20 ساڵ بەسەر دەستگیرگردنی عەبدوڵا ئۆجەلاندا تێپەڕدەبێت
زیاتر لە پێنج ساڵە رێگە نەدراوە خێزانەكەی چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت
20 ساڵ بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەدا، تێپەر دەبێت و زیاتر لە پێنج ساڵیشە، رێگە نەدراوە خێزان و پارێزەرەكانی لە دورگەی ئیمراڵی و لە زیندان چاویان پێی بكەوێت، ئەمەش وای كردوە لەلایەن لایەنگرانی ئەو پارەتەوە، چەندین چالاكیی بۆ شكاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان بەڕێوە بچێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە 4 نیسانی 1949 لە گوندی ئامارای سەر بە شاری روحای باكوری كوردستان لەدایك بووە و خوێندنی سەرەتایی هەر لەو گوندە تەواو كردووە و لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیاش، قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی تەواو كردوە.
لە ساڵی 1969 وەك كارمەندی حكومی لە شاری ئامەدی باكوردی كوردستان، دەستی بەكار كردوە و بەردەوامبوە لەكارەكەی تا ساڵی 1971 و دواتر چوەتە ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی لەوێ درێژە بە خوێندنەكەی بدات و بچێتە زانكۆ.
لە ئەنكەر ئاشنایی لەگەڵ پارتە چەپ و ماركسی و لینینیەكان پەیدادەكات و كاری سیاسیییان لەگەڵ دەكات لە 7ی نیسانی 1970 دا حكومەتی توركیا بۆ ماوەی 7 مانگ زیندانیی دەكات.
لە ساڵی 1978 و لە لەگەڵ چەند هاورێیەكیدا پارتی كرێكارانی كوردستان دادەمەزرێنێ . لە گوندێكی نزیكی شاری ئامەد یەكەمین كۆنگرەی PKK دەبەستێت و پاشان بەفەرمی پارتەكەی رادەگەیەنێت.
توركیا فشاری زۆر دەخاتە سەر ئۆجەلان و ئەویش بەناچاری توركیا لە ساڵی 1979 جێدەهێڵێت و روودەكاتە لوبنان و لەوێ كاری سیاسی و پشتیوانی بۆ پارتەكەی پەیدا كرد و سەئەنجام لە ساڵی 1982 لە لوبنان كۆنگرەی دوەمی پارتی كرێكرانی كوردستانی بەست و بریاریدا بگەرێتەوە بۆ توركیا.
PKKدوای گەرانەوەی بۆ توركیا لە 15ی ئابی 1984 یەكەمین شەڕی چەكداری لەگەڵ توركیا راگەیاند لە ناوچەكانی شەمزینان, لە دوای ئەوەوە تا ساڵی 1993 پەكەكە 9 جار ئاگربەستی لەگەڵ توركیا راگەیاندوە بەڵام حكومەتی توركیا پابەندی ئاگربەستەكە نەبووە.
ئۆجەلان بۆ ئەوەی شەری سوریا و توركیا روونەدات، روو دەكاتە یۆنان، بەڵام ئەو وڵاتە رێگە بە مانەوەی نادات بەرەو روسیا دەروات ، روسیاش رێگەبەمانەوەی ناداو پاشان دەچێتە ئیتاڵیا و دواتریش دەچێتە كینیاو لەماڵی باڵوێزی یۆنان دەمێنێتەوە و دواتر بە هاوكاری ئەمریكا و یۆنان و توركیا و ئیسرائیل و چەند دەزگایەكی سیخوری، رەوانەی فرۆكەخانەی كینیا دەكرێت و لە ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی دەزگا سیخوریەكاندا لە 15ی شوباتی 1999 لە فرۆكەخانەكە دەستبەسەر دەكرێت و رادەستی حكومەتی توركیا دەكرێتەوە.
نەورۆزی ساڵی 2013 لە زیندانەوە پەیامێكی ئاراستەی حكومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستانی كردو تێیدا ئاگربەستی راگەیاند و توركیای ناچار بە دانوستان كرد لەگەڵَ پەكەكەدا و پرۆسەی ئاشتی بۆ توركیا راگەیاند پەكەكە و توركیاش قبوڵیان كرد.
ئەنكەرە راستەوخۆ كەوتە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولا ئۆجەلان و وەك نیاز پاكیش پەكەكە دەست بە جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئاشتی كرد و چەند گروپێك چەكداریی گەریلا، چەكەكانیان رادەستی حكومەت كرد و گەرانەوە باكوری كوردستان.
هەر لەو چوار چٍێوەیەشدا، حكومەتی توركیا ناچار كرا دان بە چەند مافێكی كوردا بنرێت و لەپەرلەمانەوە چەند یاسایەك پەسەند كرا.
لە 5ی نیسانی 2015ەوە رێگە نەدراوە هیچ شاندێك یاخود ئەندامێكی خێزانەكەی ئۆجەلان بچنە ئیمراڵی وچاویان بە ئۆجەلان بكەوێت ، پارەێزەرەكانیشی 789 جار داوای بینینی ئۆجەلانیان كردوە، بەڵام رەتكراوەتەوە.
رێگری لە بینینی ئۆجەلان تائێستە، بەردەوامە و لایەنگرانی ئەو پارتەش لەچالاكی جۆراوجۆردان بۆ ئەوەی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بشكێنن و هەر لەو چوارچێوەیەشدا، ئەندام پەرلەمانێكی كورد، 100 رۆژە مانی لە خواردن كردووە بۆ ئەوەی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیردرێت.
کەی ئێن ئێن
بهروار: 15/02/2019
891 جار خوێندراوهتهوه
|