دێرشپیگل-ی ئەڵمانی: لە عەفرین پاکتاوی ڕەگەزی و کولتوری دەکرێت
دێرشپیگل کە یەکێک لەسەرەکیترین گۆڤارەکانی ئەڵمانیایە، لەسەر عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیرکراوە، شیکارییەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: لە عەفرین پاکتاوی ڕەگەزی وکولتوری بەڕێوەدەچێت.

کردەوەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین، لە میدیاکانی جیهان دەنگی داوەتەوە، دێرشپیگل شیکارییەکی لەسەر ڕووداوەکانی یەکساڵی ڕابردووی لە عەفرین بڵاو کردووەتەوە.

کریستۆف سیدۆو لە پەیامنێرانی دێرشپیگل کە شیکارییەکەی ئامادەکردووە، بەبیریهێناوەتەوە، کە دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، زۆربەی دانیشتووانی کوردی عەفرین کۆچیان کردووە، بەڵام دەستیان لەخەیاڵی گەڕانەوە بۆ عەفرین بەرنەداوە.

کریستۆف سیدۆو ئاماژەی بە نووسینێکی برێت مەکگۆرگ نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی دژی داعش لەسەر عەفرین لە گۆڤاری "Foreign Affairs" کردووە کە نووسیویەتی:"ئازاری ڕاستەقینە لە سوریایە"، هێرشی سەر عەفرین نە لەسەر نیگەرانی تورکیا بۆ پاراستنی سنوورەکانی بوو، ئەو هێرشە لەسەر خواستی ئەردوغان بۆ بەرفراوانکردنی سنوورەکانی وڵاتەکەی بوو.

دێرشپیگل لە درێژەی شیکارییەکەی ئاماژە بەوە دەکات، کە دەوڵەتی تورک ڕێگا بە چاودێرانی سەربەخۆ نادات بچنە عەفرین، تا لەسەر پاکتاوی ڕەگەزی و کلتوری لەو ناوچەیە زانیاری بەدەست بێنن و نووسیویەتی: بەپێی ئەو وێنانەی بڵاو بوونەتەوە گۆڕی عەلەوی و ئێزدییەکان هەڵوەشێندراون و پاکتاوی ڕەگەزی و کلتوری بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی عەفرین.

لە شیکارییەکەیدا دێرشپیگل ئاماژەی بەوە کردووە، کە ناوی گەڕەک و کۆڵانەکانی عەفرین گۆڕدراون بە تورکی، زمانی کوردی لە خوێندنگاکان لابراوە و وانەکان بە قورسی و بە تورکی دەوترێنەوە، توندڕەوی ئیسلامی بەسەر ناوچەکە دەسەپێندرێت و بە تایبەتی فشار دەخرێتە سەر ژنان.

لەو شیکارییەدا دێرشپیگل سەرنجی ڕاکێشاوەتەوە سەر ئەو چالاکیانەی بەم دواییە لەدژی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئەنجام دەدرێت و قسەکانی عایشە حەسۆ هاوسەرۆکی پەیەدەی بەبیرهێناوەتەوە کە وتبووی:"ئەم چالاکییانە بەشێک لە بەرخۆدانی ئێمەیە، عەفرین لە یەکینەکانی تورک دەکەینە زۆنگاو".

ڕۆژنیوز
به‌روار:  24/04/2019
420   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   585
کۆی سه‌ردان:   29250989