بەغدادی لە کوێیە؟
(سبەی):

دوای کۆتاییهێنان بە داعش لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدە و کۆنتڕۆڵکردنەوەی دوا مۆڵگەیان لە شارۆچکەی باغۆز، ئێستا هەموان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن کە ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە کوێیە؟.

یەکەمجار کە ئەبوبەکر بەغدادی دەرکەوت، مانگی تەمموزی ساڵی (2014) بو، ئەوکاتە خەلافەتەکەی حوکمی ناوچەیەکی بەرفراوان و سێیەکی خاکی عێراق و سوریای دەکرد، کە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس لەژێر فەرمانڕەویی گروپەکەیدا دەژیان.

ئەبوبەکر بەغدادی، ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد محەمەد ئیبراهیم عەلی محەمەد بەدریی تەمەن (47) ساڵە و هەڵگری رەگەزنامەی عێراقییە و لەدایکبوی سامەڕایە، داواکراوی ژمارە یەکە لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەتی لای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە شەڕی روبەڕوبونەوەی داعش.

رۆژنامەی لۆباریزیانی  فەڕەنسیی بڵاوی کردەوە؛ ئیبراهیم بەدری ساڵی (2004) و بۆ ماوەی چەند مانگێک لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە دەستگیرکرا بە تۆمەتی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان سەرانی رژێمی پێشوی عێراق و گروپە جیهادییەکان، دوای رزگاربونی لە زیندان سەرەتا بەغدادی بەیعەتی بە ئەبو مەسعەبی زەرقاوی سەرکردەی قاعیدە لە عێراق دا، دواتر لە ساڵی (2010) بەغدادی لەژێر ناوی ئەبی عومەری بەغدادی سەرکردایەتی گروپە جیهادییەکانی گرتە دەست و لە ساڵی (2014) سەرجەم گروپە جیهادییەکانی پاشماوەی قاعیدە و نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامی لە چوارچێوەی خەلافەتی ئیسلامی رێکخست و بوە سەرکردە و رابەری یەکەمیان لە عێراق و شام.

لەگەڵ نزیکبونەوەی ئاوابونی خۆری داعش لە عێراق و سوریا، لەماوەی چەند ساڵی رابردودا ژمارەیەک راپۆرتی هەواڵگریی و رۆژنامەوانی ئاشکرایان کرد؛ بەغدادی بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانەوە بە سەختی بریندار بوە و تەنانەت هەندێکیشیان باسیان لە ئەگەر مردنی دەکرد، بەڵام تائیستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی ئەو زانیارییانەی پشتڕاستنەکردوەتەوە.

بەپێی نوێترین راپۆرتی هەواڵگریی، لەئێستادا بەغدادی لە ناوچە بیابانییە سەختەکان کە بە درێژایی سنورەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی سوریا و تا ناوەڕاستی سوریا و پارێزگای حومس درێژ بوەتەوە، خۆی حەشارداوە. 

راپۆرتەکان، ئەوە بە بەڵگە دەهێننەوە کە حوزەیفەی کوڕی بەغدادی مانگی تەمموزی ساڵی رابردو لە هێرشێکی موشەکی روسیادا لە بیابانەکانی رۆژهەڵاتی سوریا کوژرا، بە ئەگەری زۆر لەگەڵ باوکیدا بوە و بەغدادی بە موعجیزە لەو هێرشە رزگاری بوە، بەڵام بەجۆرێک برینداربوە کە کەوتوەتە سەر جێگا و توانای هەڵسوکەوت و جموجوڵی نەبوە.

دوای وتارەکەی لە مزگەوتی نوری لە موسڵ لە مانگی تەمموزی ساڵی (2014) و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، بەغدادی چیتر دەرنەکەوتەوە و هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی بڵاو نەبوەوە، لەوکاتەوە ناوی (تارمایی) لێنراوە، هیچ شوێنەوارێکی لەدوای خۆی جێنەهێشت و نەبینرایەوە.

دواجار کە دەنگی بەغدادی بەر گوێی خەڵک کەوتوە لە مانگی ئابی ساڵی (2018) بو، ئەوکاتەی حکومەتی عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعش و کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداریی لەگەڵ گروپە راگەیاند، کە لە تۆمارێکی دەنگیدا داوای لە شوێنکەوتوانی کرد بەردەوامیی بدەن بە جیهاد و لەسەر رێگاکەیان بەردەوام بن.

زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن، تیمی پاسەوانیی بەغدادی لە سێ کەس پێکهاتون، کە لە عەبدولـلەتیف جبوریی شۆفێر و پاسەوانی تایبەتی کە لە منداڵییەوە هاوڕێی یەکترین، لەگەڵ سعود کوردی (تەتەری تایبەتی) و جومعەی برا گەورەی بەغدادی پێکدێن.

رۆژنامە فەڕەنسییەکە، لەسەر زاری هیشام هاشمی شارەزای کاروباری گروپە جیهادییەکانەوە بڵاوی کردەوە؛ بەغدادی نەخۆشی شەکرەی هەیە و لایەنی کەم جارێک بە سەختی برینداربوە.

مستەفا بالی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەدوریزانی بەغدادی لە ناوچەیەکی باغۆز خۆی حەشاردابێت، کە لە رۆژی نەورۆزدا لەلایەن شەڕڤانان و بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک دوا مۆڵگەی داعش لەسەر زەوی کۆنتڕۆڵکرایەوە.

پێشتر ئەمەریکا بڕی (25) ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات و بەخشین بۆ ئەو کەسە دیاری کردبو کە شوێنی بەغدادی ئاشکرا بکات، یان هەر سەرەداو و زانیارییەک ئاشکرا بکات و بیانگەیەنێتە بەغدادی، هاوشێوەی ئەو بەخشینەی بۆ ئاشکراکردنی شوێنی ئوسامە بن لادن و دواتر ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی قاعیدە دیاری کردبو.

خۆری داعش لە رۆژهەڵاتی فورات لەسەر دەستی شەڕڤانانی کورد ئاوابو، ئەوەی ماوەتەوە چارەنوسی ئەمیرەکەیانە کە نزیکەی پێنج ساڵە وەک تارمایی لێهاتوە و کەس زانیاریی لەبارەیەوە نییە.
به‌روار:  25/03/2019
450   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   805
کۆی سه‌ردان:   29238672