پەنابەرێكی کوردی بەریتانیا بۆ وەرگرتنی رەگەزنامە "هاوسەرەكەی كوشتووە"
خەندان-
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بریتانی بڵاویكردوەتەوە، پەنابەرێكی کوردی ئێران دانی بەوەداناوە سێ ڕۆژ دوای ئەوەی هاوسەرەكەی پشتگیرینەكردوە لە داواكاری مانەوەی لە بریتانیا "هاوسەرەكەی بە چەقۆ كوشتوە".
بەپێی رۆژنامەکە، ئەو پەنابەرە ناوی دانا عەبدوڵڵا-یە و لە دوای دەستگیركردنی، لە لێكۆڵینەوەكاندا دانیبەوەداناوە هاوسەرەكەی خۆی كە ناوی ئاڤان نەجمەدین-ە و دایكی چوار منداڵە بە چەقۆ كوشتوە.
لە لێكۆڵینەوەكاندا دانیبەوەداناوە هاوسەرەكەی خۆی كە ناوی ئاڤان نەجمەدین-ە و دایكی چوار منداڵە بە چەقۆ كوشتوە
دانا-ی تەمەن 35 ساڵ، پاش كوشتنی ئاڤان بە چەقۆیەك، دواتر چەقۆكەی شوشتوە و خستویەتیەوە شوێنی خۆی.
بەپێی رۆژنامەکە، سێ رۆژ بەر لە روداوەکە، هاوسەرەكەی دانا داوای لە پارێزەرەكەیان بۆ كاروباری مانەوە لە بریتانیا كردوە، كار بۆ مانەوەی دانا نەكات لە بریتانیا و پاش ئەوەی دانا پێیزانیوە، لە ماڵەكەی خۆیدا بە چەقۆ كوشتویەتی.
ئاندریو سمیس، داواكاری گشتی لەبارەی دۆسیەی كوشتنی ئاڤانەوە، دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاندوە، كەیسەكە كوشتنی پلان بۆ داڕێژراو و ویستێكی پێشوەختە، كە هۆكارەكەی پەیوەندی بە ڕازینەبونی كوژراوەكەوە هەیە بۆ مانەوەی هاوسەرەكەی لە بریتانیا.
لە ماوەی دانیشتنی دادگادا، بۆ ماوەی 30خولەك لەبارەی ئەو كەیسەوە، دادگا رایگەیاند، تاوانبار بە مەبەست چوەتە ناو ئەو خانوەوە و پێشتر بڕیاریداوە بۆ كوشتنی هاوسەرەكەی.
پارێزەری تاوانبارەكەش رایگەیاند، "كوشتنەكە بە مەبەست بوە و ئەوە شتێك نیە جێگای مشتومڕبێت".
لە دانیشتنەکەی دادگادا، دانا باسی ئەوەی كردوە کە لەو ماوەیەی لە عێراق بوە بەهۆی ئەوەی ئەشكەنجەدراوە، توشی نەخۆشی PTSD بوە، كە دەبێتە هۆی فشار و زەبری دەرونی.
دوێنێ سێشەممە دوای كۆتاییهاتنی یەكەمین دانیشتنی دادگایی سەبارەت بەو كەیسە، دادگا بڕیاریداوە دانیشتنی داهاتو بخاتە یەکی مانگی نیسان و مانەوەی دانا لە ژێر چاودێری پۆلیسدا دادوەری لێکۆڵینەوە دانای بە تاوانباری ئەو کەیسە راگەیاند.
دادوەر وتویەتی، "لە بەرامبەر ئەو بوێریەت لە دانپێدانانتدا بە كوشتنی هاوسەرەكەت، بە تاوانبار دادەنرێیت و دەبێت لە دانیشتنی داهاتودا سزایەكی گونجاوت بەرامبەر تاوانەكەت پێبدرێت".
دوێنێ سێشەممە، دوای ئەوەی ئاڤان-ی تەمەن 32 ساڵ كە دایكی چوار كوڕە لە نێوان تەمەنەكانی 4 بۆ 11 ساڵدا، بەردەست نەبوە بۆ بردنەوەی منداڵەكانی لە قوتابخانەوە بۆ ماڵەوە، پۆلیس سەردانی ماڵەكەیانی كردوە و تەرمی ئاڤانی بە كوژراوی دۆزیوەتەوە.
بهروار: 15/02/2019
753 جار خوێندراوهتهوه
|