەندان-ی وت، هەرێمی کوردستان پێشتر لە ژێر دەسەڵاتێکدا بوە رێگەی نەداوە کتێبخانەی هەبێت، بەڵام لە دوای راپەڕین و ساڵانی دواتر هەرێمی کوردستان ئاستێکی باش لە شەپۆلێکی گەورەی وەرگێڕان چوەتەوە پێشەوە، دەتوانین بڵێین خوێندنەوە تا رادەیەک باشە بە هەمو تێبینیەکانەوە، چونکە هێشتا لە چاو ئەو خواستە گەورەیە و ئەو کرانەوە گەورەیەی کە هەیە بەڕوی تەکنەلۆجیا، ئاستەکە دڵخۆشکەر نییە، بەڵام جێگەی رەشبینش نییە.
بهروار: 24/04/2019
428 جار خوێندراوهتهوه
|