وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە شەڕڤانان و سوپای وڵاتەکەی دەکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرکەوتنی شەڕڤانانی بە دەستکەوتێکی زۆر زۆر گرنگ و باڵا وەسفدەکات و پیرۆزبایی لە شەڕڤانان و سوپای وڵاتەکەی دەکات.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەسەر هەژماری تویتەری خۆی لە پەیامێکدا سەرکەوتنی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پیرۆزکرد.

پۆمپیۆ نووسیویەتی:"ناوچەیەک کە سەردەمیک لەژێر دەستی داعش بوو، ئازادکرا، ئێمە ئەو سەرکەوتنە لە سوپای ئەمریکا، شەڕڤانانی ‌سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە دەستکەوتێکی زۆر زۆر گرنگ و باڵایە، پیرۆز دەکەین".

لە بەردەوامیدا مایک پۆمپیۆ نووسیویەتی: هێشتا کارێکی زۆر ماوە تا دڵنیابین لەوەی، کە ئیسلامی توندڕەو بوونی نەماوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، بەر لە پۆمپیۆ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕزگارکردنی تەواوەتی عێراق و سوریای لە بوونی داعش ڕاگەیاندبوو، هەروەها وتبووی:"بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەوانە سوپای عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمریکا هەموو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعشی لە عێراق و سوریای ١٠٠٪ لە بوونی خەلافەتی داعش ڕزگار کردووە".

ترامپ ڕاشیگەیاندووە: کە تا کۆتاییهاتنی تەواویی ئیسلامی توندڕەو، بەردەوام دەبن لە پشتیوانی هاوکارییەکانیان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای عێراق.

شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دوێنێ لەناوچوونی یەکجاری دەسەڵاتی جوگرافی داعشیان ڕاگەیاند، کە دوایین مۆڵگەی چەتەکانی داعشیان لە ڕۆژی نەورۆز کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە خەلافەتەکەی داعش هێنا.

س.ح

ڕۆژنیوز
به‌روار:  25/03/2019
400   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   343
کۆی سه‌ردان:   29232365