هێرشبەرە تورکەکەی هۆڵەندا دەستگیرکرا
میدیاکانی هۆڵەندا بڵاویانکردەوە، هێزەکانی پۆلیس تۆمەتباری هێرش و تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی شاری ئوترێختی ئەو وڵاتەیان دەستگیرکردووە و، سەرۆک کۆماری تورکیاش لەسەر ڕووداوەکە قسەی کردووە، دوای ئەوەی ئاشکرابووە تۆمەتبارەکە هاوڵاتییەکی تورکە.

پێشتر سەرۆکی شارەوانیی ئۆترێخت ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوی تەقەکردنەکەوە سێ کەس کوژراون و ٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

پۆلیسی هۆڵەندا هۆشداری دابووە هاوڵاتییان نزیکنەبنەوە لە پیاوێکی تەمەن ٣٧ ساڵی تورکی، کە تۆمەتبارە بە ڕووداوی تەقەکردنەکەی شاری ئۆترێخت.

پۆلیس تۆمەتبارەکەی بە غۆکمان تانیش و وەکو هاوڵاتییەکی تورکی ناساند و، وێنەکەشی لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکردەوە و داوایکرد، دەستبەجێ پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکرێت ئەگەر هەر کەسێک بینی.

لەکاتی ڕووداوەکەشدا سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری هۆڵەندا ڕایگەیاند، پێدەچێت ڕووداوەکە تیرۆریستی بێت.

لەلایەکی ترەوە ڕەجەب تەئیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر ڕووداوەکەی هۆڵەندا هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی لێکۆڵینەوە لەسەر پاڵنەری هێرشەکەی شاری ئۆترێخت دەکات.

ئەردۆغان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی حەوتی تورکیا ڕایگەیاند، "تا ئێستا ڕوون نییە هۆکاری هێرشەکە چییە، بەڵام وەک دەگوترێت بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە بووە، دەشگوترێت تەقەکردنەکە تیرۆریستییە و، لە ئێستاشدا دەزگای هەواڵگریی تورکیا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات."

لەکاتی ڕووداوەکەش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی هێرشەکەی کرد بەدەر لەوەی تۆمەتبارەکە هاوڵاتی تورکیایە.

ئێن ئاڕتی 
به‌روار:  19/03/2019
616   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   770
کۆی سه‌ردان:   29230955